Draw Media

ئەنجومەنی حزبەكان و گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر 

ئەنجومەنی حزبەكان و گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر 

2019-09-11 08:55:13


لەتیف فاتیح فەرەج    
ماوەیەكە لێرەو لەوێ‌ هەندێ‌ كەس باسی ئەنجومەنی حزبەكان و شتی لەو بابەتە دەكەن ، بۆ هەرێمێكی وەك هەرێمی كوردستان كە لە 1991ەوە خۆ بەڕێوەبەری دەكات و لە 1992یشەوە پارلەمان و حكومەتی هەیە ، سەرەڕای هەموو كێشەو شەڕی ناوخۆو خۆخستنە ئامێزی دوژمنان و چەندین جار دۆڕاندنی خاك ، بوونی پارلەمان و حكومەت ، سیمایەكی پارلەمانی دیموكراتی بەخشیوە بە فۆڕمەكە ، هەڵبەت كاتی خۆی تەنانەت دروستكردنی پۆستی سەرۆكی هەرێمیش شتێكی زیادەو بێمانا بوو، ئەو پۆستە ئەوەندەی بووە بە مایەی بە هەدەر دان ، ئەوەندە خزمەتی نەكردووە، قسە كردنی ئێستا لە بارەی ئەنجومەنی حزبەكانەوە جگە لە هەڵپەو كورسی دۆزینەوە بۆ خەڵك و بە هەدەر دانی زیاتری سامانی گشتی هیچی تر نیەو تەنانەت لە تەك ئەو بنەما دیموكراسیانەشدا نایەنەوە كە هەرێم بانگەشەیان بۆ دەكات .
ئەنجومەنی حزبەكان لە دۆخی وەك دۆخی هەرێمی كوردستاندا جگە لەوەی لێدانە لە پایەكانی دیموكراسی و بێنرخكردنی پارلەمان ، هەوڵێكیشە بۆ گەڕانەوە بۆ دواوەو بۆ سەردەمی بەرەی كوردستانی ، كە بون و نەبونی هیچ بایەخێكی ئەو تۆی نیە .
هەرێمی كوردستان بەلای زۆرەوە دەگاتە 5 ملیۆن كەس پارلەمانێكی 111 كەسی هەیە، حكومەت و سەرۆكی هەرێمی خۆی هەیە ، لە پارلەماندا 11 كورسی بۆ پێكهاتەكان دانراوە بەم جۆرە "5 توركمان ، 5 كلدۆئاشور ، 1 ئەرمەن "   زۆربەی كات دەستوەردان لە كورسیەكانیان دەكرێت بۆ بەرژەوەندی لایەك بەو مانایەی ئەوان لە بری نوێنەری پێكهاتەكەبن دەبنە نوێنەری حزبێكی كوردی ، لە گەڵ ئەوەشدا لە سەر ئاستی دنیا مامەڵەیەكی تەندروست لە گەڵ پارلەمانی كوردستان دەكرێت ، دروستكردنی ئەنجومەنی باڵای حزبەكان  دەبێتە جێگرەوەی پارلەمان و ،سەرەڕای ئەوەی كە پارلەمان خۆی كێشەی ئەوەی هەیە زۆرێك لە نوێنەرەكانی لە بری نوێنەری خەڵك بن نوێنەری حزبەكانی خۆیانن، لە راستیدا لە بری بیر كردنەوە لە و ئەنجومەنە دەبوو بیرلەوە بكرایەتەوە پارلەمان بكرێتە ناوەندێكی یاسادانانی ئەكتیف و كارا ، هەرچەند من بڕوام وایە ژمارەی 111كورسی پارلەمان ژمارەیەكی زۆرو قەبەیە و 11كورسیەكەی پێكهاتەكانی تریش هەر ژمارەیەكی زۆرە ، دەكرا لە بری ئەوە هەموو پارلەمانی كوردستان 65 كورسی با ، 60ی كوردو 5ی پێكهاتەكان .
بۆ نمونە ئەنجومەنی نەتەوەیی كوەیت ، 50 ئەندامە ، كۆی دانیشتوانی كوەیت نزیكەی 5 ملیۆن كەسە ،  ژمارەی وەزیرەكان 16 وەزیرەو 6 پارێزگای هەیە ، ئەگەر لە ڕوی بە هەدەر دانی سامانی گشتیەوە بەراورد بكەین ، تێدەگەین هەرێم لە چ دۆخێكدایە نابێت ئەوەشمان بیر بچێت هەرێم هەرێمەو كوەیت دەوڵەتە .
دەكرێت بەراورد بە شوێنی تریش بكەین ، بیرمان نەچێت لە كوەیت حزب نیە ،  هەرچۆنێكە ئەنجومەنی باڵای حزبەكان   گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سفرو جۆرێكە لە پانكردنەوە ، بۆ كێ‌ نازانم .
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand