Draw Media

عاشورا

عاشورا

2019-09-10 15:45:38


د. هەردی مێد  

زۆرمان له‌ خۆدانی شیعه‌كان، قوڕپێوانیان، گریان و لاڵانه‌وه‌یان له‌ رۆژی عاشورادا به‌ كرده‌وه‌‌گه‌لێكی ناعه‌قڵانی، نامه‌ده‌نی و خاڵی له‌ مانا له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ین. به‌ڵام، له‌ راستیدا عاشورا هه‌روا كۆمه‌ڵێ چالاكی بێلۆژیك و بێبنه‌ما نیه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ عاشورا بۆنه‌یه‌كه‌ چه‌نده‌ها وه‌زیفه‌ی گرنگ و جه‌وهه‌ری هه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵه‌ ده‌كه‌ین وابزانین هه‌موویان مه‌زهه‌بین. عاشورا گه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌تدا مه‌زهه‌بییه‌، یان به‌ مه‌زهه‌بیكراوه‌، ئه‌وا وه‌زیفه‌گه‌لێكی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕه‌مزی گرنگی هه‌یه‌ كه‌ به‌ سه‌ریه‌كه‌وه‌ به‌شدارن له‌ به‌تینكردنی جڤاتی شیعه‌ و به‌هێزكردنی ڕایه‌ڵه‌كانی به‌ستنه‌وه‌یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌كانی زمان، ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه‌وه‌.

یه‌كێك له‌ هه‌ڵه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌میشه‌ كرده‌یه‌كی ئاینی ته‌نها له‌ روانگه‌ی ئاینی ده‌خوێنینه‌وه‌، به‌ڵام له‌ راستیدا هیچ كرده‌یه‌كی ئاینی ته‌نها ئاینی نییه‌. بۆنه‌ی عاشورا گه‌ر رۆژێكی مه‌زهه‌بیه‌ بۆ یادكردنه‌وه‌ی <حوسێن>وه‌ك شه‌هید، ئه‌وا ئه‌م بۆنه‌یه‌ كراوه‌ به‌ سه‌رزه‌مینێكش بۆ‌ ده‌ستكه‌وتی ئابوری به‌وه‌ی به‌ هه‌زاره‌ها له‌ بڕواداران سه‌ردانی مه‌زارگاكانیان ده‌كه‌ن و به‌مه‌ش بازاڕه‌كانی ئۆتێل، گواستنه‌وه‌، خواردنخانه‌، تد ده‌بوژێننه‌وه‌ و دینامیكێكی تر به‌ ڕه‌وتی ئابوری ده‌ده‌ن. عاشورا هه‌روه‌ها سه‌روبه‌ندێكی گرنگشه‌ بۆ دروستكردنی سه‌رمایه‌یه‌كی ڕه‌مزی بۆ كۆكردنه‌وه‌ و گرتكردنه‌وه‌ی شیعه‌كان و زیندووكردنه‌وه‌ی خه‌یاڵبه‌ندی شیعه‌ وه‌ك قوربانی. كاركردن له‌ سه‌ر <ناسنامه‌ی قوربانی> له‌ لای شیعه‌كان، كاركردنه‌ له‌ خڕكردنه‌وه‌ی ئه‌مان به‌ ده‌وه‌ری خه‌یاڵی خۆپاراستن و توڵه‌سه‌ندوه‌. له‌ كوردستانی باشور كه‌م له‌ چالاكیه‌ ڕه‌مزیه‌كان و گرنگیان تێده‌گه‌ین. هه‌ر بۆ نمونه‌ كه‌م كه‌س به‌ ئه‌ندازه‌ی ئێمه‌ باسی شه‌هید ده‌كات، كه‌چی تاوه‌كو ئێستا شتێك به‌ <شه‌هیدناسیMartyrology>ه‌وه‌ له‌ لای ئێمه‌ سه‌ر‌یهه‌ڵنه‌داوه‌. تاوه‌كو ئێستا گۆڕستانێك بۆ شه‌هید نییه‌، بۆنه‌یه‌كی گشتی شه‌هید نییه‌، ئه‌لبۆمی شه‌هید نییه‌، تد. هه‌ر بۆیه‌ بۆنه‌یه‌كی وه‌ك عاشورا لای ئێمه‌ ده‌بێت به‌ ساتی سیخۆڕمه‌ و قۆشمه‌ و كۆی لێكه‌وته‌ ڕه‌مزیه‌كانی فه‌رامۆش ده‌كه‌ین

عاشورا بۆنویه‌كی فره‌فۆرم و فره‌وه‌زیفه‌یه‌ و شایسته‌ی بیرلێكردنه‌وه‌یه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand