قەبارەی ئابوریو هێزی سیاسی
2019-09-21 11:19:14
د. شێركۆ كرمانج
ئەم نەخشەو داتایانەی کە لەم دوو وێنەیەی هاوپێچکراون دەیانبینین، کە لەلایەن Jeff Desjardins بۆ ماڵپەڕی Visual Capitalist ئامادەکراون، چیمان لە ئێستاو دواڕۆژی ڕۆڵی سیاسی و ئابوری هێزەکانی دنیا پێدەڵێن:
یەکەم، پێش هەموو شتێک تیوری مارکسییە نوێکان بۆ ئابوری جیهانی، کە ناسراو بە World System Theory کە لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردودا لەلایەن Wallerstein داڕێژراوە، دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەو پێیوایە کە یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی گەشەنەکردنی وڵاتانی جیهانی شێوازی داڕشتنی سیستەمی ئابوری جیهانە. ۆڵرستاین دەڵێت سیستەمی جیهانی کە لەلایەن وڵاتانی ناوکی سەرمایەداری لە ئەمریکای باکورو ئەوڕوپا داڕێژراوە ڕێگری لە گەشەی وڵاتانی جیهانی سێیەم دەکات. بەپێی ئەم تیورە وڵاتانی ناوک لە ئەوڕوپا هەر لە پێشەوە دەبنو وڵاتانی پەراویزیش لە ئاسیاو ئەفریقا و ئەمریکای لاتینی هەر لە پەراوێز دەمێننەوە. ئەم خشتەیە کە داتای ساڵی ٢٠١٨ بۆ قەبارەی دە وڵاتە گەورەکەی دنیا لە بواری ئابوری لە خۆ دەگرێت بە زەقی نیشان دەدات کە سێ وڵات لەو وڵاتانەی کە مارکسیە نوێکان پێیانوابوو هەر لە پەراوێز دەمێننەوە ئێستا لە پێشی پێشەوەی ئابورییە گەورەکانی جیهانن، وەک چین کە لە پلەی دووەمەو هیند کە لە پلەی شەشەمەو بەرازیل کە لە پلەی هەشتەمە. تا ئەو ڕادەی من ئاگادارم بم ئابوریناسەکان پێش بینی دەکەن کە لە ٢٠٥٠ چین گەورەترین ئابوری دنیا دەبێتو هیند دێتە پلەی دووەمو ئەمریکا لە یەکەمەوە بۆ سێیەم دادەبەزێت. هاوکات ئەوان پێشبینی ئەوەش دەکەن کە ئەندونیسیا دەچێتە سەر بۆ پلەی چوارەم، ئەمەش هێندەی دیکە تێگەیشتنو تیوری مارکسییە نوێکان بۆ ئابوری جیهان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
دووەم، چەقی ئابوری جیهان لە ڕۆژئاوا، ئەوروپا و ئەمریکا، وا خەریکە بخزێت ئەگەر هەر ئێستا نەخزابێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ئاسیا.
سێیەم، دە دەوڵەتە گەورە ئابورییەکەی جیهان سێ لەسەر چواری ئابوری جیهان پێکدێنن.
چوارەم، ئابوری ئەمریکا کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی ٥٠٪ ئابوری جیهانی پێکدەهێنا ئێستا دابەزیوە بۆ ٢٤٪. بەڵام نابێت ئەوە لەبیر بکەین کە ئەو دابەزینە هێندی پەیوەندی بە هەڵکشانی ئابوری وڵاتانی دیکە هەیە هێندە پەیوەندی بە داکشانی ئابوری ئەمریکاوە نیە.
پێنجەم، ئەم داتایانە ئەوەشمان پێدەڵێت کە هێزی ئابوری هێزی سیاسی بەدوای خۆیدا دێنێت وەک چۆن کە چینو هیند پەنجا ساڵ پێش ئێستا لەو هێزە سیاسیانە هەژمار دەکران کە نەخشیان لەسەر گەمە سیاسیەکان کەمبوو ئێستا نەخشی گرنگیان هەیەو ئەگەری ئەوە هەیە کە لە دواڕۆژ ڕۆڵی زیاتر بگێڕن.
شەشەم، ئەم داتایانە ئەوەشمان پێدەڵێت کە هێزی ئابوری ئەگەر پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆشی نەبێت لەگەڵ ژمارەی دانیشتوان ئەوە پەیوەندییەکی ناڕاستەوخۆی هەیە چونکە ئەو وڵاتانەی کە ژمارەی دانیشتوانیان زۆرە هێزی ئابوریان زیاترە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکە بەتایبەتی ئەگەر ئەوە بەبیر خۆمان بێنینەوە کە پێشبینیەکان پێمان دەڵێن کە لە ٢٠٥٠ چینو هیندو ئەمریکاو ئیندونیسا دەبن بە چوار گەورە ئابوری جیهان.
حەوتەم، ئەوەی ئەو وڵاتانەی پەراوێزی خستۆتە پێشو سەر نەخشەی ئابوری جیهانە دوو شتە یەکەم سیستەمی ئابوری لیبرالیزم (economic liberalism) لەگەڵ بەرنامەی گەشەی دەوڵەت لە پشت (state development program). ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت کە ئەگەر فاکتەری دەرەکی، لێرە مەبەستم ئابوری لیبرالیزمە، یاریدەدەر بووە کەچی ڕۆڵی دەوڵەت بۆ گەشەی ئابوری لە وڵاتانی جیهانی سێ زۆر زۆر گرنگە. گەشەی ئابوری نەک هەر چینو هیندو ئەندونیسا بەڵکو یابانیش پشتڕاستی ئەو تێگەیشتنە دەکەنەوە.
بۆ شەیرو بڵاوکردنەوەیە
بۆ سەرچاوەی داتاکان تەماشای کۆمێنتی یەکەم بکە