هێرش بۆ سەر رێکخەری گشتی لە پێناو چیدا؟
2019-09-13 11:15:21
د. ئاسۆ مەحمود
لە ماوەی دوساڵی تەمەنی کاک عومەر وەک رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ یەک رۆژیش رەخنە، تەشهیر، تۆمەت بە ئاڕاستەی ئەو زاتە نەوەستاون.
هەر ئەو رۆژەی بوە رێکخەر، ناوزڕاندن وتۆمەت دەستی پێکرد، پاشان لە ژێر ناوی رەخنەدا درێژەیاندا بەو هەڵمەتە لەسەر بنەمای ئەوە کە بزوتنەوەی گۆڕان جیاوازە لە حیزبەکانی تر و نابێت دەرگای رەخنە داخرێت.
بەڵام هەر زو ئەو ماسکە کەوت کە ئامانجەکە خستن و شکاندنی گۆڕانە نەک پێشخستنی، بەسەلمێنەری ئەو راستیە کە ئەو کەسانە بنەو بارگەیان لە گۆڕانەوە گواستەوە بۆ سەنگەری دژ بە گۆڕان.
ئەوانەی هەتا دوێنێ لە هەناوی بزوتنەوەکەدا مەقامیان هەبو، دەستیانکردە دەرکردنی بەیاننامە، دروستکردنی بەرە و دروستکردنی حیزب لە ناو حیزب، ساردکردنەوەی خەڵک لە بەشداری و دەنگدان بە گۆڕان، ناشرینکردنی گۆڕان تا ئاستی جوانکردنی روی دزێوی دەسەڵات.
بە کورتی گۆڕانیان روتکردەوە لەبەرچاوی دۆست و دوژمن، بە شێوەیەک گۆڕان ناشرین کرا کە خەڵک یەکێتی و پارتی بیرچۆوە، هاوڵاتی سارد کرایەوە لە بەشداری سیاسی، بایکۆتی هەڵبژاردن (55٪)ی تێپەڕاند کە زۆرینەی دەنگدەری گۆڕان بو.
ئاخر کە حیزب روتکرایەوە لە نهێنی، کرا بە بوکە سەماکەرە لەبەر چاوی خەڵک، ئیتر حەزی پاڵپشتی خەڵک لە دەست دەدات و دەبێتە گاڵتەجار، ئەوان ئەوەیان دەویست، دەستیان نەپارست و کردیان.
ئەوانەی کە گۆڕانیان روتکردەوە و گەر بێت و گۆڕان و هەمان شت بەرامبەریان بکات، سیاج و ژوری ماڵەکانیان بڕمێنن، ناو ماڵەکانیان ببینن، ئەوکات دەزانن روتکردنەوە یانی چی، دەبێت سەری خۆیان هەڵگرن تا خە ڵک نەیانبینێت.
باشترین پنت بۆ لێدانی حیزبی سیاسی لێدانە لە کەسی یەکەم، لێرەوە هێرشەکان بۆ سەر گۆڕان لە عومەری سەید عەلییەوە دەستپێدەکات.
ئێستا ئەمانە گۆڕانیان بە جێ هێشتوە و بەئاشکرا دەڵێن کە گۆڕان نین، بەڵام چونکە ئامانجەکەیان شکاندنی گۆڕانە، نەوەستاون و بەردەوامن لە تۆمەت و ناوزڕاندن. ئیتر لێرەوە تێدەگەین ئەوەی ئەوانەخەریکن دڵسۆزی و خەمخۆری نییە بۆ گۆڕان، بەڵکو رقێکی شەخسیە. هیچ کەسێک بێ کەمو کورتی نییە، هیچ کەسێکیش بێ هەڵە نییە، هەموشمان ئەوە ئەنجام دەدەین کە بڕوامان پێیەتی.
ئەگەر بڕیاربێت کەسێک هەڵەی گەورەی کردبێت، ئەوە خۆتانن، ئەوە ئێوە بون سیاسەتان لە مامەڵەیەکی پراگماتیکییەوە کردە شەڕە قسە و خۆ گیڤکردنەوە، ئەوە ئێوەبون بەتەمای (expectation) خەڵکتان بە چەشنێک بەرزکردەوە، کە هاوڵاتی سادە بڕوای کردبو گۆڕان شمشێرەکەی علی هەڵدەکێشێت و لە چاو تروکانێکدا دەتوانێت ئەم وڵاتە لە ژێردەستی ئێران و تورکیا دەردەهێنێت و هەمو شتێک بە چەند مانگێک چارە دەکرێت، بێ خەبەر لەوەی نەوشیروان مستەفا هەمو جارێک فەرمویەتی (پرۆسەی گۆڕانکاری پرۆسەیەکی هێمن و لەسەرخۆیەو پێویستە لە هەمو بوارەکاندا ئەنجام بدرێت). ئەوە ئێوەبون واتانکرد خەڵکی دەمەوەر جێی سیاسی هێمن و بە بەرنامە بگرێتەوە، دۆخێک لە کوردستان دروستکرا کە کێ جنێو فرۆش و قسەی بێ گومرگ بکات، ببێتە وەحشی شاشە و ببێتە دەمڕاستی سەرجەم حیزبەکان.
هەر ئەوانەی ئێستا کە هێرش دەکەن، سەردەمی کاک نەوشیروان وەک ئێستا هێرشیان دەکردە سەر رێکخەر.
لە کۆمەڵگایەکی کۆنزێرڤاتیڤی وەک ئێرە، ئێوە دەتانەوێت بڵێن داوێنپاکی گرنگ نییە، بێئاگا لەوەی بێڵ کلینتن لە وڵاتێکی لیبرالی وەک ئەمەریکا لەسەر بونی پەیوەندیەکی ناشەرعی رسوا دەکرێت، ئێوە دەتانەوێت بڵێن سادەی و هەژار ژیانی سەرکردە نەزانییە، بێ ئاگا لەوەی تەنها شتێک کە سەرۆکی ئۆرۆگوا خۆسێ مۆخیکای بە هەمو دنیا ناسان و بۆتە سەربەرزی بۆ وڵاتەکەی، سادەیی و ژیانکردنیەتی وەک هاوڵاتی ئاسایی.
ئێوە دەتانەوێت قوربانیدان شۆڕشگێری بێ ئەرزش بکەن، بێئاگا لەوەی تۆ لەسایەی قوربانی و گیانفیدای هەزارانی وەک سەید عومەر ژیان دەکەن، ئێوە ئەوەندە خوێنساردن کە دۆخی جەستەی سەید عومەر بەبێ توانایی باس دەکەن، بێ ئینسافی لەوەی ئەو سەرکردەیە بۆ تێکۆشان لە پێناو میللەتەکەی بەشێکی جەستەی لەدەست داوە.
ئێوە دەتانەوێت سەید دەستبەرداری بیری نەتەوەیی بێت، نازانن چونکە نەتانناسیوە، ئەو ئێستاش بەدەم ئازاری جەستەی زامداری بۆ کوردایەتی، گۆڕان بەڕێوە دەبات .
ئێستا ئەگەر تاک تاکە سیاسی لە بابەتی سەید عومەر بونی هەبێت، دەتانەوێت ئەوەش بشکێنن.
سەید عمر
سەرکردەیەک
دەست و داوێن پاک
شۆڕشگێر و خۆفیداکەر
ئەمین و سەنگین
سەر راست و راوەستاو
نەزیهو بێ فیز
خەمخۆر و خۆنەویست
لەسەرخۆ و هێمن
لەگەڵ خۆشی، دژ بە ناخۆشی
ژیان دۆست و پارێزەر
هەرکەس دەگەڕێت بە شوێن جنسی خۆیدا
ئێمە لەم چەشنەمان دەوێت، ئێوەش بچن بە شوێنی جنسی خۆتاندا، یەکێک وەک خۆتان بۆ خۆتان پەیدا بکەن، بۆ ئێمە نا.