کابینەکەی مەسرور بارزانی و گرفتەکانی یەکێتی
2019-09-07 19:14:26
ئاسۆ حاجی
باسکردنی ئەوەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان چەند و چۆن دەسەڵاتی ھەیە،پەیوەندی بە کێشە ناوخۆیەکانی یەکێتی و شەڕی باڵەکانی ھەیە بە تایبەتیش وروژاندنی ئەو پرسە لەو دەمەدا کە یەکێتی بڕیارە کۆنگرە ببەستێ و تێیدا چارەنووسی یەکێتی و سەرکردایەتیەکەی یەکلایی بکەنەوە،تا لە سازدانی کۆنگرە نزیک ببینەوە کە چاوەڕوان دەکرێ بەر لە کۆتاییھاتنی ئەوساڵ ببەسرتێ ئەوە شەڕی باڵەکان و لە ناو باڵەکانیش شەڕی کارەکتەرەکان توندتر دەبێ تا رادەی شکاندنی ئێسکی یەکتر.
بارودۆخی ناوخۆیی و ھەرێمایەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵانی رابردوو جۆرێک مامەڵەی تایبەتی نێوان پارتی و یەکێتی پێویست بوو لە راگرتنی دڵی یەکدی و راگرتنی ھاوسەنگی لە دەسەڵاتدا ھەبوو،بەڵام قۆناغی ئێستا پیویستی بە داڕشتنەوەی سەرلەنوێی پەیوەندیەکان و شێوازی بەشداری و ھاوبەشی لە حوکمڕانیدا دیاری بکرێتەوە،ئەوەشیان بۆ دوورکەوتنەوە لە یەکتری نا یان ھەوڵدان بۆ قۆڵبادانی یەکدی و تۆڵەکردنەوە کە ھۆکارەکەی عیناد سیاسی و بەرچاوتەنگی حیزبی بێت،بەڵکو بۆ راستەڕێ کردنی پڕۆسەی حوکمڕانی و قوڵکردنەوەی دیموکراسیەت بێت و لە ھەمووشیان گرنگتر ھەر کەسە و کاری خۆی بکات.
ئەو میدیا و کەسانەی کە پەیوەندی نێوان سەرۆک وەزیران و جێگرەکەی بە ناجێگیر و گرژ وەسف دەکەن زیاتر سەر بە ئامۆزاکەی جێگری سەرۆک وەزیرانن و ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ قوڵتربوونەوەی شەڕی کۆنگرە و جێگرتنەوەی رەوانشاد مام جەلال لە نێوان کوڕەکانی و برازاکانیدا،ھەروەھا ھەوڵدانی ئامۆزاکانی کاک قوبادیش نیشان دەدا لە موخاتەبە کردنی عاتیفەی یەکێتیەکان و ھەوڵدان بۆ بە ئاگاھێنانەوەی ئەو یادەوەریە مێژوویە ناشیرنان کە بەرھەمەکەیان شەڕی ناوخۆ و لێکترازاندنی ناو ماڵی کورد بووە،تەنھا بۆ ئەوەی خۆیان وەک نەیاری سەرسەختی پارتی نیشان بدەن و ئەو پەیامە بگەیەنن کە ئەوانن جێگرەوەی راستەقینەی تاڵەبانی.
ئەو نووسەرانەی لەو بارەیەوە دەنووسن و ئەو دەزگایانەش کە نووسینەکان بڵاو دەکەنەوە لە ئێمە مانان باشتر دەزانن پۆستی سەرۆک وەزیران و پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران جیاوازیان ھەیە ئەوەش بە یاسا ریکخراوە،ھەردوو پۆستەکە تەواوکەری یەکترن و پێکەوە بوونیان لە بڕیاردان و حوکمڕانی پێویست و گرنگە؟ بە دڵنیایەوە وەڵامەکەی بەڵێیە بە تایبەتیش بۆ واقیعی ھەرێمی ئێمە،بەڵام ئەوەیان ھیچ لەو ڕاستیە ناگۆڕێ کە جێگری سەرۆک وەزیران دەتوانێ ئەو سەڵاتانە موماڕەسە بکات کە سەرۆک وەزیران دەیداتێ،ئەوەش نە کەمکردنەوەی لە کەسایەتی و پێگەکەی نە دژایەتی کردنیەتی بەڵکو کارێکی ھەرە ئاسایی و یاساییە و پێویستە لەمەودوا لەگەڵی رابێین.
لە ھەرێمی کوردستان نا بەڵکو لە ناوخۆی بەریتانیا چەند کەس ناوی جێگری سەرۆک وەزیران دەزانن،یان ھەر وڵاتێکی دیکە،بۆ دەبێ لە ھەرێمی کوردستان بەردەوام ناوی سەرۆک وەزیران و جێگرەکەی بەیەکەوە بێ؟ یان دەسەڵات لە نێوانیاندا دابەش دوو بکرێ و ھەرێمی کوردستانیش ھەر بە دوو بەشی بمێنێتەوە!
باشە چەندین ساڵە ھەموومان باسی دەردی کوشندەی دووئیدارەیی و لێکەوتە خراپەکانی ناکەین،باسی جیاوازی ھەبوونی خزمەتگوزاری لە نێوان ھەولێر و سڵێمانی و زۆنی کەسک و زەرد ناکەین، ئەگەر وایە بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەو دابەشکاریە خراپە و ئەو ناعەدالەتیەی لە نێوان شارەکان و خزمەتکردنی ھاوڵاتیان ھەیە دەبێ لە دژی بووەستینەوە،ئەوەش بە کردار دەکرێ نەک بە دروشم و لێدوان بۆ میدیا.
ئەوەی سەرۆک وەزیران و جێگرەکەی دەیکەن ھەنگاونانە بە ئاراستیەکی باش و راست و کار و بڕیارێکی تەندروستە بۆ مسۆگەر کردنی ئایندەیەکی باشتر لە مۆدێلی حوکمڕانی کوردستان،ئەوەش بە پلە یەک خزمەت بە ھاوڵاتیانی ئاسایی دەکات کە بە شێوەیەکی باشرە خزمەتگوزاریان پێبگات و حکومەت بە یەک دەستی بتوانێ باشتر خزمەتیان بکات.