بارەگای بارزانی چییە؟
2019-09-05 19:13:55
هونەر تۆفیق
هەڵەیە پێمان وابێت بارەگای بارزانی پێگەیەكی سیاسی داتاشراوی نوێ و نامۆیە بە دەستەڵاتی سیاسی لەهەرێمی كوردستاندا .
بارەگای بارزانی پۆستێكی شەرعیەت پێدراوە لەلایەن پارلەمانی كوردستانەوە و پێكهاتووە لە ئەنجومەنێكی سیاسی باڵا لەلایەن مەسعود بارزانیەوە سەرۆكایەتی دەكرێت .
ڕۆژی ٧ ی حوزەیرانی ٢٠١٧ لە سەڵاحەدین نوێنەری پارتە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان لەبارەگای بارزانی كۆبوونەوە . چەند بڕیارێكیان دەركرد :
یەكێك لە بڕیارەكان ئەوەبوو ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم دروست بكەن و مەسعود بارزانی ببێت بەسەرۆكی ئەنجومەنەكە . هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا لەپاش دوو ساڵ لە داخستنی پارلەمان ، لەپێناو شەرعیەت وەرگرتن بۆ ئەنجومەنەكە ، پارلەمان كارابكرێتەوە . لە ١٤ ی ئەیلولدا پارلەمان كۆبوونەوە و شەرعیەتیاندا بە ئەنجومەنەكەی بارەگای بارزانی و رۆژی ٢٥ ی ئەیلولیشیان وەك رۆژی ڕیفراندۆم پەسەند كرد .
لەپاش فەشەلی ڕیفراندۆمەكە ، ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم لە بارەگای بارزانی كۆبوونەوە و بڕیاریاندا ناوی ئەنجومەنەكە بە ئیزافە و پێوەلكاندنی عێراقەوە بگۆڕن بۆ سەركردایەتی سیاسی كوردستان - عێراق .
هەفتەیەك لەپاش ئەو ناوگۆڕینە . ئەنجومەنەكە لەبارەگای بارزانی لە ١١ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ دا كۆبوونەوە ، بڕیاریاندا جارێكی تر ناوی ئەنجومەنەكە بگۆڕن بۆ ئەنجومەنی باڵای سیاسی كوردستان و تا ئێستا بەهەمان ناوەوە ماوەتەوە .
مەسعود بارزانی كە لەیەك كاتدا دوو بەرپرسیارێتی هەبوو ، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی كوردستان ( بارەگای بارزانی ) و سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش بوو . لە ١ی نۆڤەمبەری ٢٠١٧ ، وازی لە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم هێنا لەبەر ئەوەی ماوەی چەند ساڵێك بوو ویلایەتەكەی بەسەرچوو بوو . بەڵام لە پۆستەكەی تریان ( ئەنجومەنی باڵای سیاسی كوردستان ) لەبارەگاكەی خۆی مایەوە و تائێستاكەش بەردەوامە لە ڕاپەراندنی ئیشوكارە سیاسیەكانی ئەنجومەنەكەدا .