مه‌لا به‌ختیار چی له‌هه‌گبه‌دایه !
2019-09-05 12:38:25
کاروان عه‌لی شامار
ئنگلیزه‌کان کاتێک دەیانه‌وێ باس لە کەسێک بکه‌ن سەرەتا بە وەصفی کەسەکە دەستپێدەکه‌ن و دواتر ڕەخنەی لێدەگرن، وه‌لێ لەدوای خوێندنەوەو ئاشنابون بە دەیان دێرۆک و کتێبی مێژوی و سیاسی لەسەر شۆرشێ نوێ شتێکی ئەوتۆم بەرچاو نەکەوت کە گوزارە بکا لە مۆراڵی بەرزی شۆرشگێری و دڵسۆزی کاک بەختیار لەبۆ یەکێتی و خوێنی شەھیدان شایەنی گێرانەوە بێ!
کەسێکیش کە زادەی رابردویەکی لەو جۆرە بێ مەحاڵە ببێ به پارێزهرو دڵسۆزی رێبازەکەی مام! لێرەیا بەکورتی باس لە چاره‌نوس و ئه‌و نەنگیانەی مەلا دەکەین کە لە شاخەوە تا دوا ئاکت و جوڵەی سیاسی ئەنجامیداوە، ئەوانەش دەلاقەیەکی گەورەیان لەسەر ئەزمون و سه‌روه‌رییه‌کانی یەکێتی دروستکردووە!
(1)
جیابونەوه (ئنشیقاق)
ھەر لەسەرەتای دامەزراندنی یهکێتیەوە بیروڕای جیاواز بونی هه‌بووە، به‌ڵام سەرباری جیاوازییەکان هه‌رکاتێک مەترسیهک بۆ سه‌ر حیزبەکە دروستبوبێ سەرجەم ناکۆکیه‌کان لەلایەن بالەکانەوە وەلاوەنراون و به کۆده‌نگی روبه‌روی تهحهداکان بونه‌ته‌وه، بەڵام کاک به‌ختیار بهبێگوێدانه مێژو خه‌باتی پڕ سه‌روه‌ری یه‌کێتی و لەپێناو بەرژەوەندی تایبەتی خۆی و داروده‌سته‌که‌یدا ئاڵای شۆرشی له (ی ن ک)جیاکردەوە ئەگەرچی ئەو سەردەمە حیزبه‌که به قۆناغێکی دژوار‌و پڕ مه‌ترسیدا تێپەردهبوو، ئاکامی ئه‌و پەرتکردندەکهش وێرای لاوازکردنی یه‌کێتی شەھیدبوونی دەیان پێشمەرگەی قارەمانی لێکەوتەوە!
(2)
دەستەواژەی ١٦ی ئۆکتۆبەر
ده‌رئەنجامی ریفراندۆمەکەی بارزانی روداوی ١٦ی ئۆکتۆبەری بەدوای خۆیدا ھێنا، لەو روداوەشدا به‌هۆی به‌رگری جوامێرانه‌ی پێشمه‌رگه‌کانی یه‌کێتی زیاتر له پەنجا گیانفیدا شەھیدکران، به‌هۆی زۆری ژماره‌ی هێزه عێراقیه‌کان و ھەبونی باشترین جۆری چه‌ک و که‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی به‌به‌راورد به ھێزی پێشمه‌رگه، نه‌توانرا پێش بەداگیرکاریەکەیان بگیرێ، وەلێ بە حیکمه‌تی چه‌ن سه‌رکرده‌یه‌کی یه‌کێتی توانرا پلانێکی گەورەی پارتی و ئیقلیمی بۆ خاپورکردن و به حهلهبکردنی خاکی کوردستان پوچەڵکرێتەوە، کەچی کاک بەختیار راسته‌وخۆ له‌سه‌روبه‌ندی روداوهکهداو لەبری بەرگری و وه‌فاداری بۆ خوێنی به ناحهقڕژاوی شه‌هیده‌کان، له که‌ناڵی روداوی زمانحاڵی پارتیه‌وه به‌یان نامه‌یه‌کی دژ به یه‌کێتی بڵاوکرده‌وه ته‌نها ئه‌و به‌یاننامه‌یه به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی پارتی سه‌رجه‌م پلان و خیانه‌ته‌کانی خۆی پێ په‌رده‌پۆش بکا! دوابه‌دوای روداوه‌که‌ش لەبری په‌شیمانی کاک به‌ختیار شانازی دەکا بەوەی کە یەکەم کەس بووە دەستەواژەی 16ی ئۆکتۆبه‌ری داھێناوە!
