Draw Media

” مەتری شەش و نیو ” 

” مەتری شەش و نیو ” 

2019-09-12 15:07:44


ئەركان جەوهر   

مەتری شەش و نیو ناونیشانی فیلمێكی درامی كۆمەڵایەتیە و لەلایەن دەرهێنەری بەناوبانگی ئێرانی        ” سەعید ڕۆستایی ” كاری نوسین دەرهێنانی بۆ كراوە و كۆمەڵێك لە ئەكتەر وسینەماكارانی دیاری ئێران كە بریتین لە { پەیمان موعادی ، نەوید محمد زادە ، فەرهاد ئەسلانی ، مازیار سەییدی ، پەریناز ئیزادیار } ڕۆڵی سەرەكی تێدا دەگێڕن . 

چیرۆكی فیلمەكە بەوە دەستپێ دەكات كە تیمێكی پۆلیس لە ژێر سەرپەرشتی سەمەد ” پەیمان موعادی ” زۆر بەچڕی و بەشێوەیەكی توند و بەرنامە بۆ داڕێژراو هەوڵی گرتنی یەكێك لە بارزگانەكانی ماددەی هۆشبەر بەناوی ناسر خاكزاد { نەوید محمد زادە } دەدەن ، دوای هەوڵێكی زۆر لە پرۆسەیەكی هەنگاو بەهەنگاودا و لە ڕێگەی دەسگیرانی پێشوی بەناوی ئیلهام ” پەریناز ئیزادیار ” و لە ئۆپەراسیۆنێكی نهێنی دا و درەنگانێكی شەو هەڵدەكوتنەسەری و لە هۆتێڵێكدا  بە نیمچە مردوویی دەیدۆزنەوە و دەسگیری دەكەن و ڕووبەڕووی دادگای دەكرێتەوە و لەوێشەوە ڕاپێچی مەرگ دەكرێت ، فیلمێك لە سەرەتایەكی تراجیدیەوە بۆ كۆتایەكی تراجیدی تر لەبەردەم خۆیدا ڕاماندەگرێ . 

بەبڕوای من جیا لەوەی فیلمەكە لە ڕووی نمایش و نواندنەوە سەرنجی بینەر بەقوڵی ڕادەكێشێ ، بینەر لە ئاستیدا توشی جۆرێك لە سەرسامی و ئازار  دەبێتەوە ، بەتەنیشت ئەوەشەوە و لەگەڵ پەیامەگشتیەكەی دا كە گەڕانە بەدوای بازرگانی ماددەی هۆشبەردا ، چەند پەیام و ڕەهەندێكی شاراوەی لەگەڵ خۆی هەڵگرتوە ، ئەكرێ لێردا و لە چەند سەرنجێكی كورتدا  بیانخەمەڕوو . 

•- ناسر جیا لەوەی ئەندامی باندێكی گەورە و مەترسی دارە بەسەرۆكایەتی ” ڕەزا یابانی ” هاوكات بازرگانی ماددەی هۆشبەریشە ، لە ئاستەڕوكەشەكەیدا  وەك كەسایەتیەكی  بەهێز دەردەكەوێت بەڵام بەهێزییەكەی زیاتر نیمایشە و بۆ شاردنەوەی كەسایەتیەكی  تێكشكاو  و داڕوخاو و پڕ لە ئازار ،  بەتەنیشت ئەوەشەوە قوربانیە  ، قوربانی دەست سیستەمێكی داخراو خنكێنەرە ، سیستەمێك لە سەرەوە  دادوەرانە و لە ناواخندا نادادوەر و چەوسێنەرە ، بكوژی ئازادی و ژیانە ، بەتەنیشت هەموو ئەمانەشەوە قوربانیەكەی ناسر ڕیشەیەكی قوڵی لەگەڵ هەژاریدا هەیە ، گەر بەدیوێكدا هەژاری پاڵنەربێت بۆ ناوبانگ و دەركەوتنی زۆر كەس  ئەوا بەدیوی ئەودیودا ئەو بارە نالەبارەیە كە كەسایەتی زۆرێك  وێران دەكا و تێكی دەشكێنێ ،  لە بوونێكی ڕەسەنەوە دەیكا بە بوونێكی ناڕەسن و نامۆ ، لەم نێوەندەدا پۆلیس بەدوای ناسر دا و ناسر بەدوای ڕزگاركردنی خێزانەكەیدا  دەبێتە قوربانی . 

 

•- ڕەهەندێكی تری فیلمەكە نیشاندانی ڕژێمی ئێستای ئێرانە وەك ڕزگاركەر و بنەبڕكەری بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر ، لە ڕاستیدا ئەمە نەك بەوشێوەنیە بەڵكو ڕژێمی ئێستای ئێران هۆكاری سەرەكی پشت بڵاو كردنەوەی مادەی هۆشبەرە چ لە ناو خۆ و چ لە دەرەوەی ئێران دا ، عێراق و هەرێم نموونەیەكی زیندوی ئەم دیاردەیەیە ، بازرگانی كردن و بڵاوكردنەوەی ماددەی هۆشبەر چ لە عێراق و چ لە هەرێم گەیشتۆتە ئاستێكی مەترسیدار  كە لە كیمیا بارانێكی هێواش دەچێ ، ئەمە سەرەڕای ئەوەی دەسگیرنەكردنی كەسایەتی ” ڕەزا ژاپۆنی ” ئاماژەیە بۆ درز لە نێو ئەو سیستەمەدا ، درزێك كە هەمیشە لە سیستەمی ئەمنی ئێرندا ئاماددەیی هەیە و بەكراوەیی ماوەتەوە و بە هۆی تێوەگلانی دەیان بەرپرسی ئەمنی باڵا مومكین نیە چارەسەر بكرێ . 

•- پەیامێكی تر كە فیلمەكە بەشاراوەیی لەگەڵ خۆیدا هەڵی گرتووە ، بوونی ڕێكەوتن لەگەڵ پۆلیس و بەكارهێنانی موبایل و حەپ و هاوكات تێكەڵ كردنی بازرگانی مادەی هۆشبەر لەگەڵ قاچاخچی و منداڵ و پیاوكوژدا لەو دیاردە ناشارستانی و نا ئینسانیانەیە كە لە نێو گرتووخانەكانی ئێرادا بوونی هەیە ، ئەمە نەك پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤە بەڵكو سەیركردنی ئینسانە وەك كائینێكی بێنرخ و بێ بەها . 

•- لە كۆتایدا و لە دواساتەكانی ژیانیدا ململانێی ناسر لەگەڵ دادوەر  بۆ ڕزگاركردنی خێزانەكەی كە نەگەڕێنەوە ژیانی پێشوو ، ئەو ژیانەی كە ناسری كردە ئەو كارەكتەرە مەترسیدارەی كە كۆمەڵگەیەك بە ئالودەیی خۆیەوە دەرگیر و گیرۆدەبكات ، بەڵام كاتێك لەسەر زاری پارێزەرەكەیەوە ئەوەی بەرگۆی دەكەوێت گوایە باوكی خوازیارە بگەڕێنەوە ژیانی پێشوو ، ئەم هەواڵە بۆ ناسر هەم مایەی شۆك بوونە هەم گەلێك ئازار بەخشە ،  ئازارێك ژینگەیەك و كوچەیەك بەرهەمی هێناوە جگە لە ناسر تەنها ‌بودا ‌ دەتوانێ لێی تێبگات و چارەسەری بكات 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand