Draw Media

پارتی و بیرۆكه‌ی دروستكردنی ئه‌نجومه‌نێكی سیاسی

پارتی و بیرۆكه‌ی دروستكردنی ئه‌نجومه‌نێكی سیاسی

2019-09-16 14:16:21


دانا مەنمی 

پارتی له‌ ناو پۆشاكێكی سیاسی دا به‌ تموحی سیاسییه‌وه‌ ڕوانینێكی خێڵه‌كییانه‌ی هه‌یه‌ بۆ سیاسه‌ت و به‌ڕێوه‌بردن و حوكمڕانی وڵات ، ئامانجی پارتی له‌ ناو سیاسه‌ت دا به‌رهه‌مهێنانی مرۆڤی تێكشكاو و كۆیله‌ و گوێڕایه‌ڵه‌، كه‌ سه‌ره‌نجام كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پاسیڤ و به‌كاربه‌ر درووست ده‌كات، كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك به‌رهه‌م ده‌هێنێت، كه‌ به‌رهه‌مهێن نه‌بێت و هه‌میشه‌ تاكه‌كانی چاوییان له‌ ده‌ستی كوێخا سیاسییه‌كانی بێت، بۆ ئه‌وه‌ی بژین ، له‌م دۆخه‌شدا ئه‌وه‌ی زیانی به‌رده‌كه‌وێت، مرۆڤه‌ وه‌ك كائینێكی بیركه‌ره‌وه‌، جڤاته‌ وه‌ك گشت، فه‌زای گشتییه‌ وه‌ك شوێنێك بۆ پرسیاركردن ،باس و خواسی دروستكردنی ئه‌نجومه‌نێكی سیاسی بۆ مه‌سعود به‌رزانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و خه‌ڵكی كوردستانی سه‌رقاڵ كردووه‌ به‌ خۆیه‌وه‌ ،هه‌رچی خه‌ڵكی كوردستانه‌ ترسیان هه‌یه‌ كه‌ جارێكی تر به‌هۆی دروستكردنی دیوه‌خانێكی تری سیاسی داتاشینی پۆستێك بۆ مه‌سعود به‌رزانی دۆخی سیاسی هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌و بن بێته‌وه‌ ، ئه‌گه‌ریشی هه‌یه‌ هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێم بكات به‌ ژێره‌وه‌و له‌سه‌روی هه‌موو یاساو رێسایه‌كه‌وه‌ بێت .

پارتی خاوه‌نی بیرۆكه‌ی دروستكردنی ئه‌نجومه‌نێكی سیاسی ناشه‌رعی و نایاسایی یه‌و ده‌یه‌ویت له‌ رێگه‌ی لایه‌نه‌كانی كوردستانه‌وه‌ پرۆژه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ بێنێته‌وه‌ به‌رباس ولایه‌نه‌كان ته‌كلیف له‌ مه‌سعود به‌رزانی بكه‌ن بۆ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ، له‌ ئێستادا یه‌كێتی بەرەو بەستنی چوارەمین کۆنگرەی دەچێ ،كۆنگره‌ی یه‌كێتی پڕه‌ له‌ ململانێ و ئاراسته‌كانی ناو یه‌كێتی مێژوی هاوبه‌ش خڕیكردونه‌ته‌وه‌ نه‌ك بیرو باوەڕ و بەرژەوەندی هاوبەش ، كه‌واته‌ یه‌كێتی به‌ پرسی كۆنگره‌ی چواره‌مه‌وه‌ سه‌رقاڵه‌و پێناچێت بۆچوونی فه‌رمی له‌باره‌ی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌وه‌ هه‌بێـت ، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش بیرۆكه‌ی له‌مجۆره‌ ڕه‌تده‌كاته‌وه‌و له‌ خولی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستانیشدا شه‌رعیه‌تی نه‌داوه‌ به‌ كۆبونه‌وه‌ی پارته‌ سیاسییه‌كان و ئه‌نجومه‌نی باڵای ریفراندۆم كه‌ مه‌سعود به‌رزانی سه‌رپه‌رشتی ده‌كرد .