(٣)
رێکەوتنی دەباشان
جێبەجێکردنی رێکه‌وتنی ده‌باشانی نێوان یه‌کێتی و بزوتنه‌وه گۆران نه‌ک ھەر زەروریەتێکی ھەنوکەییە بگره له‌مێژه ده‌بوو ئه‌و دوو هێزه له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکدا موبادەرەی یەکگرتنیان بکردایە، چون دەتوانرا بهنزیکبونهوهی ئه‌و دوو هێزه جارێکی تر هاوسه‌نگی هێز بگه‌ڕیته‌وه‌و دەڤەری سەوز خزمه‌تگوزاری زیاتری بۆ فه‌راهه‌م بکرایەو ئابوری ناوچەکەش لە داتەپین رزگاربکرایه، وەلێ ھەر کات پەیوەندی نێوان ئەو دوو ھێزە ئاسایی بوبێتەوەو لەرێکەوتن نزیکبوبێتنەوە کاک بەختیار بە ئیعازی پارتی و به کونفە یەکونێک ھەموو ریسەکەی کردۆتەوە بەخوری، باشتر بڵیین چاوگی رێکنەکەوتنی ئەو دوو ھێزەو ناجێگیری دۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەلایەتی ده‌ڤه‌ری سه‌وزو گەورەبونی ناسروشتی پارتی لە ئەستۆی مەلا به‌ختیاردایه!
(4)
سەروک کۆمار
لەدوای کۆچی دوایی مام جه‌لال دۆخی ناوخۆی یەکێتی وەک پێویست نەبووەو ھەورازو نشێوی زۆری بەخۆوە بینیوە بەڵام لە دانانی سەرۆک کۆمار‌دا یەکێتی توانی براوەیەکی باشی یارییەکان بێ و سەرکەوتنێکی گەورە لەبەرامبەر پاریتیدا تۆماربکا، ئەم کۆدەنگیەی سەرکردەکان بوو به‌هۆی به‌رزبونه‌وه کێرڤی یەکێتی و تارادەیەکیش توانی ئیعتیباری ناوخۆی نێودەوڵەتیش بەدەستبێنێتەوە، به‌ڵام کاک به‌ختیار جارێکی تر بۆ مه‌رامی تایبه‌تی و رازیکردنی دڵی بارزانی هه‌وڵی ته‌واوی خستبووەگهر بۆ سه‌رخستنی کاندیده‌که‌ی پارتی، ته‌نانه‌ت په‌رله‌مانتارێک بۆی گێرامه‌وه له‌سه‌روبه‌ندی ده‌نگدان به کاندیدی سه‌رۆکایه‌تی کۆمار مه‌لا له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بووه چه‌ن په‌رله‌مانتارێکی یه‌کێتی لە دەنگدان بە (بەرھەم صالح) په‌شیمانکاته‌وه!
(5)
بانگه‌شە دژ بە یه‌کێتی و شەری دەرونی لەگەڵ کادیراندا
لە سەروبەندی بانگه‌شه‌ی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان و بەغدایا کاک بەختیار به‌هۆی پۆسته‌که‌یه‌وه کا کارگێری مه‌کته‌بی سیاسی بوو به‌رزترین پله‌و ده‌سه‌ڵاتی ئۆرگانی نێو حیزبه‌که‌یه ده‌بو بارته‌قای زیاتر له هه‌موو به‌رپرسه‌کانی تر کاری بۆ سه‌رخستنی لیستی سه‌وز بکردایه، به‌ڵام هیچ له ئاست به‌رپرسیارێتیدا نه‌بوو، وه‌هیچ ئاکتێکی پۆزه‌تیڤی نه‌بوو به ئاقاری سه‌رخستنی لیست وکاندیدهکانی حیزبه‌که‌یدا، سه‌رباری ئه‌وه‌ش شایعەی دژ به یه‌کێتی دەکردو لەدەیان کۆرو سمینارهکانیدا به ئاشکرا باسی له که‌مبونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی کورسی و دەنگەکانی یەکێتی ده‌کرد، به‌و جوڵانه‌ش جه‌نگێکی گه‌وره‌ی ده‌رونی به‌رامبه‌ر به لایه‌نگرو کادیرانی یه‌کێتی به‌رپاکردبوو به‌و هۆیه‌شه‌وه ده‌یان خۆبه‌خش و دڵسۆزی له ده‌نگدان به یه‌کێتی په‌شیمان کردبۆوه!
