ساغبوونەوەی یەکێتیی و گۆڕان، بۆ خاوەنەکانیان!
2019-09-13 19:11:12
كامیار سابیر
١- یەکێتیی، هەر لە یەکەم رۆژییەوە کە دامەزراوە، تاڵەبانیی بۆ ویست و ئەجێندای خۆی دایمەزراندووە. ئەوانەی لەگەڵیدا بوون بۆ دامەزراندنەکەی، ئەو دەیان هەزار کەسەی بوون بە قوربانیی لە پێناوی ئەوەی پێیدەگوترا یەکێتیی نیشتمانیی، هەموویان بەکار هێنران. تەنیا خاڵی لاوازی تاڵەبانیی ئەوە بوو، پێیوابوو تەمەن بە بەرییەوە ماوە کە جڵەوی یەکێتیی هەر لای خۆی دەبێت. بە پێچەوانەوە بەهێزتریین سەرکردەی سیاسیی تەواوی ئەو رەوتەیە لە شەستەکانەوە تا ئێستا درێژەی هەیە و تاکە سیاسیی کوردیشە لە کوردستانی عێراقدا تەنگی بە ماڵی بارزانیی هەڵچنییبێت.لە کۆتاییدا بەهۆی ئەو بیزنسە گەورەیەی کوردایەتییەوە، لەگەڵ ماڵی بارزانییدا، شەریکایەتیی کرد و پارە و سامانێکی زۆری خەڵکی کوردستانی لەگەڵ ماڵی بارزانییدا بەسەر کوڕ و خزمەکانی خۆیدا، دابەش کرد.
٢- نە نیگەرانیی دەوێ و نە خۆجاڕسکردنی دەوێت کە دۆخی یەکێتیی بەم شوێنە گەیشتووە. بە پێچەوانەوە، من باوەڕم وایە با یەکێتیی بۆ ماڵی تاڵەبانیی ساغ بێتەوە و پلێتی ئەم صەنعەتەی ناویان ناوە کوردایەتیی، زەقتر بۆ نوخبە عەوامەکانی کورد، دەربکەوێت. لای کەم چل ساڵ توانیتیان چەندیین نەوە بەوە تەفرە بدەن کە مەکتەبی سیاسیی پارتیی( شەستەکان) و یەکێتیی لە حەفتاکانەوە، حیزبی هەموو توێژ و چینەکانی کۆمەڵگەی کوردستانە، بەڵام واقیع ئەوەیە زۆر بە خراپیی، لاسایی پارتیی و ماڵی بارزانیی کردەوە. بۆ ئەم مەبەستەیش، با ماڵی تاڵەبانیی لەسەر جۆکەرێکی وەکو عومەری سەیید عەلیی ( بەرهەم صاڵح) رێک بکەون و بیکەن بە سکرتێری گشتیی، لە شەهوەتی ناوبانگ و شۆهرەتدا نغرۆی بکەن و خۆیشیان کۆنترۆڵی یەکێتیی بکەن و تەصفیە حیساباتی خۆیان لەگەڵ پاشماوەی بڕیاری ناوەند و هەموو ئەوانە بکەن کە بەیعەتیان پێ نادەن و بەیعەت بە پارتیی دەدەن.
٣- بە هەمان شێوەیش، هەرکەس پێیوابێ گۆڕان حیزبێک بوو بۆ گۆڕانکاریی لە هەڕەمی دەسەڵاتی سیاسیی و لە موئەسەسەی کوردایەتییدا، ئەوە یان درۆ لەگەڵ خۆی دەکات، یان بۆ بیزنس و کەسابەتی سیاسیی، درۆ دەکات. نەوشیروان موصطەفا، حیزبی بۆ خۆی دروست کرد، ئەو کەسی لاوازی وەکو عومەری سەیید عەلیی و ئەو خانەی راپەڕاندنەی ئێستای دەویست کە ئیدارەی حیزبەکەی بۆ بکەن تا دەوروتەسلیمی حیزبەکە و صەدان میلیۆن دۆلاری مومتەلەکاتی مەنقولە و غەیر مەنقولە، بۆ کوڕەکانی، بە شێنەیی و بە خشکەیی تێپەڕێنن. کۆمەڵێ گەنجی کۆیلەیش، کۆیلەیی بۆ ئەم قیادەیەی گۆڕان دەکەن، هەموویان فەرمان و ئیرادەی نەوشیروان موصطەفا، حەرف بە حەرف، جێکەوت دەکەن. بۆیە هەر رەخنەگرتنێک لە عومەری سەیید عەلیی، لە خانەی راپەڕاندن و لەو گەنجە سیاسییانەی بەدەوریانەوەن، وەکو لێپرسیینەوە لە گۆلکە( گوێرەکە) سوور دێتە پێشچاو، لە کاتێکدا گاڕانە گەورەکە و جەماوەرە حەماسییەکە، خودی نەوشیروان موصطەفا، ئاراستەی کردوون و پاسەوانیشی بۆ داناون.
٤- کۆمەڵ، یەکگرتوو، بزوتنەوە، نەوەی نوێ و حیزبە چەپەکان...تاد، هەموویان بەم ئاقاری بە بنەماڵییکردنەدا تێدەپەڕن و هەموویان لە زۆنی گەندەڵییەکانی کوردایەتیی و بەرەبابیی، خۆ بە خاوەندارییەتی حیزب، تێپەڕ ناکەن و هەموویان بە شێوازی جیاواز، لاسایی پارتیی دەکەنەوە. بە باوەڕی من باشتریین شتێک ئەوەیە کە پیرۆزبایی لە ماڵی تاڵەبانیی و لە کوڕانی نەوشیروان بکرێ، بۆ ئەوەی باشتر حیزبەکانیان کۆنترۆڵ بکەن و لەسەر خۆیان ساغی بکەنەوە. پیرۆزبایی کۆنگرە و هەڵبژاردنی بەیعەتدانیان لێ بکەن و بەم هەنگاوەیان، بێئومێدییەکی زۆر دەڕەوێتەوە و ئەم بیزنسی پۆپۆلیزمە سیاسییەیش، باشتر دەردەکەوێ و بەرچاوی گەنجان و نەوەی نوێ( گەنجانی ئەم سەردەمە، نەک حیزبی نەوەی نوێ)، رۆشن و رۆشنتر دەبێتەوە. تا موشتەقاتی حیزبەکانی کوردایەتیی، بوونیان هەبێت، ئەم چەتەگەرییە ئابوورییە و ئەم تەقدیسکردنەی ئەم سیمبوڵە وەهمییانە، درێژەی دەبێت