دژ بە ئەنجومەنی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان
2019-09-03 09:45:09
کەمال چۆمانی
دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی لە ١٩٩٢ مەسعود بارزانیی و جەلال تاڵەبانیی نەیانتوانی زۆرینە بەدەستبێنن، دواتریش رێککەوتن لەسەر پەنجا-بە-پەنجا، ئەنجومەنێکی هەشت کەسیی پێکهات بە ناوی ئەنجومەنی سەرۆکایەتیی کە هەشت کەس لە دو لایەنەکە نوێنەرایەتییان دەکرد. نە پارتیی و نە یەکێتیی قبوڵی دیموکراسیی و حوکمی قانونیان نەکرد، ئەنجامەکەی شەڕی ناوخۆ بو.
لە ٢٠١٥ مەسعود بارزانی پارلەمانی داخست. دواتر ئەنجومەنێکی سەرکردایەتیی دروستکرد بۆ ریفراندۆم. ئەنجامەکەی شکستێکی گەورە بو لە مێژوی کوردستاندا. دابەشبون و لەدەستدانی خاک و ماڵوێرانیی بۆ نێوماڵی کورد.
ئێستا دیسان مەسعود بارزانیی دەیەوێت ئەنجومەنێک دروستبکات کە خۆی سەرۆکایەتیی دەکات. لەلایەن دەستوپێوەندەکانیەوە بەردەوامە لە لۆبییکردن بۆ ئەو سەرکردایەتییە. ئەو بەڕێزە سەرەڕای ١٢ ساڵ لە سەرۆکایەتیی هەرێم کە نەیتوانی شتێکی ئەوتۆ بکا لە مێژویدا شانازیی پێوە بکا، سەرەڕای ئەوەی ئێستا کوڕەکەی سەرۆکایەتیی حکومەت دەکات و زاوا و برازاکەشی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات، کەچی هێشتا دەیەوێت دەستەڵاتەکان بخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە. ئەو دەشیەوێت دەستەڵاتەکانی نێچیرڤان بارزانیی بەتەواوی لاواز بکات لە بەرژەوەندیی کوڕەکەی، مەسڕوڕ بارزانیی. کوڕەکەشی بەدڵنیایی ئەوەی دەوێت.
محەمەدی حاجی مەحمود لە دەنگی ئەمریکا دەڵێت هەمو حیزبەکان ئەو ئەنجومەنەیان دەوێت. دیارە قسەشی لەگەڵ کۆسرەت رەسول کردوە کە هەندێک ئەندامی سەرکردایەتییش لەوێ بون. ئایا ئەنجامی ئەو ئەنجومەنە چ شکستێکی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان دەهێنێت؟
حیزبە سیاسییەکانیش پێناچێت دژایەتیی بکەن چونکە ئەوانەی ناویان ئۆپۆزسیۆنە و ئەوانەشی پێشتر ئۆپۆزسیۆن بون سوێیان دەبێتەوە بۆ وەرگرتنی پارچەیەک لە کێکەکە!
ئەرکی هەمو لایەکە دژ بەو ئەنجومە بوەستێتەوە کە ئامانجی کوشتنی دەزگا شەرعیی و دەستورییەکانی هەرێمی کوردستانە.