وه‌رزی فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كان
2019-09-19 09:31:59
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
كتوپڕ، له ماوه‌یه‌كی پێوانه‌ییدا، ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بووه مه‌یدانی ته‌راتێنی فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كان. هه‌رچه‌ند ئه‌م چه‌كه چه‌كێكی ستراتیجی نییه، به‌ڵام تاقیكردنه‌وه سه‌لماندوویه‌تی كه كاریگه‌ره و زۆر ئه‌ركی سه‌ختی پێ ئه‌نجام ده‌درێ.
دواترین هێرشی فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كان، چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر ئه‌نجامدرا، كاتێك 10 فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان، كتوپڕ بۆمبارانی داموده‌زگاكانی كۆمپانیای نه‌وتی ئارامكۆیان كرد له رۆژهه‌ڵاتی سعودیه. ئه‌م رووداوه له سعودیه وه‌ك بوومه‌له‌رزه وابوو، به‌تایبه‌تی كه حوسییه‌كان لێپرسراوێتییه‌كه‌یان گرته‌ئه‌ستۆ. ئه‌و شوێنه‌ی كه بۆردومان كرا، رۆژانه 7 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌م دێنێ و ئه‌و داموده‌زگایانه‌ی كه وێرانكراون، 70 %ی نه‌وتی به‌رهه‌مهێنراوی ئارامكۆ ده‌پاڵێون. ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه بووه هۆی نیواونیو دابه‌زینی به‌رهه‌می نه‌وتی سعودیه.
مه‌سه‌له‌كه مه‌سه‌له‌ی وێرانكردنی داموده‌زگایه‌كی په‌ترۆڵی نییه. مه‌سه‌له‌كه ئه‌مه‌ی تێپه‌ڕاندووه و ئاماژه‌ی گه‌وره‌ی له‌خۆگرتووه. یه‌كه‌م، ئۆپه‌راسیۆنه‌كه به‌م مانایه دێت كه حوسییه‌كان جه‌نگیان به خه‌ستی گواستۆته‌وه بۆ ناو قوڵایی سعودیه و له‌توانایاندایه گێچه‌ڵی گه‌وره‌تر بۆ سعودیه دروست بكه‌ن. دووه‌م، به‌م ئۆپه‌راسیۆنه حوسییه‌كان له‌وه ده‌رچوون كه وه‌ك گروپێكی لۆكاڵی یاخی ته‌ماشا بكرێن. حوسییه‌كانی چوار ساڵ پاش جه‌نگی یه‌مه‌ن، توانای ئه‌وه‌یان په‌یداكردووه كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر بازاڕی جیهانیی وزه دروست بكه‌ن و ئێستا به به‌كارهێنانی ئه‌م چه‌كه تاكتیكییه، بوونه‌ته ئه‌كته‌رێكی گه‌وره له یارییه‌كه‌دا. دیاره ئیماراتییه‌كان ژیرتر بوون، چونكه هه‌ر كه حوسییه‌كان هه‌ڕه‌شه‌ی گواستنه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كه‌یان بۆ ناو ئیمارات كرد، ده‌ستبه‌جێ گۆڕانێكی كتوپڕ به‌سه‌ر سیاسه‌تی ئیماراتدا هات و ئیمارات خێرا خۆی له سعودیه جیاكرده‌وه و رایه‌ڵه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ حوسییه‌كاندا دروستكرد.
مه‌سه‌له‌كه هه‌ر به‌م دوو خاڵه داناكه‌وێ. وێرانكردنی داموده‌زگا نه‌وتییه‌كانی ئارامكۆ نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه كه كه‌موكوڕییه‌كی گه‌وره له سیستمی به‌رگری ئاسمانیی سعودیه‌دا هه‌یه. شوێنه بۆردومانكراوه‌كان نزیكه‌ی 1300 كیلۆمه‌تر له سه‌نعاوه دوورن. ئه‌مه‌ش به‌م مانایه دێت كه فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كانی حوسییه‌كان 1300 كیلۆمه‌تریان له‌ناو خاكی سعودیه بڕیوه، به‌بێ ئه‌وه‌ی سعودییه‌كان هه‌ستی پێ بكه‌ن، جگه له‌وه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه كه سعودییه‌كان كه‌موكوڕییه‌كی زۆریان له‌بواری هه‌واڵگریدا هه‌یه و داموده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانیان كه‌مته‌رخه‌من.
بڵاوبوونه‌وه‌ی فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان له ناوچه‌كه‌دا دیارده‌یه‌كی مه‌ترسیداره و مایه‌ی زیاتر ئاڵۆزكردنی ره‌وشه‌كه‌یه. له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا به‌كارهێنانی ئه‌م چه‌كه زۆر په‌ره‌ی سه‌ند. توركیا له لیبیا دژی هێزه‌كانی جه‌نراڵ حه‌فته‌ر و له هه‌رێمی كوردستان دژی په‌كه‌كه به‌كاریهێناوه. هه‌روه‌ها ئیسرائیل له سوریا و له‌م دواییه‌دا له لوبنان دژی حزبوڵڵا و له عیراق دژی حه‌شدی شه‌عبی به‌كاریهێناوه. وا ئه‌مجاره‌ش حوسییه‌كان دژی فڕۆكه‌خانه و داموده‌زگا په‌ترۆڵییه‌كانی سعودیه به‌كاریانهێناوه.
هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م چه‌كه به‌م خێراییه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كان زۆرتر توانای ئه‌نجامدانی مانۆڕیان هه‌یه و به به‌راورد له‌گه‌ڵ فڕۆكه جه‌نگییه‌كاندا خه‌رجییه‌كی كه‌متریان ده‌وێ، جگه له‌وه‌ی كه بۆ به‌كارهێنه‌ر هیچ زیانی گیانیی لێ ناكه‌وێته‌وه، ئه‌و ته‌كنه‌لۆژیایه‌ش كه له‌م چه‌كه‌دا به‌كارده‌هێنرێ، ئاسانتر ده‌ست ده‌كه‌وێ.
دڵنیابوونی لایه‌نه به‌كارهێنه‌ره‌كان له كارایی ئه‌م چه‌كه، خۆی له‌خۆیدا فاكته‌رێكه بۆ په‌ره‌پێدان و زۆرتر به‌كارهێنانی. ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تێكی زۆرتر بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌ڕه‌خسێنێ.
له ناوچه‌كه‌دا هیچ ده‌وڵه‌تێك به‌قه‌د ئیسرائیل له بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م چه‌كه زیانمه‌ند نابێ. به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م چه‌كه به خه‌رجییه‌كی كه‌م و به ته‌كنه‌لۆژیایه‌كی مامناوه‌نجی، ره‌نگه ببێ به هانده‌ر بۆ به‌ده‌ستهێنانی فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان له‌لایه‌ن حزبوڵڵای لوبنان و بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌له‌ستینه‌وه. له‌مه‌ش خراپتر ئه‌وه‌یه كه رێكخراوه تیرۆریستییه‌كان ده‌ستیان به‌م چه‌كه بگا و له كرده‌وه تیرۆریستییه‌كاندا به‌كاریبهێنن.
ئه‌م شیكردنه‌وه‌یه وێنه‌ی ره‌وشێكی تاریك بۆ ناوچه‌كه ده‌كێشێ، ئه‌گه‌ر هه‌نگاوی كارا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان نه‌نرێ، چونكه به ئاسانی ده‌ستڕاگه‌یشتن به ته‌كنه‌لۆژیای وێرانكردن، ده‌شێ هانده‌ر بێ بۆ قورسكردنی تای ته‌رازووی رێگه‌چاره زبره‌كان، به‌تایبه‌تی كه فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كان له ئاسمانێكی كراوه‌دا له فڕۆكه جه‌نگییه‌كان ده‌ستئاوه‌ڵاترن بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر كێشه‌كانی جوگرافیادا.