(6)
ئۆرگانی جیاواز و پاره‌ی یه‌کێتی بۆ دژایه‌تی یه‌کێتی
کاک به‌ختیار له ئێستادا پلاتفۆرمی دابڕانی هه‌یه که وه‌ک ئۆرگانێکی جیاواز له‌نێو یه‌کێتیدا کارده‌که‌ن ئه‌مه سه‌رباری خاوه‌ندارێتی رۆژنامه‌و رادیۆ‌و میدیای فه‌رمی و سێبه‌ر، سه‌رجه‌م ئۆرگان و میدیاکانی له‌لایه‌ن ئیداره‌ی گشتیه‌وه مووچه وه‌رده‌گرن و سپۆنسه‌ر ده‌کرێن، له‌بری ئه‌وه‌ی که‌ناڵه‌کانی بڵندگۆبن بۆ ده‌ستخستنه سه‌ر برینه‌کان و چاره‌سه‌ری بابه‌تی گرفته نێوخۆییه‌کانی حیزبه‌که رۆژانه له میدیاکانیه‌وه شه‌ری کۆنه‌قین دژ به کادیرانی یه‌کێتی ده‌کاو هه‌رجاره‌و تێكۆشهرێک ده‌کا به ئامانج. ئەو میتۆدەی ھەنوکە مەلا دژ به یه‌کێتی بەکاریدێنێ نەیارەکانیش بە کاری ناھێنن! مه‌لا له ئێستادا وه‌ک خۆی ده‌ڵێ ماڵگێڕی ماڵی خۆیەتی و له‌هیچ کۆبونه‌وه‌یه‌کی فه‌رمی حیزبه‌که‌یدا بهشدارنابێ به‌ڵام ماڵه‌که‌ی بووه به وه‌کری کۆکردنه‌وه‌ی نه‌یاران و پلان‌داڕێژی دژ به یه‌کێتی و ره‌مزه‌کانی.
(7)
غەدر لە مام
مه‌لا به‌ختیار لەدوا نوسین و که ته‌نها چوار ڕۆژ پێش ئیستا‌و له یادی خیانه‌تی 31ی ئابدا نوسی بوو، ده‌ڵی: (ئێمە لەگەڵ پارتیدا ڕێککەوتووین، کە نە ئێمە باسی سی و یەکی ئابی ئەوان و نە ئەوانیش باسی سەردەمی جەلالی ئێمە بکەن)، مەبەستی مەلا لەبەکارھێنانی ئەو جوملەیەدا تەنھا لەبیربردنەوەو پەردەپۆشکردنی خیانەتەکەیەو بەقەست دەیەوێ خیانەتێکی ھاوشێوە دروستکاو سەرجەم خەباتی مامی تیا بێماھیەت بکا. به‌داخه‌وه لینک و بەرژەوەندی ھاوبەشی کوره‌کانی مام له‌گه‌ڵ مه‌لادا، وایکرد که چاوپۆشی لێبکرێ (له‌سه‌رجه‌م ئه‌و تۆمەت و غەدرانهی که لەھەمبەر نیو سەدە لەخەباتی مامدا کردبوی).
مام نەبوایە مه‌لا ھەرگیز نەدەبوو بەو سیاسیە که ئەمرۆ پێیگەشتووە، ئەمە یەکەمجار نییە کە غەدر لەمام دەکاو جه‌ندین جاری تریش و له جه‌ندین شوێنی جیاجیا بێ ئینصافانە گوزارە له خه‌بات و ماندوبونی مام جه‌لالی کردووە.
(8)
خولاصە، ئه‌وه‌ی مه‌لا ده‌یکاو ئه‌وه‌ی له هه‌گبه‌که‌یدایه به‌هه‌موو پێودانگێک دژایه‌تی یه‌کێتی و له‌که‌دارکردنی تێكۆشهرهکانیهتی، به‌شیکی زۆر له چاودێرانی سیاسی تا ده‌گات به دڵسۆزان و کادیرانی یه‌کێتی یه‌قین بون له‌وه‌ی که مه‌لا هه‌نوکه مه‌رام و ئه‌جندای لایه‌نی سیاسی تر له نێو یه‌کێتیدا جێبه‌جێ ده‌کات و ئه‌مڕۆ نا سبه‌ی پارتێکی سیاسی تر دروست ده‌کات یاخود ده‌ڕواته نێو لایه‌نێکی سیاسی و به‌رده‌وام ده‌بێت له کاری سیاسی! ئاریشـهکان بۆ داھاتوو به‌جێده‌هێڵم تا ئەو کاتەی چاره‌نوسی کاک به‌ختیار به‌لایه‌کیاندا ده‌که‌وێ!