وەهمی بەپاڵەوانكردن راگرن
2019-09-17 11:03:30
سهركهوت شهمس
لەدوای شكستی ئۆپۆزسیۆنی تەقلیدی، بەتایبەتی لە دوای مەرگی كاك نەوشیروان، وە لەدوای بە كۆمیدیكردن و "قەشمەركردنی" سیاسەت و ئۆپۆزسیۆن بوون لە لایەن سەرۆكی "نەوەی نوێ،" و كەوتنی ماسكەكانی و ئامێتەبونی لەگەڵ یەكێتی، وە بەیعەت دان و سەرەگرتنی ئەوانیتریش بۆ دیداری بارزانی باوك(پیاوێك كە ئەبوو ئێستا لەزیندان بێت بۆ ئەو فەزاحەتەی بە ناوی ریفراندۆم كردی)، رۆشبیر و میدیاكارانی نزیك لە ئۆپۆزسیۆنی پێشو بێ دەرەتان ودۆش داماون و بەدوای فریادرەسێك دا ئەگەرێن تا بیكەن بە گژ پارتیدا. كارەساتە كوڕانی تاڵەبانی بە فریاد رەس بزانی.
بەڵام ئەبێ ئەو هاوڕێیان بزانن ئەوان خراونەتە ناو هەڵمەتێكی ساختەی بە پاڵەوانكردن و دروستكردنی فریاد رەسی وەهمی.
جارێ یەكێتی بەرپرسە لە تەواوی ئەم تاڵانكاری و سیاسەتی ئیحتیكاری بەسەر نەوت و كەرتی وزە و بازار و بازرگانی دەرمان و جگەرە، چ بە هاوبەشیكردن لەگەڵ پارتی (وەك تێپەراندنی یاسای نەوت و غاز، وەك درێژكردنەوەی وادەی سەۆكایەتی هەرێم)، چ بە پاشكۆبونی پارتی، بە تایبەت لە دوای دروستبونی گۆڕان (سازشكردن و ملدان بۆ تاكرەوییەكانی مەسعود بارزانی لە رابردوو، بە رازیبون بە ریفراندۆمە شومەكەی بارزانی لە كەركوك، بە تەسلیمكردنی سەروەت و سامانی سلێمانی بە پارتی و وشككردنی سلێمانی)، پاشان بەو پاشاگەردانیەی لە سلێمانی دروستیان كردوە كە هەر تەپۆڵكەیەك و ناوچەكە مافیایەك حوكمی ئەكات، لەم لاش سەرانە لەكۆمپانیا و بازرگانەكانە رەسەنەكانی شار وەردەگرن ناچار بە چۆڵكرنی شاریان ئەكەن.
هەموو ئەمانە یەكێتی، لەسەروی هەموی ماڵی تاڵەبانی، لێی بەرپرسن، ئیتر واز بێنن لە دروستكردنی پاڵەوانی وەهمی گوایە كورێكی تاڵەبانی بەنیازە لەگەڵ بەغداد رێبكەوێت، كە جگە لە هاش و هوش خۆ پاڵەوانكردن هیچی تر نیە. ئەمانە چەندە توانیان لە كەركوك دۆخەكە كۆنترۆڵ بكەن، هێندەش لە سلێمانی ئەتوانن ئەوەبكەن.
چەندە توانیان كەركوك بپارێزن لە سەركێشی و هەڵەكانی بارزانی بەناوی ریفرندۆم و دواتریش لە نەعرەتی میلیشیاكان هەر ئەوەندەش ئەتوانن لە بەغداد كاریگەر ببن.
ئەم كەمپینەی ماڵی تاڵەبانی بۆ دروستكردنی وەهمی فریاد رەس تەواو ساختە و بێ بەرهەمە و پێویستە میدیاكاران وریابن
ئەگەر یەكێتی چارەسەرێكی هەیە بۆ ناچێ لەرێگەی جێگری سەرۆكی حكومەتەكەی بیكات، یان ئەو هەموو وەزیرە لە كابینەیەی بارزانی كوڕ ئیشیان چیە؟
تاكە رێگە چارە كاركردنە بۆ بەهێزكردنی بەرەی نارازی و ئۆپۆزسیۆنی جەماوەری و زاڵكردنی دیدی رەخنەگرانە لەسەر دەسەڵات لەبەرامبەر كەمپینی چەواشەی بارزانی كوڕ وەهمەكانی بنەماڵە و دارودەستەكانیان لە دەرەوەی دەسەڵات. ئۆپۆزسیۆنی مەدەنی و دیدی رەخنەگرانە بنەمای دروستبونی ئۆپۆزسیۆنێكی رەسەن و بەهێزە، بۆیە تكایە مەكەونە تەڵەی پاڵەوانە وەهمی و ساختەكانەوە و هێندەی تریش ئەو خەڵكە بێ هیوا مەكەن، چونكە نەوەیەكی خوێندەوار و خاوەن دید و جیهانبینی فراوان بەرێوەیە كە راگرتنی ئەستەمە.