Draw Media

ئینفۆ ئاڕ ئاڕ، عەریزە و گەندەڵی

ئینفۆ ئاڕ ئاڕ، عەریزە و گەندەڵی

2019-09-10 12:06:01


یەریڤان ئەدهەم    

چۆن داهاتی هاوڵاتیانی هەرێم تاڵان فرۆش دەكرێ! هەموو شتێك دەربارەی ئەو كۆمپانیایە بزانە كە دەیەوێ ١٥ هەزارت لێ بسەنێ بۆ عەریزەیەك!

چەند رۆژێكە لێكۆڵینەوە لە كۆمپانیایەك ئەكەم ناوی ئینفۆ ئاڕ ئاڕە كە بە حساب عەقدێكی هەیە لەگەڵ حكومەتی هەرێم بۆ بە ئەلیكترۆنیكردنی عەریزە و دانانی سەنتەرێكی داتا. ئەمە تا ئێرە كێشە نیە، بەڵام گرنگە بزانین ئەم كۆمپانیایە چیە و چۆن لە دایك بووە، كێ دایمەزراندوە و داهاتی چەندە. سوپاس یاسای وڵاتانی رۆژئاوا، دەتوانیت زانیاریت لە سەر كۆمپانیاكان كە لێرە تۆماركراون دەست بكەوێت.

١- ئەم كۆمپانیا ئەزموونی هیچ نیە و لە ساڵی ٢٠١٦ دامەزراوە

٢- بەرێوەبەری یەكەمی ناوی دەوەن سەروەر عەلی و هاوڵاتی عێراقە لە ساڵی ١٩٨٤ لە دایك بووە.

٣- دوای ئەویش، كەسێكی كە بە ناوی پێشرەو سەدرەدین جونیاد كراوە بە بەرێوەبەر لە ٢٠١٦ لە دایك بووی ١٩٨٣ و هاوڵاتی عێراقە.

٤- لە ٢٠١٧ دا دەوەن واز دەهێنێ.

٥- لە ٢٠١٧ دا، پشكی كۆمپانیە كە دەدرێ بە دوو كەس بە ناوی ئادەم رەشید و شەیما عومەر حەمید كە هەریەك لە سەدا ٥٠ دەخرێتە سەریان و ئادەم رەشید دەبێ بە بەرێوەبەری كۆمپانیاكە.

٦- لە ٢٠١٧ كۆمپانیاكە خاوەنی نزیكەی ٣٧٠٠ دۆلار بووە.

٧- لە ٢٠١٨ دا شەیما عومەر دەكرێ بە بەرێوەبەر.

٨- لە ٢٠١٨ دا كەسێك بە ناوی چۆڵی محەمەد رەشیدە و هاولاتی دورگەیەكی بچوكە لە زەریای هێمن بە ناوی كۆماری ڤاناتو لە نزیك ئوسترالیا دەكێت بە بەرێوەبەر.

٩ - لە مانگی ١١ ی ٢٠١٨ دا، شەیما پشكەكانی نامێنێ لە كۆمپانیاكە و دەخرێتە سەر چۆلی، واتە ئادەم لە سه‌دا ٥٠ و چۆلیش لە سه‌دا ٥٠ی كۆمپانیاكەیان هەیە.

١٠- لە مانگی ١ ی ٢٠١٩، چۆلی واز دەهێنێ لە كۆمپانیاكە.

١١ بە پێی دوا هەژماریان كە تەسلیمی حكومەتی بەریتانیا كراوە، سەروەتی كۆمپانیەكە كە متر لە ١٠ هەزار دۆلارە.

١٢- مانگی ٢ ی ئەمسال وەزارەتی داد گرێبەستی لەگەڵ ئەم كۆمپانیا كرد.

پرسیار ئەوەیە، كۆمپانیەیەك كە بە شێوەیەكی زۆر پێچا و پێچ دروست كراوە و خاوەنی هیچ جۆرە موڵك و سەروەت و پارەیەك نیە، چۆن دەتوانێ داتا سەنتەر دابنێ لە هەموو كوردستان و هەموو فەرمانگەكانی دان نوس ببەستێت بە یەكەوە.

چۆن حكومەت سەیری رابردووی ئەم كۆمپانیەیەی نەكرد، بۆ چاو لێ پۆشی؟

راستیەكەی كە ئەم كۆمپانیایە لە لایەن هاوڵاتیانی هەرێمەوە دروست كراوە و لە بەریتانیا تۆمار كراوە زیاتر بۆ خۆڵ كردنه چاوی خەڵك بووە و بۆ ئەوەی بەرپرسان ئەمەش وەك دەستكەوتێكی گرنگ بفرۆشنەوە بە خەلك و بڵێن لەگەل كۆمپانایی بیانی گرێبەست دەكەین بۆ باشتركردنی خزمەت گوزاری.

بە پێی هەندێك راپۆرت، پێشتر كە بریار بوو ٢٥ هەزار دینار وەربگرن بۆ هەر عەریزەیەك، لە سه‌دا ٨٠ی بۆ كۆمپانیەكە و لە سه‌دا ٢٠ بۆ حكومەت دەبوو. بەڵام دواتر نرزجەكە كەمكرایەوە بۆ ١٠ هەزار.

لە هەموو وڵاتان، فۆرم لە ئینتەرنێت هەیە و هاوڵاتیان دەتوانن بە خۆڕایی پڕی بكەنەوە، زۆر بێ مانایە، بۆ فۆرمێك خەڵك ١٥ هەزار دینار بدات و زۆركەسی كەش بێ كار بكەون.

لە راستیدا ئەگەر كۆمپانیەكە جێگەی متمانە بوایە، رێی تێدەچوو، ئەم مەسەلەیە چارەسەر بكرایە نرخ كەم بكرایەتوە، بەڵام ئەم كۆمپانیایە زۆر گوماناویە و دەكرێ بەشێكی كەمی زنجیرەیەكی گەندەلی بێ لە كوردستان.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand