بۆ یەکەم جار: حکایەتی کەوتنی کەرکووک بە هەموو وەردەکاریەکانیەوە
2019-09-14 13:53:06
.عەبدوڵا حەوێز - رۆژنامەنوسی لە BBC
- لە رۆژی شەشی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، لە مەراسیمی هێنانەوەی روفاتی مام جەلال لە ئەڵمانیاوە بۆ سلێمانی، ئەبو مەهدی ئەلموهەندیس بافێل تاڵەبانی دەباتەوە لایەک و لەبارەی داهاتووی کەرکووک قسەی لەگەڵ دەکات و پێی دەڵێت کە دەبێت دەسەڵاتی بەرێوەبەردنی کەرکووک بکەوێتەوە دەست حکومەتی ناوەندی لە بەغدا و بەشێوەیەکی زارەکی و نافەرمی رێک دەکەون
- ئەمە پەیامی قاسم سولێمانی بوو لەرێی ئەبومەهدی موهەندیس بۆ بنەماڵەی تاڵەبانی
- ئەبو مەهدی موهەندیس کەسێکی عەقائیدی ئایدۆلۆژی مەبدەئیە و بە نزیکترین کەسی قاسم سولێمانی دادەنرێت لە عێراق. موهەندیس بە رەچەڵەک بەحرێنیە و باپیری باوکی لە بەحرێنەوە هاتۆتە بەسرا و لەو کاتەوە لەوێ ژیاون و بوون بە عێراقی، موهەندیس خێزانەکەشی هەر بە رەچەڵەک بەحرێنیە
- دوو رۆژ دواتر و لە ٨ی ئۆکتۆبەر بافێڵ دەچێت بۆ بەغدا و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئەوکات حەیدەر عەبادی کۆدەبێتەوە و هەر لەم رۆژە بە ئامادەبوونی عەبادی، بافێل لەگەڵ موهەندیس کە نوێنەرایەتی قاسم سولێمانی دەکرد رێککەوتنەکە بە فەرمی ئیمزا دەکەن
- ئەم دانیشتنەی بافێل و عەبادی شتێکی نوێ نەبوو و ئەوان ماوەیەک بوو پەیوەندی و دانیشتنیان بەیەکەوە هەبوو، ئەم پەیوەندیەش رێک یەک رۆژ دوای بڕیاری مەسعود بارزانی بە ئەنجامدانی ریفراندۆم دروست بوو، واتە رۆژێک دوای ٧ی شەشی ٢٠١٧ کە رۆژی دانیشتنەکەی بارزانی بوو لەگەڵ پارتە سیاسەکانی تر کە تیایدا رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆمیان دیاریکردن و رۆژی دواتر بافێل دەچێتە بەغدا و بە عەبادی رادەگەیەنێت کە بنەماڵەی تاڵەبانی لەگەڵ بڕیارەکەی مەسعود بارزانی نیە بە ئەنجامدانی ریفراندۆم و ئەوان لەگەڵ پچرانی پەیوەندیەکان نین لەگەڵ بەغدا
- ئەوکاتە نە عەبادی و نە بافێڵیش پێیان وانەبوو کە بارزانی بڕیارەکەی بباتە سەر و ریفراندۆم ئەنجام بدات و پێیان وابوو پاڵەپەستۆی ناوخۆیی و ئیقڵیمی ناچاری دەکات کە واز لە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم بهێنێت
- هەر لەم ماوەیەی پێش ریفراندۆم، قاسم سولێمانی چەندین نامەی بۆ بارزانی ناردبوو و پێی راگەیندبوو کە ئەگەر ریفراندۆم بکرێت ئەوا “شەڕ بەرێوەیە”
- بەڵام دوای ئەوەی کە ریفراندۆمەکە ئەنجامدرا و پێش ئەوەی کە موهەندیس لەگەڵ بافێڵ لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی باوکی قسە بکات، عەبادی لە رۆژی ٢٧ی سێپتێمبەر واتە دوو رۆژ دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم لەگەڵ هەریەک لە هادی عامری و ئەبو مەهدی موهەندیس بە جیا کۆدەبێتەوە و پرسیاری ئەوەیان لێدەکات کە ئەگەر هێرشکاتە سەر کەرکووک، ئایا پشتیوانی دەکەن؟ عەبادی دەیزانی کە ئەم دوانە پیاوی قاسم سلێمانین و بەبێ ئەو هیچ هەنگاوێک نانێن، ئەوانیش راستەوخۆ وەڵامیان نەدایەوە و ناوەرۆکی کۆبونەوەکانیان بە سلێمانی دەڵێن و ئەویش بیری لێدەکاتەوە
- دواتر لە رۆژی ١٣ی ئۆکتۆبەر، حەیدەر عەبادی ٤٨ کاتژمێر مۆڵەتی دایە بارزانی بۆ ئەوەی ئەنجامی ریفراندۆم هەڵبوەشێنێتەوە - پێدەچێت ئەم دێدڵاینە لەلایەن قاسم سلێمانیەوە دانرابێت و بە عەبادی گەیەنرابێت
- رۆژێک دواتر لە بەیانی رۆژی ١٤ی ئۆکتۆبەر، قاسم سلێمانی دەچێتە سلێمانی و لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و ئاراس شێخ جەنگی کۆدەبێتەوە و بە گشتی چوارچێوەی ئەو شتانەی بۆ رونکردنەوە کە لەوان داواکراوە کە ئەوەیش ئەوەیە کە ئەگەر سوپای عێراق هاتن بۆ کەرکووک ئەوا ئەو هێزانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندان بکشێنەوە
- بەپێی چەند سەرچاوەیەک، هێرۆ بۆیە بە داواکەی سلێمانی رازی بوو چونکە پێی وابوو ئەو شتە هەرگیز روونادات کە تانکەکانی عێراق روبەرووی پێشمەرگە ببنەوە و قسەکانی سلێمانی زیاتر وەک هەرەشە لێکدایەوە چونکە پێی وابوو نە تاران و نە واشتنۆن و نە ئەنکەراش رێگە بە هێرشێکی لەم شێوەیە نادەن
- لە رۆژی دواتر واتە لە ١٥ی ئۆکتۆبەر، سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی بە ئامادەبوونی بارزانی و هێرۆ لە دۆکان کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی هەرەشەکەکانی عێراق و دێدلاینە ٤٨ کاتژمێرەکەی عێراق
- لە کۆبوونەوەکە هێرۆ وتی کە هێچ رێککەوتنێکیان لەگەڵ عێراق نیە و ئەوان بەهەموو شێوەیەک پشتیوانی لە هەموو رێککەوتنێک دەکەن کە هەردوولا لەسەری رێکبکەون لەگەڵ بەغدا
- هێرۆ هێندە بێگومان بوو کە هەرەشەکانی سلێمانی نابن بە راستی کە تەنانەت کەسێکی وەک مەلا بەختیاریش لە رێککەوتنەکە ئاگادار نەکرابوویەوە
- ئەوەبوو لە دوای کۆبونەوەکە مەلا بەختیار و نێچیرڤان بارزانی بە دڵخۆشی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رایانگەیاند کە کورد نەرمی دەنوێنێت و رۆژی دواتر دەچنە بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ بەغدا و بارزانی بە پێشنیارێکی ئەمریکیەکان رازی بووە بەوەی سوپای عێراق بگەرێتەوە چەند ناوچەیەکی گرنگی کەرکووک و کورد بە ئیدارەی هاوبەشی شارەکە بەپێی رێککەوتنەکەی ئەمریکا رازی بووە
- هەفتەیەک پێش کەوتنی کەرکووک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا برێت مەکگۆرک خەریکی رێککەوتنێک بوو لە نێوان سەرکردایەتی کورد و حکومەتی ناوەندی لەبارەی ناوچە جێناکۆکەکان (پێدەچێت ماکگۆرک ئاگاداری هەوڵەکانی سلێمانی بوبێت و ویستبێتی بەڕەکە لەژێر پێی سلێمانی دەربهێنێت)، ئامانجی مەکگۆرک زیاتر رێککەوتنێک بوو بۆ بەهێزکردنی پێگەی عەبادی کە ئەو کاتە ئەمریکا بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی دەکرد بۆ ئامادەکردنی بۆ هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨، رێککەوتنەکەی ئەمریکا خۆی لە جێگیرکردنی سوپای عێراق دەکرد لە دوو سێ بیرە نەوتی کەرکووک و جێگرکردنیان لە بنکەی کەی١ لەگەڵ هێزێکی پێشمەرگە و هێزێکی بچووکی ئەمریکی
- لە دوای کۆبونەوەکەی دوکان، مەرگۆرک داوای لە عەبادی کرد کە دێدلاینەکەی بۆ ٢٤ کاتژمێری تریش درێژ بکاتەوە بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێک، بەڵام عەبادی بە درێژکردنەوەکە رازی نەبوو و دەوترێت دواتر تەلەفۆنەکەی کوژاندۆتەوە
- دوای ئەوە لە شەوی ١٥/١٦ی ئۆکتۆبەر، فەرماندەیەکی پایە بەرزی پاسداران فەرماندەکانی پێشەوەی پێشمەرگە ئاگادار دەکاتەوە کە سوپای عێراق بەرەو کەرکووک بەرێوەیە و دەچێتە شوێنەکانی ئەوان، هەر جۆرە بەرگریەکیش بکەن ئەوان لەناو دەبرێن
- ئەو کاتە هێرۆ بۆی دەردەکەوێت کە هەرەشەکانی قاسم سلێمانی جددی بوون و رێککەوتنەکەی بافێل لەگەڵ ئەبو مەهدی موهەندیس زۆر لەوە ترسناکتر بووە کە ئەو پێی زانیوە
- لەم کاتانە، کۆسرەت رەسوڵ لە بەرەکانی پێشەوە شەرەکە دەبێت و بریندار دەبێت لەگەڵ کۆمەڵێک لە پێشمەرگەکانی لێواکەی کە روبەرووی بەرەوپێشچوونەکانی سوپای عێراق بوونەوە
- لەم کاتانە بنەماڵەی تاڵەبانی فەرمان بە هێزەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆیان دەکەن کە بکشێنەوە چونکە هەرەشەیەکی جددی هەبوو کە لەناو ببرێن وەک فەرماندەکەی پاسداران پێی راگەیاندبوون
- ئەوە بوو سوپای عێراق شاری کەرکووکی گرت
- لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر ناوچە جێناکۆکەکانی ژێر کۆنترۆڵی پارتیش داروخان و لە بەرەکانی شەر هەڵاتن، ئەمەش شتێک بوو کە سلێمانی خۆیشی پێشبینی نەکردبوو
- دواتر قاسم سلێمانی داوای هێرشکردنە سەر شارۆچکەی پردی دەکات بۆ ئەوەی بزانی رێژەی داروخانی پێشمەرگە تا چ ئاستێکە و ئەبوو سوپای عێراق توانی پردێش بگرێت، لەم کاتە لە دەرەوەی پردێ بەرەو هەولێر کاتێک سوپای عێراق پاڵەسەتۆ دەخاتە سەر پێشمەرگە، ئەوەی بەرگری دەکات پێشمەرگەی پارتی نیە بەڵکو چەکدارانی پارتە کوردیەکان ئێرانن کە بەرگری دەکەن و پێدەچێت ئەوانیش بۆیە بەرگیان کردبێت چونکە ترسیان هەبوو ئەگەر سوپای عێراق زیاتر زیاتر بچێتە پێشەوە ئەوا لەوانەیە رووداوەکانی مانگی حەوفتی ١٩٩٦ دووبارە ببنەوە کە ئەو کاتە لە شارۆچکەی روواندز میلیشاکانی بەدر بە فەرمانی پاسداران هێرش دەکەنە سەر بارەگاکانی پارتە کوردیەکانی ئێران
- دوای سێ کاتژمێر شەرە تەقەی سنوردار، قاسم سلێمانی فرمانی وەستاندنی شەڕ دەدات، پێدەچێت پێی وابوبێت پەیامەکەی گەیاندووە پێویستی بە بەرێوپێشچوونی زیاتر نیە
- دوای ئەوەی سلێمانی چاوی دەخاتە سەر دەروازەی سنوری ئیبراهیم خەلیل لەگەڵ تورکیا کە دەروازەیەکی سنوری یەکجار گرنگە و داهاتێکی گەلێک زۆری بۆ بنەماڵەی بارزانی تێدایە. قاسم سلێمانی پێی وادەبێت کۆنترۆڵکردنی دەروازەیەکی سنوری وەها گرنگ وا دەکات کە دەروازەکە وەک کەرەستەیەک بۆ دانوستانەکانی داهاتووی لەگەڵ تورکیا بەکاربهێنێت
- بەڵام دواتر سلێمانی واز لەم دەروازەیەش دەهێنێت کە بەپێی سەرچاوەیەک هۆکاری دەستبەردانی سلێمانی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل پەیوەندی بە رێککەوتنێکی تورکیا و ئێران هەبووە لە سوریا کە ئەم دەروازەیە بەشێک بووە لە رێککەوتنەکە و بەرامبەر بە وازهێنانی ئێران لەم دەروازەیە تورکیا دەستبەرداری شتێکی تر بووە لە سوریا
- دەبێت ئاماژە بەوە بکەم کە لەگەڵ ئەوەی کۆسرەت رەسوڵ لە هێرشی سوپای عێراق کە بە فەرمانی قاسم سلێمانی هێرشیان کردبوو بریندار بوو، بەڵام دواتر هەر قاسم سلێمانی خۆی فرۆکەیەکی تایبەتی بۆ تەرخان دەکات تا لە رێی فرۆکەخانەی هەولێر بگوازرێتەوە ئەڵمانیا بۆ چارەسەری پزیشکی چونکە سلێمانی دەزانێت چۆن یاریەکە دەکات
- لێرە گرنگە سەیری وێنە گەورەکە بکەین: کێشەی سەرەکی قاسم سلێمانی لەگەڵ ریفراندۆم ئەوە نەبوو کە ئەو دژی کوردە، سلێمانی شەری مانەوەی خۆی دەکات و هێرشی سەر کەرکووک ئەوەندەی پەیوەندی بە نەجەف و قوم هەبووە ئەوەندە پەیوەندی بە هەولێر و سلێمانیەوە نەبوو. سولەیمانی لە ناوخۆی ئێران دوژمنی زۆرە و ماوەی چەندین ساڵ بوو خۆیان بۆ ئەوە خۆشکردبوو کە فەرسەتێک بێنن و گورزێک لە سولەیمانی بەوشێنن، ئەویش بۆ قایمکردنی پێگەکەی پێویستی بە دەسکەوتێکی وەک ئەوەی کەرکووک بوو چونکە ئامانجی سولەیمانی لە هێرشکردنە سەر کەرکووک و لەباربردنی ریفراندۆمەکە شکاندنی پێگە و کەرامەتی ئەمریکا بوو بە پلەی یەکەم کە ئەمەش بە دەستکەوتێکی گرنگ بۆ ئەو هەژمار دەکرێت
- دەبێت ئاماژە بەوەش بکەم کە قاسم سولەیمانی باش ئاگای لە پشتیوانی ئیسرائیل و ئیمارات بوو بۆ ریفراندم بەتایبەت لەرێی لۆبیکردن بۆ ریفراندۆم لە ئەمریکا. مەسرور بارزانی دوو هەفتە پێش دەستینشانکردنی رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم، واتە دوو هەفتە پێش ٧ی شەشی ٢٠١٧ دەچێتە ئەمریکا و دوای گەڕانەوەی بە باوکی رادەگەیەنێت کە هاورێکانمان لە ئەمریکا دەڵێن ئەمریکا نازانێ چی دەوێت بەڵام ئێوە ریفراندۆمەکەتان بکەن و دواتر ئەمریکا کە ئەو کاتە ترامپ ببووە سەرۆک بە ئەمری واقیع رازی دەبێت و پشتیوانی دەکات بەتایبەت چونکە هەریەک لە باڵوێزی ئیسرائیل و ئیمارات بەڵێنی پشتیوانی لۆبیکردنیان دابوو بۆ ریفراندۆم
.
کۆتایی