كۆمه‌ڵی ئیسلامی بیرۆكه‌ی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ ره‌ت ده‌كاته‌وه‌و پێیان وایه‌ قه‌یرانێكی دیكه‌ به‌هۆی دروستكردنی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ به‌رۆكی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێت ، یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌ نێوان سه‌لاحه‌دین به‌هادین ئه‌مینداری یه‌كگرتوو هادی عه‌لی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیدا بۆچوونی جیاوازیان هه‌یه‌ ، ئه‌مینداری یه‌كگرتوو بیرۆكه‌كه‌ی پێ باشه‌و هادی عه‌لی یش به‌ ده‌نگی ئه‌مریكی گوتووه‌ " پێویسته‌ ئه‌و دامه‌زراوه‌ ده‌ستورییانه‌ی كه‌ هه‌ن له‌هه‌رێمی كوردستاندا ببنه‌ مه‌رجه‌ع و به‌هێز بكرێن، پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نێك بۆ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان به‌ پێیوست نازانین".

پارتی ده‌یه‌وێت هه‌رچۆنێك بووه‌ ده‌یه‌وێت پۆستێك بۆ مه‌سعود به‌رزانی دابتاشێت و له‌ سه‌رووی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێك و یاسایه‌ك و دامه‌زراوه‌یه‌كه‌وه‌ دایبنێت ، ئه‌م بیرۆكه‌و نه‌خشه‌ڕێگایه‌ی پارتی بۆ مه‌سعود به‌رزانی له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی دیموكراسیه‌ت و دونیای جیهانگیری وعه‌لمانیه‌ت ویاساو ڕێسای مۆدێرندا یه‌كناگرێته‌وه‌ ، ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ی پارتی له‌ بازنه‌ی خێڵ و بنه‌ماڵه‌چێتی دا ده‌خولێته‌وه‌وده‌یه‌وێت چاره‌نوسی كۆمه‌ڵگای كوردی به‌ده‌ست مه‌سعود به‌رزانیه‌وه‌ بێـت و بێ ئەوەی گوێ لەبۆچونی هاونیشتیمانیان بگیرێت ، مه‌سعود به‌رزانی ئه‌گه‌ر مه‌رجه‌عیش بیت ته‌نها له‌ ناو حیزب و بنه‌ماڵه‌كه‌ی خۆیدا مه‌رجه‌عه‌ ، مه‌رجه‌عبوون بۆ كۆمه‌ڵگا یاسا و رێساو عورفی خۆی هه‌یه‌ ، ئه‌وه‌ گه‌ل بڕیارده‌دات كێ مه‌رجه‌عی بێت .

پارتی له‌ بری ئه‌وه‌ی بیر له‌ دروستكردنی دیوه‌خانێكی سیاسی بۆ مه‌سعود به‌رزانی بكاته‌وه‌ ،پێویسته‌ كار بۆ چاكسازی دارایی و سیاسی و ئه‌منی بكه‌ن،كه‌ له‌ ماوه‌ی پروپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستاندا به‌ڵێنیان به‌ ده‌نگده‌رانیان دا كه‌ كوردستانێكی به‌ هێز! بنیات بنێن ،كوردستانێكی به‌هێز له‌ ڕێگه‌ی بوونی دامه‌زراوه‌یه‌كی به‌هێزی یاسادانان جێبه‌جێ ده‌كرێت كه‌ كۆمه‌ڵێك دۆسییه‌ی یاسایی هه‌ڵواسراو وه‌ك ده‌ستوری هه‌رێم ، یاسایی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ، چاكسازی مووچه‌ و خانه‌نشینی پله‌ باڵاكان، به‌هێزكردنی لامه‌ركه‌زییه‌تی پارێزگاكان، چاودێریكردنی داهات و خه‌رجییه‌كانی هه‌رێم ، كاری جدییان له‌ باره‌وه‌ بكرێت ،له‌ هه‌مووان گرنگتر كوردستانێكی به‌هێز! پێویستی به‌ دروستكردنی په‌رله‌مانێكی به‌ هێز‌ه‌ .


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand