Draw Media

ئەمنە سورەکەو کوردسات دامەخەن

ئەمنە سورەکەو کوردسات دامەخەن

2019-09-27 06:13:54


ئالان بەرزنجی 

سلێمانی هەمیشە و بە درێژایی مێژو پڕی بووە لە جوانی و ناوازەیی، ئەم شارە بە بۆنی شیعرەکانی نالی و گۆران کوچەکانی بۆنخۆشتر بووەو بە هاواری شیعرەکانی شێرکۆ کوڕو کچە ئازاکانی دەست لە ناو دەست سەمای ئازادیان کردووەو چریکەی عوسمان علی و ئیبراهیم خەیات دڵی تینومانی تێر ئاو کردووە، خولەچەخماخەو لانەوازان لە سەردەمی پێشوو ماراسادی سەردەمی ئێستا شوناسی هونەری و گەورەیی  شارن، ئەم شارە پڕ لە جوانیە بە بونی مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنە سورەکەو شاشەی کوردسات و خاک کە هەمو ماڵێکی پڕ دەکرد لە بۆنی نێرگز ڕازاوەتر و جوانتر بوو، کەچی دەیانەوێ بمانبەنەوە بۆ سەردەمی جەهل و نەزانی و پاڵەوانە سۆسیال دیموکراتەکانی ئەم شارە لە بری پشتیوانی دارایی بۆ ئەو دامەزراوە پڕ بەرهەمانە پارەو قوتی خەڵک لە مەراسیمی خێڵ و خێڵ گەرایی خەرج دەکەن، عەجەبا لەم پاڵەوانانە کە شەرم ناکەن بە قات و بۆینباخەوە عەشیرەتەکان زیندو دەکەنەوەو وەسیلەکانی بنیاتی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی بێ موچە دەکەن و جا بە ناچاری پێیان دادەخەن.
مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنە سورەکە
ئەوەی یەکجار گوزەری کردبێت بەو مۆزەخانەیەدا دەزانێ چی گەنجینەیەکی گەورە لە مێژوی پڕ شەرافەتی گەنجەکانی ئەم شارە کە لە پێناو ئازادی هەمواندا تێکۆشاون لەم شوێنە هەیە، جگە لەوەی کە گرنگترین شوێن بو کە بتوانین مێژوی ئەم گەلە ستەم دیدەیە بە نەوەی تازە بناسێنین هەمیشە شوێنێکیش بووە بۆ چالاکیە سیاسی و مەدەنی و هونەریەکانی ئەم شارە، هۆڵ و بەشەکانی هەمیشە جمەی دەهات و پڕ بو لە ژیان و چالاکی و هیوا، چەند گەنجی ئەم شارە بە موچەیەکی کەم و بە کارامەییەکی بێ وێنە پێشوازیان لە خەڵک دەکرد و بەوپەڕی توانایانەوە لە خەمی شارو وڵاتدا بون بەڵام بۆ ئەمان توانای موچە دان نیەو بۆ کڕینی کاسەلێس و دەرباری بەردەرگاکانیان کیسەکانیان کراوەیە.
کوردسات و خاک
بۆ خێزانەکانی ئەم شارە بە منداڵ و گەورەوە ئەم دوو کەناڵە ڕوی ئەوەیان هەبوو تەماشاکەریان بیت و خەمت نەبێت پەروەردەی خێزانی و منداڵەکانت تێکبچێت، هەمو قەرزاری ئەم شاشانەین کە چۆن لە ڕوی فەرهەنگی و ئەدەبی و زانیاری گشتی سودیان پێ گەیاندوین و دڵخۆشیان کردوین، دوو کەناڵ تەواو گونجاو لەگەڵ عورف و دین و ڕەوشتە بەرزەکانی ئەم وڵاتە کە دەبو پەرەیان پێ بدرایەوە باشتربکرایە کەچی دادەخرێن!
خێزان و نزیکەکانی مام بەرپرسیارێتیان لە ئەستۆدایە لە کاتێکدا لە ئیدارەی گشتی حزبەکەیان پارەو دارایی بۆ مەراسیمە بێ ماناکان و پڕ لە کۆنەپەرستیەکان حازر و ئامادەیە بەڵام بۆ کوردسات و مۆزەخانەیەکی نیشتمانی کیسەکە خاڵیە، بەرپرسیارن لەوەی باری لاری ئەم شارە ڕاستبکەنەوە، لانی کەم ئەوەی لە ئێستادا بیکەن کەمکردنەوەی ئیمتیازی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی حزبەکەیانە کە ناتوانن بەردێک بخەنە سەر بەردو دیوارێکی لەم شارە پێ بنیات بنێن، قاچاخچیەکانی دەرمان و چەک و تەقەمەنی و خواردەمەنی ماوە بەسەرچو پشت بەستو بە دەسەڵاتی ئێوە کۆشک و تەلارو لەشکری پاسەوانیان هەیە لوتف بفەرمون لەوانە بپرسنەوە، دەوڵەمەندی ناشەرعی هەڵتۆقیوی ئەم شارە زۆرن کە ماڵ و سامانی بێ شوماریان بە نا یاسایی و نا ئاسایی پێکەوە ناوە ئەمانە بنبڕ بکەن و پارەکەی بگەڕێننەوە بۆ خەڵک و شار و دەزگا مەدەنیەکانی پێ چالاک بکەنەوە، خێڵ و خێڵ گەرایی سود بە ئێوە ناگەیەنێ ئەگەر بە خۆتاندا نەچنەوە و گۆڕانکاری نەکەن سلێمانی دەکەنە دێیەکی گەورەی تاریک و بێ وزەو بێ ژیان و ئێوە ئەو بەرپرسیارێتیە مێژووییە هەڵدەگرن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand