باڵەخانەی نەفرەت!
2019-09-19 07:34:47
هادی حەمەرەشید
هەڵواسینی هەموو توڕەییەکانمان لەمەڕ پەرلەمان بە عەلاگەی تەنیا یەك پەرلەمانتاردا کارێکی نابەجێیە، لەوەش زۆر نابەجێتر گەورەکردن و فوتێکردنی ئەم بابەتەیە تا ئەو ئاستەی کە مەگەر تەنیا بەفڕێدانی کارتێکیتری لەو شێوەیەیە لەبیرمان ببرێتەوە و فەیسبووکەوانانیش کۆڵ بدەن لە لاقرتی و سوخرییەکانیان بە شەکرشکاندنی ئەو پەرلەمانتارە!
بەڕاستی ئیجحافێکی گەورەیە دەرحەق بەو پەرلەمانتارە، چونکە ناکرێت لەپەرلەمانێكی بێ بەرهەم و خاڵی لە ماریفەت لەوە زیاتری لێ چاوەڕێ بکرێت!
تەنانەت ڕەنگە منیش ستەم لە پەرلەمان بکەم، چونکە لە بنەڕەتدا تەنیا دەسەڵاتی یاسادانان نیە کە تووشی ئەو داڕوخان و ئیفلیج بوونە بوون، کورد دەمێکە ئەڵێ((وتیان بە حوشتر ملت لارە، وتی: جا کوێم ڕێکە؟!))
ستراتیژی دوو زلحیزبی دەسەڵاتدار نابودکردنی هەموو دامودەزگایەکی فەرمییە، تا خەڵکی شەریف و خاوەن سومعە لە ڕوویان هەڵنەیەت بچنە ناو ئەم دامەزراوانەوە و بیر لە چاککردنیان بکرێت بە ئاستەم!
زیاتر لە ۲۵ساڵ لەمەوبەر (فرانسۆ حەریری) ئەندامی سەرکردایەتی پارتی و پەرلەمانتاری یەکەم خولی هەڵبژاردن، وتی(( ئامادەین لە مەیدانی حەیوانەکە کۆببینەوە، بەڵام لە پەرلەمان کۆنابینەوە!))
باشترین بەرنامەش بۆ ئەو ستراتیژ و نیازە نابەجێیە، کردنی دامودەزگاکانە بە بوئرەی گەندەڵی، دەستکراوەکردنی بەرپرس و سەرۆك و بەڕێوەبەرەکانە تا پەرلەمانتار و وەزیر و ڕەعیەتەکانیان لە خۆشاوی ئیفاد و ڕەفاهیەتدا هەڵکێشن، هەروەك هەوڵدراوە کە بەناوی(ئەتەکێت و هەڵسوکەوتی فەرمیی)ـیەوە کەلتورێکی پڕ لە دەست بڵاویی و بەفیڕۆدان سەردەست بکرێت و مافی مافخوراوان و خەمی گشتیی پشتگوێ و لەبیر ببرێتەوە!
کاتێك پەرلەمانتاران و وەزیران; وەك یەك ئۆتۆمبێلی گرانبەها و شوقەی ڕاقییان وەرگرت و ئیفادی چەور کران، پۆشاکی دەگمەن و کێبەرکێی شیك پۆشییان کرد، بە هەمووشیان پێکڕا موغازەلەی سەرۆکی حکومەتیان کرد و خۆیان پێ موچەخۆری ئەو بوو، ئەرێ چاوەڕێی چی لە تاك تاکیان ئەکەیت؟!
ئەمە بۆ زۆرینەی ڕەهای نوێنەرانیشمان لە بەغدا ڕاستە، ئێمە هەزاران کێشەی جدییمان هەیە، ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەران لە واشنگتۆنەوە دەستی کردووەتە ملی خزمێکی و سێڵڤییەکی بۆ چرکاندووین، یەکێکیتر دوێنێ شەو لە ئەڵمانیاوە لە ستادیۆمی دۆرتمۆندەوە ملپێچێکی یاری نێوان (بارسا و دۆرتمۆند)ی لە مل کردووە و لەنزیکەوە لە میسی و هاوڕێکانی ئەڕوانێت، بە گەنجانی ئەم وڵاتە ئەڵێت ئێوە کە گرفتی گواستنەوەی یارییەکانتان هەیە و لەژێر چەندین ناودا ئامێری ئێچ دی و دیجیتاڵتان پێ ئەفرۆشن، بۆ خۆم وەك بچم بۆ کافتریای سەر کۆڵانەکەمان، ئەچمە ئەڵمانیا و موعەزەز و موکەڕەم کام یارییەم بوێت تەماشای ئەکەم!
یەکێکیتر تەجمیلی لوت و ئەویتر قژڕوواندنەوە، ئەسڵەن هەیانە زیاتر لە دە تەجمیلی ئەنجامداوە!
ئەم جۆرە خۆش ژیان و جیاواز و باڵا ژیانە(لەسەر حسابی خەڵك) هێزی مەعنەویەتی دەزگاکەیانی کوشتووە، ئەوان بۆ خۆیان بۆیان هەیە حەزیان لەچیە داوای بکەن((فِيهَا مَا تَشْتَهِيهِ الْأَنفُسُ وَتَلَذُّ الْأَعْيُنُ)) بەهەشتێکە بۆ خۆی، بەڵام ئەی دەنگدەرانی؟! ئەی لە بنەڕەتدا مەبادیئـ و بنەما ئەخلاقییەکانی بۆ کوێ هەڵفڕی؟!
ڕەنگە زۆربەی خەڵکی کوردستان درکیان بەم بابەتە کردبێت، بەڵام ئەوەی گرنگە چۆن بتوانین ئەم خوێنبەربوونی "دووبارەبوونەوەی مێژوو"ەی خۆمان ڕاگرین و بە خەڵکی کوردستان بڵێین لەدەرەوەی ئەم وێنەیە، وێنەیەکیتر هەیە، ئەتوانێت لەناو ئەم کەوتنی ماسك و دەمامکەدا بڵێ هەموو مرۆڤەکان خاوەنی دەموچاوێکی ساختە نین!
مرۆڤێك کە ئەفسونی باڵەخانەی پەرلەمان و هیچ باڵەخانەیەکیتر فریوی نادات!