Draw Media

كێشه‌ی هه‌رێم به‌غدا له‌ كوێدایه‌؟

كێشه‌ی هه‌رێم به‌غدا له‌ كوێدایه‌؟

2019-09-18 10:47:46


د.كامەران مەنتك

ساویلكه‌ییه‌ وا تێبگه‌ین كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا په‌یوه‌ندی به‌ مه‌سه‌له‌ی ته‌سلیمكردن و ته‌سلینه‌كردنی نه‌وته‌وه‌ هه‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا كێشه‌یه‌كی قووڵه‌و ته‌مه‌نی له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌، هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی نه‌وت و به‌ستنه‌وه‌ی به‌ مه‌سه‌له‌ی بۆجه‌، ته‌نیا هه‌وڵێكه‌ بۆ فریودانی رای گشتی خه‌ڵكی كوردستان و نادیده‌گرتنی كێشه‌ قووڵه‌كانه‌، كه‌ ره‌هه‌ندێكی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌و به‌غدا ناتوانێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و مه‌نزوومه‌ هه‌رێمیه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كورد بكات. چه‌نده‌ی دۆخه‌كه‌ له‌سه‌رئاستی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی ئاڵۆزه‌، هێنده‌ش زیاتر له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ، هێزه‌كانی كوردستان متمانه‌ی خه‌ڵكیان له‌ ده‌ستداوه‌، له‌ ناوه‌خۆش متمانه‌یان به‌ یه‌كتر نه‌ماوه‌. 

ئه‌مه‌ش شتێكی ئاساییه‌ دوای ئه‌و مێژووه‌ ناشیرینه‌ی له‌ نێوانیان هه‌یه‌. پارتی ده‌یه‌وێت كێشه‌كان به‌ له‌سه‌رسك راكێشانی خه‌ڵكی كوردستان چاره‌سه‌ر بكات و دادو فیگانی برسیه‌تی و نانبڕاوكردنی خه‌ڵكی كوردستان وه‌ك ئامڕازێكی سیاسی به‌كاربێنێت، یه‌كێتی پێی وایه‌ پڕۆسه‌ی 16 ئۆكتۆبه‌ری هێشتا ته‌واو نه‌كردووه‌و هه‌میشه‌ به‌غدای وه‌ك هێڵی سه‌ره‌كی هێشتۆته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی شه‌ڕی پارتی پێبكات. گۆڕان و پارته‌كانی تری ئۆپۆزسیۆن، رۆڵێكی زۆر خراپیان بینی له‌ تێكشكاندنی ئیراده‌ی ئۆپۆزسیۆن بوون و خه‌ڵكیان خسته‌ بێ ئومێدیه‌كی گه‌وره‌وه‌. 

به‌رامبه‌ر ئه‌م لاوازییه‌ی ناوه‌خۆی كوردستان، گۆڕانكاری هه‌رێمی مه‌ترسیدار رووده‌دات، كه‌ ناكرێت بۆ خوێندنه‌وه‌ی دۆخی هه‌رێمی كوردستان و مه‌سه‌له‌ی كورد به‌ گشتی به‌ هه‌ندی وه‌رنه‌گرین. عێراق به‌هێزبۆته‌وه‌و له‌سه‌ر هێڵه‌ هه‌رێمیه‌كان و به‌سه‌نته‌ركردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات كارده‌كات. سوریا خه‌ریكه‌ ده‌سه‌ڵاتی بۆ سه‌ر ناوچه‌یه‌كی زۆری وڵاته‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ی ئه‌دلب ته‌واو بێت سوپای سوریا راسته‌وخۆ رووبه‌رووی رۆژئاوای كوردستان ده‌بێته‌وه‌. 

له‌مه‌شدا روسیا پاڵپشتی ده‌كات و وه‌ك لێدانی پێگه‌یه‌كی ئه‌مریكا له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ته‌ماشای ده‌كات، یاخود ده‌یه‌وێت وای ببینێت بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌روه‌ری سوریاو ده‌وڵه‌ته‌ هه‌رێمیه‌كانی تر، كه‌ له‌دوای روخانی سۆڤیه‌ته‌وه‌ كاڵ ببووه‌وه‌. روسیا پێی وایه لێدانی ئه‌زموونی رۆژئاوای كوردستان‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و ته‌واو ده‌بێت. 

توركیا ناوچه‌یه‌كی زۆری له‌ پشتێنه‌ی سنووری هه‌رێمی كوردستانی داگیر كردووه‌، خه‌ریكه‌ هێزه‌ كوردیه‌كان داخنێته‌ نێو بازنه‌ی خۆی و حكومه‌تی عێراقه‌وه‌، به‌ پله‌ی یه‌كه‌م پارتی دیموكراتی كوردستان خه‌ریكه‌ به‌ ته‌واوی ئابڵووقه‌ ده‌درێت و تۆڵه‌‌ی ریفراندۆمی لێده‌كرێته‌وه‌. له‌و دۆخه‌ ئاڵۆزه‌دا هه‌ولێر نه‌ك 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت بگره‌ هه‌موو نه‌وتی كوردستانیش ته‌سلیمی به‌غدا بكات كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر نابێت و به‌غدا مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی تێكدانی دۆخی هه‌رێمی كوردستانه‌، كه‌ له‌مه‌دا توركیاو ئێران و سوریاش له‌رووی سیاسیه‌وه‌ یارمه‌تی ده‌ده‌ن و ئه‌م ستراتیژیه‌ته‌ش ته‌نانه‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی به‌غدایه‌!. بۆیه‌ دۆخی كوردستان زۆر له‌وه‌ مه‌ترسیدارتره‌ وه‌ك میدیاو رۆشنبیرو خوێنده‌واره‌كانی كورد باسی ده‌كه‌ن و بچووكیان كردۆته‌وه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی نه‌وت و بۆجه‌و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand