هه‌رێم له‌به‌رده‌م قه‌یرانێكی دیكه‌دایه
2019-09-15 07:49:42
سەرتیپ وەیسی كەریم
له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نوێ هه‌مووان بۆچوونیان وابوو، كه كابینه‌ی نوێ له ماوه‌یه‌كی كورتدا كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر ده‌كات، به تایبه‌ت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به بودجه‌و نه‌وته‌وه هه‌یه‌و جارێكی دیكه هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر موچه‌و بودجه‌ی هه‌رێم دروست نابێته‌وه.
له‌و چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردوو، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان شێوازی مامه‌ڵه‌و گفتووگۆو قسه‌كانی له‌باره‌ی دانوستاندنه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا گۆڕیوه‌و خۆی وه‌كو "مه‌زڵوملێكراو " نیشانده‌دات، به‌پێی ئه‌و مه‌رجه پێشوه‌ختانه‌ی كه بۆ دانوستاندن له‌گه‌ڵ به‌غدا دایناوه (ئه‌گه‌ر تاكتیكی دانوستاندن نه‌بێت)،جارێكی دیكه هه‌ردوولا ڕووبه‌رووی قه‌یرانێكی دیكه‌ی سیاسی و ئابووری و دارایی ده‌بنه‌وه.
حكومه‌ت له‌ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی ڕابردوو، دوو كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی كورد له به‌غداو په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامداوه، به‌پێی ئه‌و داتا‌و زانیاری و ستراتیژ‌و به‌رنامانه‌ی بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌غدا خراونه‌ته ڕوو، پێناچێت گه‌یشتنه ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا ئاسان بێت.
حكومه‌تی هه‌رێم له ته‌واوی ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ی له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی ئه‌نجامیداوه، خۆی وه‌كو مه‌زڵوملێكراو نیشانداوه‌و به‌ڕوونی ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه، كه به ته‌واوی ڕاده‌ستكردنی نه‌وتی هه‌رێم به‌غدا كارێكی ئه‌سته‌مه‌و ئه‌و بڕه‌شی كه ده‌یانه‌وێ بیده‌ن به به‌غدا، پێویسته له‌به‌رامبه‌ردا به‌غدا ته‌واوی شایشته داراییه‌كان بدات به هه‌رێم.
هه‌رێم ده‌یه‌وێ رێككه‌وتنێكی سێ ساڵه ئه‌نجامبدات له‌سه‌ر پرسه‌كانی ( نه‌وت و بودجه‌و خاك) به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ ستراتیژ‌و روئیا‌و به‌رنامه‌یه‌كی ڕوونی بۆ ئه‌مه هه‌بێت، یاخود كارتێكی فشاری هه‌بێت، ئه‌م جۆره له مامه‌ڵه‌كردنه ئێستای هه‌رێمی به بۆچوونی زۆرێك له شاره‌زایان قه‌یرانێكی دیكه به‌رۆكی هه‌رێم ده‌گرێت و خه‌ڵكیش له‌وباره‌یه‌وه ترسیان هه‌یه.
له كۆبوونه‌وه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردووی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی كوردستان و نوێنه‌رانی كورد له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باسیانله‌وه‌كردووه، كه هه‌رێم ڕۆژانه توانای به‌رهه‌مهێنانی 550 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ته‌واوی شایسته داراییه‌كانیش له به‌غداوه بنێردرێت نه‌وت ڕاده‌ست ناكه‌ن.
په‌رله‌مانتارانی هه‌رێم و به‌غدا دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌یان، به‌پێی خوێندنه‌وه‌ی خۆیان ره‌شبینن به‌و دۆخه، له دواین كۆبوونه‌وه‌ی مه‌سعود بارزانی و علی باپیریش هه‌مان قسه‌كراوه، بارزانی به ڕوونی باسیله‌وه‌كردووه، كه ده‌بێ موچه‌و بودجه‌ی كورد به ته‌واوی بدرێت ئینجا به‌شێك له نه‌وت ڕاده‌ست ده‌كه‌ن.
هه‌رێمی كوردستان له 25ی حوزه‌یرانه‌وه لیژنه‌ی بۆ دانوستاندن له‌گه‌ڵ به‌غدا دروستكردووه‌و تازه به تازه ده‌یه‌وێ شاند بنیرێت بۆ گفتووگۆكردن له‌سه‌ر پرسی بودجه‌و نه‌وت، له هه‌مانكاتیشدا به‌غداش جۆرێك له ساردی پێوه‌دیاره له دانوستاندن له‌ماوه‌ی ئه‌و دوو مانگه‌دا هیچ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی نه‌كردوه.
حكومه‌ته‌كه‌ی عادل عبدالمهدی فشارێكی زۆری ناوخۆیی و ده‌ره‌كی له‌سه‌ره تاوه‌كو ئه‌وه‌ی ئه‌مساڵ له هه‌رێمی قبوڵیكرد ساڵێكی دیكه قبوڵی نه‌كات، له‌ولاشه‌وه هۆكاره ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان ئاماژه‌ن بۆئه‌وه‌ی، كه دووباره بڕینه‌وه‌ی موچه‌ی كوردستان هه‌روا ئاسان نییه‌و كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر سه‌قامگیری عێراق، ناكرێت جارێكی دیكه كورد په‌راوێزبخرێت، هه‌رچه‌نده ئه‌سته‌میشه نه‌هاتنه پێشه‌وه‌و سازشنه‌كردنی كوردیش وا به ئاسانی له لایه‌ن به‌غداوه قبوڵناكرێت.
ئه‌گه‌رچی هه‌رێمی كوردستان كێشه‌كانی خۆی به‌سه‌ر سێ ته‌وه‌ر دابه‌شكردووه كه نه‌وت و بودجه‌و خاكه، به‌ڵام به‌ستنه‌وه‌ی خاك به كێشه‌ی بودجه هێنده‌ی دیكه رێككه‌وتن دواده‌خات، چونكه كورد به‌هۆی هه‌ڵه‌ی خۆیه‌وه بوو، كه ته‌واوی ناوچه جێناكۆكه‌كانی ڕاده‌ستی به‌غدا كرد، تازه‌ش قسه‌كردن به گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بۆ ئه‌و شوێنانه‌و هه‌مواركردنی یاسایی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان وا ئاسانی نابێت، چونكه له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌غدا له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته له قۆناغی هێرشكردنه‌و كوردیش له به‌رگریكردن.
حكومه‌تی هه‌رێم ڕۆژانه به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ په‌یام بۆ به‌غدا ده‌نێرێت، كه بڕی 80 ملیار دۆلار قه‌رزاره، پێویسته به‌غدا پابه‌ند بێت به گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و قه‌رزه، یاخود لانیكه‌م پێویسته به‌غدا ڕازیبێت به ناردنی شایسته‌داراییه‌كانی هه‌رێم و چاوپۆشیكردن له هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی داهاته نه‌وتی و نا نه‌وتییه‌كان بۆ به‌غدا، ڕوونیشه به‌غدا ئه‌و داواكاریه قبوڵ ناكات.
هێشتا دۆخی هه‌رێمی كوردستان ئاسایی نه‌بۆته‌وه‌و لێكه‌وته‌كانی قه‌یرانی دارایی به‌سه‌ره‌وه مایه‌و بازاریش به ته‌واوی داته‌پیوه‌و ترس و دڵه‌ڕاوكێش هه‌روه‌ك خۆیه‌تی، بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و قه‌یرانه‌و دووركه‌وتنه‌وه له دروستكردنی قه‌یرانێكی دیكه، له‌سه‌ر ده‌ستی حكومه‌تی نوێدایه‌و پێویسته چاوه‌ڕێ بكه‌ین، تاوه‌كو بزانین چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان ده‌كات و جارێكی دیكه فه‌رمانبه‌ران تووشی چاره‌كه موچه نابنه‌وه.