گۆڕان و تروسکایی ئەوسەری تونێڵەکە
2019-09-17 14:13:22
هۆشیار عەبدوڵڵا
هەڵبژاردنی خانەی راپەراندن و سەرپێکەوتنی هەنگاوەکانی خۆ رێکخستنەوە لە ئێستاوە تا سێ مانگی داهاتوو وا دەکا چەند سەرنجێکی پوخت بخەمە ڕو:
یەک:بۆ حزبی سیاسیی زیندوو لە هەمو شتێک گرنگتر روئیا و دونیابینیە ، لە ماوەی رابردودا ئەوەی وایکردوە گۆڕان بێتە دواوە هۆکارەکەی نادیاری و قەلەقی و زۆر جار نەبونی روئیایەکی رون بوە بۆ پرسەکان،بۆ کێشەکان،بۆ چاوەروانیەکانی خەڵک.لێرەوە دەبێ ئامانجی هەمو جوڵە سیاسی و رێکخراوەییەکانیی داهاتوو ؛رۆشنی و نوێکردنەوەی گوتار و دونیابینی بزوتنەوەکە بێت.
دوو:بۆ هەمو رێکخراوێکی سیاسیی مەسەلەی شەرعیەتیی دیموکراسی و دەستوری وەک مەسەلەی ئاو و هەوا وایە بۆ ژیان،نویکردنەوەی شەرعیەتیی دامەزراوەکان لەسەروی هەمویانەوە جڤاتیی نیشیمانیی زەرورەتێکی حەیاتیی و هەنوکەییە بە شێوەیەک کە جارێکی تر بە گوێرەی دەستور رێگە نەدرێت تاکە یەک رۆژ ماوەی کارکردنی دامەزراوەکان درێژبکرێتەوە بەمەش گۆڕان دەتوانێ ببێتە پارتێکی سیاسیی تۆکمە.
سێ: لە وەفاتی نەوشیروان مستەفاوە تا ئێستا گۆڕان و گوتارە سیاسیەکەی دۆخێکی جیوەیی ناجێگیریان وەرگرتوە هەتا ئێستا بە شیوەیەکی رێژەیی ئەو ناجێگیریە بەردەوامە،ئەوەش وایکردوە هەم بەشێکی زۆری دەنگدەر هەم لایەنگر و کادری کارا و هەلسوراوی دیار دوربکەونەوە،جارێکی تر جێگیربونی دۆخی بزوتنەوەکە پەیوەستە بەوەی تا چەند ئەو بزوتنەوەیە دەتوانێ باوەش بۆ هەمو ئەو توانا و دەنگ و رەنگانە بکاتەوە کە بەهەر هۆکارێک هەیە تۆراندونی.
چوار: هیچ شتێک هێندەی هۆشیاری سیاسیی بۆ هەڵسوراوانی گۆڕان گرنگ نیە، هۆشیاری و وەعی سیاسیی لە دیدی مندا لەسەروی دڵسۆزیشەوەیە،چونکە دڵسۆزی نا هۆشیارانە زیانی لە سود زیاترە،زۆر زەرورە هەلسوراوی گۆڕان بە کەم رازی نەبێت،هەنگاوی ئاسایی نەکاتە دەسکەوت ، کلتوری رەخنە و هەلسەنگاندن لە فکریدا هەبێت نەک ستایش و پیاهەڵدان.
پێنج: ئەوەی بۆ گۆڕان سەرمایەیەکی مەعنەوی گەورەیە و دەبێ شانازی پێوە بکا دەستوری ئێستای بزوتنەوەکەیە کە وایکردوە بزوتنەوەیەکی فەرشیی و ئاسۆیی نەک ستونیی و مەرکەزیی دروست ببێت،وایکردوە دامەزراوەکانی بە تەنیشت یەکەوە بجوڵێن نەک لەسەر و خواری یەک ، وایکردوە هەڵبژاردنی پۆستەکان و گۆرین لە پەیکەری رێکخراوەییدا لە رێکخەرەوە بۆ خوارەوە ئاسایی و ئاسان بێت ، گۆڕان دەستورێکی هەیە کە رێگە نادا هیچ کەس خاوەنی دو پۆست و دو ئەرکی حزبی و حکومی یا پەرلەمانی بێت لە یەک کاتدا ، دەستگرتن بە رۆحی ئەو دەستورە و جێبەجێکردنی وەک خۆی تا دەبێتە دەستورێکی تەواو بەرجەستە و قاڵبو وە رێگرتن لەوەی دەسکاری بکرێ یا بشێوێنرێت ئەرکێکی ئێجگار گرنگ و هەستیارە.
شەش: ئەوانەی نیگەرانن لە بزوتنەوەکە بەتایبەت ئەوانەی بەهۆکاری شەخصی نا بەڵکو لە ئەدائو جوڵەی بزوتنەوەکە نیگەرانن چارەسەر وازهێنان نیە لە گۆڕان ، چارەسەر مانەوە و هەوڵی گۆڕانکاریە هەرچەندە سەختیش بێت،من بە هەمو ئەوانە ناڵێم هیوادارم لە دەرەوەی گۆڕان خەونی گۆڕانکاری ون نەکەن بەڵکو پێیان دەڵیم لەناو بزوتنەوەکە خەونی گۆڕانکاری ون مەکەن چونکە گۆڕان خۆی پێویستی جدی بە گۆڕینە ، ئەوەش راستیەکە هەموان دانی پێدادەنێن ، وازهێنان بژاردە ئاسانەکەیە بژاردە قورسەکە مانەوە و جەنگانە لەپێناو ئامانجە باڵاکانی گۆڕان.