کێ لە هەڕەشەکان دەمانپارێزێ
2019-09-17 21:48:13
كەمال چۆمانی
١- سعودیە ساڵی 2018 نزیکەی 68 ملیار $ی لە بەرگریی سەرفکرد. دوای ئەمریکا و چاینا گەورەترین بودجەیە. تڕامپ پێناچێ بیەوێ هێرشبکاتە سەر ئێران، شەڕ لەپێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی خزمەتی ناکا. پڕۆکسییەکانی ئێران تا ئێستا نەبونەتە هەڕەشەی جدیی لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا...٢- سعودیە دەزانێ شەڕ ماڵوێرانییە، دو هێرشی موشەکیی ئێران بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان بەتەواوی ئابوریی ئەو وڵاتە دەڕوخێنن. سعودیە بەو هەمو بودجە زەبەلاحەوە نەیتوانیوە کێڵگەکانی نەوتی بپارێزێت کە رۆحی ئابوریی ئەو وڵاتەن. بە هەمان شێوە، حکومەتی هەرێم بودجەیەکی زۆری لە پێشمەرگە سەرفکردوە
٣- فەندی نێودەوڵەتیی و پشتیوانیی زۆریش کراون، کەچی هێزێکە هێشتا نەبۆتە میلیشیایەکی بەهێزیش چ جای ئەوەی نیشتیمانیی بێ، لە جینۆسایدی ئێزدییەکانیش دەرکەوت ئەو هێزە ناتوانێت پارێزەری هیچ هەڕەشەیەکی جدیی بێت. نە بودجەی زەبەلاح، نە رێتەریکی بێتام، ناتوانن سوپای نیشتمانیی دروستبکەن.
٤- سوپا پێویستیی بە گوتارێک/ئایدیۆلۆژیایەکی نیشتیمانیی هەیە کە لەسەری پەروەردە بکرێت و بزانێت بۆچی چەکی هەڵگرتوە. دەبێت سوپا بڕوای بەوە بێت بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوە و خاک دەپارێزێت نەک هی بنەماڵە و حیزبەکان. پێشمەرگە ئەو ئامانجەی دەمێکە لەدەستداوە کە بۆی دروستبوە.٥- بەرپرسانی کوردستان باسی هەڕەشەی جدیی دەکەن، کەچی پێمانناڵێن چۆن روبەڕوی ئەو هەڕەشانە دەبنەوە لەکاتێکدا ئابورییەکەی لەلایەن تورکیاوە هەرکاتێک دەکرێت وێران بکرێت و بۆتە بارمتەیەک، سوپاکەشی لاوازترین و گەندەڵ وەک زۆربەی میلیشیاکانی عێڕاق، بێ هەبونی هیچ پەروەردەیەکی نیشتیمانییشە.
٦- هەر رۆژ عێڕاق لای ئەمریکا و ئەوڕوپا گرنگتر دەبێت، لە ٢٠١٧ەشەوە دوای شکستی ریفراندۆم دەبوایە بەرپرسانی هەرێم بیانزانیبوایە کە هەرێم چیتر هەرێمی دوای ٢٠٠٣ نییە کە ئەمریکا و ئەوڕوپا پشتیوانیی لە رادەبەدەریان دەکرد. ئەمریکاش ناتوانێت بەردەوام بێت لە پشتیوانیکردن بێ ئەنجامی باش.
٧- بەرپرسانی حکومەتی هەرێم نزیکەی سێ ساڵە سەردانی ئەمریکایان نەکردوە، مەگەر بۆ گەشت و گەشتیاریی نەبێت، واتا رونە ئەمریکا وەک جاران هەرێم نابینێت.. لەو دۆخەدا، حکومەتی هەرێم و بەرپرسانی هیچ وەڵامێکیان پێنییە بۆ وڵاتییان کە ئەگەر هەرێم توشی هەڕەشەیەکی تر بویەوە، وەک داعش >>>>
٨- چۆن دەمانپارێزن لەکاتێکدا پێشمەرگە ناکارایە، ئابوریی هەرێمیش لە هەر رۆژێك زیاتر ئەگەری داڕوخانی هەیە بە هۆی قەرزەکان، گەندەڵیی، بەبارمتەبونی لەلایەن تورکیاوە، رێکنەکەوتن لەگەڵ بەغداد و تاک-سەرچاوەیی دارایی هەرێم. حوکمڕانیی باش و سوپای نیشتیمانیی بە عەقڵییەتی خێڵ دروستنابن.