کوردو ھەڵبژاردنی پارێزگای کەرکوک!
2019-09-15 20:10:31
موئمین زەڵمی
مانگی نیسانی ساڵی داھاتوو ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەدەچێتو لەئێستاشەوە کورد چاوی لەسەر ئەنجامی ھەڵبژادنەکانی ئەو پارێزگایانەیە کەدەکەونە سنوری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم بەتایبەت کەرکوک، لەم سەروبەندەدا وەڵامی دوو پرسیار گرنگن، ئایا چ جۆرە مامەڵەیەک بۆ کەرکوکییەکان گرنگە؟ کورد چۆن بتوانێت سەنگو قورسایی خۆی بپارێزێت؟
لە دوای ریفراندۆمەوە ئەمە یەکەمین ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگایە لەکەرکوک بەڕێوەدەچێت، بۆیەش بەخوێندنەوەی واقیعەکە رەنگە ئاسانتر بتوانین وەڵامی پرسیارەکان وەربگرینەوە.
لە ماوەی ڕابردوو لەگەڵ نوێنەری بەشێک لەوڵاتانەی کاریگەری سیاسییان لەسەر بارودۆخی عێراق ھەیە دیدارمان ھەبووەو لەگەڵ زۆرینەی حزبە کوردستانییەکانیش بیروڕامان ئاڵوگۆڕ کردووە، لەژێر رۆشنایی ئەو کۆبوونەوەو گفتوگۆیانەشدا دەبێ ئاماژە بەوە بکەم کەدیموگرافیای کەرکوک گۆڕانکاری بەسەرداھاتووە، بەگوێڕەی راپۆرتی گفتوگۆکان نزیکەی ٤٠٠ ھەزار کوردی دانیشتووی کەرکوک ئەو شارەیان جێھێشتووە و لەشارەکانیتری ھەرێمی کوردستان نیشتەجێن، لەبەرامبەریشدا عەرەب بەپلەی یەکەم و تورکمانەکانیش رێژەیەکی بەرچاویان ھاتوونەتە ناو شارەکەوە.
ئەگەر سەرنجێکی کورتی ڕابردووی دیکتاتۆرییەتی عێراق بدەین دەگەینە ئەو بڕوایەی کە تاکە بژاردە بۆکاری سیاسی بەشداری ھەڵبژاردنە و بەگرنگییەوە لەو پرۆسەیە دەڕوانین، بەڵام ئەزموونی ناتاندروستی ساختەکاریش دیسان ھاندەرە کەبڵێین کەگرنگتر لەھەڵبژاردن، بەڕێوەچوونی پرۆسەی ھەڵبژاردنی پاکە کەوانە لەڕابردوو وەربگیردرێتو چیتر سومعەی پرۆسەکە بەھەڵبژاردنی ساختە لەکەدار نەکرێت.
لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کەکەرکوک کوردستانە، پێویستە چاومان لەسەر واقیعی کەرکوک بێت، بۆیەش وەک چۆن لەسەروبەندی بریاری دادگای فیدراڵی عێراق بۆ درێژکردنەوەی کارپێکردن بەمادەی ١٤٠ باسم کرد، تاکە زامنی پاراستنو خزمەتی کەرکوک جێبەجێکردنی بەندەکانی دەستوورە، ئێستاش پێم وایە کەباشترین رێگای مامەڵە لەگەڵ کەرکوک مامەڵەی دەستوورییە و تۆخکردنەوەی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی دانیشتوانی کەرکوکە.
کورد ئەزموونێکی سەرکەوتووی لەگەڵ پێکەوەژیان ھەیەو ھەرێمی کوردستان باشترین نمونەی پێکەوەژیانی نەتەوەو ئایین و کەمایەتییەکانە بۆیەش بەو چاوەو ەو بەو ئەزموونەوە کورد دەتوانێت پێگەیەکی بەھێز بۆ کەرکوک دستەبەر بکات.
دوایی چەندین کۆبوونەوەی ھێزو لایەنەکان خەریکە ڕایەکی گشتی لەسەر پێکھێنانی لیستێکی ھاوبەش بۆ کەرکوک دێتەئاراوە و ئەمەش یەکێکە لەھەنگاوە پێویستەکان کەکورد گرتویەتیەبەرو ئێمە بەچاوی رێزەوە لەو ھەنگاوانە دەڕوانین.
لە لایەکیترەوە باسوخواس لەسەر ئەوەی کەکەرکوکییەکان چیان دەوێت و چی باشە بۆ ئەوان ھاتۆتە ئاراوە، لەگەڵ ئەوەی تێبینی زۆر لەسەر حوکمڕانی پانزە ساڵی رابردووی کەرکوک ھەیە بەڵام ھێشتاش ئەو پرسیارانە بێ وەڵامن کەبۆچی نەتوانراوە خزمەتێکی باشتری کەرکوکییەکان بکرێت بەشێوەیەک کوردو پێکھاتەکانیتری کەرکوکیش ئەو پانزە ساڵە وەک سەردەمی زێڕین سەیربکەنو دڵەڕاوکێی کەمبونەوەی سەنگو قورسایی کورد نەبێتە خەمی ھێزە سیاسییەکان.
پاش ئەم بەرچاوروونیانە بەدڵنیاییەوە کورد خاوەنی قورسایی خۆیەتیو کۆتاییھێنان یان بەلایەنی کەمەوە کەمکردنەوەی ناکۆکی نێوان ھێزو لایەنە سیاسییەکان زامنی پاراستنی دەنگو سەنگی کوردە لەو شارەدا، بۆیەش بەبڕوای ئێمە کورد بەپێکھێنانی لیستێکی نیشتیمانی کەکوردو نەتەوە و پێکھاتەکانیتریش کۆبکاتەوە دەتوانێت ھەم بیسەلمێنیت کەپێکەوەژیانی کەرکوک ستراتیجە و خەمە گەورەکە بۆ چۆنیەتی خزمەتی زیاتری کەرکوکییەکانەو لەولاشەوە پارێزگارییە لەسەنگو دەنگو ڕەنگو قورسایی کورد وەک پێکھاتەی یەکەمو سەرەکی کەرکوک.