نا پیشەیی رۆژنامەنووسی
2019-09-28 17:56:22
ئهنوهر حسێن بازگر
لەهەرێمی کوردستان نزیکەی (15,000) هەزار کەس رۆژنامەنووسن یان بەخۆیان دەڵێن رۆژنامەنوس، یان ناسنامەی سەندیکا یان کەناڵێکی لەگیرفاندایە، بۆ دانیشتوانی هەرێمێک کە (6,200,000) ملیۆن کەسە.
لەهەرێمی کوردستان تاساڵی 2014 (1200) کەناڵی راگەیاندنی (چاپکراو، بینراو، بیستراو) هەبوە، لەناویاندا (894) ڕۆژنامە و گۆڤار هەبوون کەمۆڵەتی سەندیکایان وەرگرتوە.
(103) تەلەفزیۆنی لۆکاڵی، (32) کەناڵی تەلەفزیۆنی سەتەلایت و (154) رادیۆی لۆکاڵی و گڵۆباڵ لەهەرێمی کوردستان پەخش دەکەن، لەگەڵ زیاتر لە (1000) کەناڵی سۆسیال میدیا، ئەم ژمارە و داتایانە پێماندەڵێت:
یەکەم: هەرێمی کوردستان توشی گرفتی فەوزای میدیا بوە، بگرە هێندە کۆمەڵگای شێواندوە و بووەتە بەشێک لەگرفتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هەندێکجار کێشە و ئاریشەی قوڵی بەدوای خۆییدا هێناوە.
دووەم: لەئێران و تورکیا کە دانیشتوانی (80 – 90) ملیۆن کەسە، (8000) رۆژنامەنوس هەیە، کە هەرێم دوو هێندەی ئەو دوو وڵاتە رۆژنامەنوسی هەیە، کەواتە وادیارە رۆژنامەنوسی لەهەرێمدا کارێکی ئاسانە و شارەزایی، پسپۆری و پرۆفیشناڵی ناوێت و گەر بەر بەو فەوزایە نەگیرێت کارەساتی لێدەکەوێتەوە.
سێیەم: گرفتی سەرەکی ئەو فەوزایە بە دیوێکدا حزبی کوردییە، چونکە فکر، هۆکار، باربۆکردن و پاڵپشتی زۆربەیان هەر حزبە، بە ئامانجی سیاسەتینادروست، بۆیە دەبێت حزب بزانێت، ئەو فەوزایە دوور یان نزیک ناوچاوانی خۆی و هەرێم دەگرێت و گرفتی گەورەی بۆ ساز دەکات.
چوارەم: جگەلە میدیای ناسراو، بەرپرس و واقیعییەکان، ئەوانی تر کارەکتەرەکانیان و سەرچاوە داراییەکانیان دیار نییە، ئامانج و ئارمانیان نەک ڕوون نییە، بەڵکو هەندێکیان گوماناوییە.
پێنجەم: زۆربەی ئەو کەیسانەی لەسەر شەقام ڕوودەدات رۆژنامەنوس براوەیەو دۆراوی کەیسی دادگاکانیش ئەکسەریەتی رۆژنامەنوس و کەناڵی میدیایە، بەهۆی بێ فاکتی، بەڵگە و دۆکیۆمێنتەوە، کە ئەمە دیاردەیەکی ناتەندروستە و تەندروستبوونی ئەوەیە، رێک پێچەوانە دەبێتەوە، کەدەبێت رۆژنامەنوس لەدادگا براوە بێت.
شەشەم: حکومەت، حزب، سەندیکا و کەناڵ لەم فەوزایە بەرپرسن و مەترسی گەورە لەسەر کۆمەڵگە هەیە وەکو ئەو مەترسییەی مادەی هۆشبەر هەیەتی لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان، گەر بەری پێنەگیرێت و کۆنتڕۆڵ نەکرێت، لە ئایندەدا کارەساتی گەورەی لێدەکەوێتەوە و چارەسەریشی زەحمەتە، دیاریشە کە دەڵێم «مەترسی مەبەستم ئەو کوشتنانەیە کە بەهۆی میدیاوە روویداوە، هەروەها ئەو تەنگەژە سیاسییانەی کە بەهۆی میدیاوە بوە، ئەو دەستتێوەردانە دەرەکییانەی لەڕێگای میدیاوە بوە».
حەوتەم: هۆکاری سەرەکی و چارەسەری سەرەکیش، نا پیشەیبوونی رۆژنامەنوسە لەکارەکەیدا، تا ئەم هەڵەیە راست نەکرێتەوە، بارودۆخەکە مەترسیدارتر دەبێت.
ئەو حیکایەتانەی لەناو میدیای کوردی دەیبنین و دەیبیستین سەیر و سەمەرەن.
چەندین جار، کەسێک دەستگیرکراوە گوایە رۆژنامەنوسە و لەسەر کاری رۆژنامەنوسی، بەڵام پاش بەدواداچوون دەردەکەوێت ئەم کەسە کاری سەرەکی پێشمەرگەیە و حزبەکەی لێیدەپێچێتەوە، بۆچی کارێکی کردوە کەدژی حزبەکەیەتی و کار بۆ لایەنێکی تر دەکات، ئاخر چۆن دەکرێت ئەم کەسە رۆژنامەنوس بێت و ئەندامی سەندیکاش بێت؟
کەسێک دەستگیرکراوە لەبازگەیەکی ئاسایش و ناسنامەی سەندیکای داوە، بەڵام کاتێک دەچینە ئاسایش، ئەوان دەڵێن «کاکە خۆ ئێمە لەسەر کاری رۆژنامەنوسی نەمانگرتوە، بەڵکو لەسەر (.........) گرتومانە، کەکارێکی بۆ وڵاتێکی تر کردوەو ئەندامی سەندیکاشە...!!».
کەسێکی تر دەچێتە لای سکرتێری حزبێکی رۆژهەڵاتی بۆ چاوپێکەوتن و پێی دەڵێن «گەر بکرێت خۆت بناسێنی و خەریکی چیت؟»، سکرتێر دەپرسێ؟ تۆ من دەناسی؟ حزبەکەی ئێمە دەناسی؟ بێگومان کە نایناسێت! ئاخر ئەمە کەی رۆژنامەنوسە؟
وڵاتێکی تری دراوسێ داوا دەکات لەڕۆژنامەنوسێک، گۆڤارێک لە هەرێم دەربکات بەپێی ئەجێندایەک کە ئەوان داوای دەکەن، ئەجێندا (یەکەم: ) و ئەجێندای (دووەم: ) لە بەرامبەردا مانگانە ( ) دۆلاری بۆ خەرجبکەن؟!
دەیان نمونەی تر لەبەردەستدان، کە ئایا کایەو کاری رۆژنامەنوسی لەهەرێمی کوردستاندا، بۆتە فەوزا؟ ئایا مایەی مەترسی نییە؟ ئایا خەریک نییە کارەساتی گەورەی لێ دروست ببێت؟ کە دڵنیام چەند سەد رۆژنامەنوسێکی چالاک و ئەکتیڤ و بەپرەنسیپ لەکوردستان کاردەکەن، کەمایەی خۆشحاڵی و سەرکەوتنی پرسی دیموکراسی و ئازادی کاری میدیاو راگەیاندنن و رۆڵیان هەیە لە پرۆسەی گەشەکردنی پانتایی ئازادییەکان و چوونەوە بەگژ ناعەدالەتی و کەموکوڕییەکان، بەڵام هێشتا ئەکسەرییەت ئەوانی ترن و ئەقەلییەت ئەم مۆدێلەی کاری رۆژنامەنوسییە، کەڕەهەندە پۆزەتیڤ و پیشەکەیەتی. .
ئایا حکومەتی هەرێم، سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان، کەناڵەکانی راگەیاندن و حزبەکان بەپلەی یەکەم، لەم مەترسی و گرفتانە بەرپرس نین؟ ئایا کاتی ئەوە نییە کۆنفرانسێکی پیشەیی ببەستریت و خەڵکانی شارەزا بەشدار بن و بڕیاری گرنگ بدرێت و کاری رۆژنامەنوسی بکرێتە پیشە؟