Draw Media

چین ..ئەو ورچەی كەهەموان لەبەخەبەرهاتنەوەی دەترسن !

چین ..ئەو ورچەی كەهەموان لەبەخەبەرهاتنەوەی دەترسن !

2019-09-02 22:18:25


نەوزادی موهەندیس
 
•    پێشەكی :
 لە مێژە گوتراوە وڵاتی چین و ماچین وڵاتێكی گەورە و فراوانە و خاوەن سروشت و ڕووبەرێكی فراوانی خاك و گەورەترین وڵاتی گۆی زەویە لە ڕووی چڕی دانیشتوان و ئاشكراشە ئەم وڵاتە پانو بەرینە خاوەنی گەلێك تایبەتمەندی و دەوڵەمەندی زۆر وزەوەندی سروشتی و مرۆییە كە گەر بەهەموو تواناكانی خۆی بكەوێتە سەر پێیەكانی و هەنگاوبنێت و دەستبەجوڵە بكات و لەو ماتی و سستی و بێدەنگی و دۆخی سڕبونەوەی دەربچێت ئەوە بەدڵنیاییەوە پێش هەموان دەكەوێت و دەبێتە مەترسی بۆ سەر هەموان، چونكە پێگە و جێگە و توانای لەبن نەهاتووی بەهێزی هەیە كە وادەكەن ببێتە زلهێزێكی زەبەلاحی دونیا،كە وەك ئەو ورچە وایە كە هێشتا خەو بەرینەداوە و بێ‌ جوڵەیە بەڵام ئاشكرایە كە گیانەوەرێكی وەكو ورچ لە ڕووی گەورەیی جەستە و لاشە و بەهێزی تواناكانیەوە هەركات بیەوێت بوەستێتە سەر پێیەكانی و بەرەنگاری بكات و بەرەو پێشیشەوە هەنگاو بنێت كەم گیانەوەری تر بتوانێت ڕێگەی پێبگرێت. بۆیە چینیش وەكو ئەو ورچە وایە كە لە ئێستادا هێواش هێواش خەریكی دەستكردنە بەجوڵە و وەخەبەرهاتنەوە و ئەم جوڵە و بەئاگاهاتنەوەشی هەر لەئێستاوە بۆتە جێگەی نیگەرانی و ترسی زۆرێك و لەناویشیاندا زلهێزەكانی دونیا لە ڕوسیا و تەنانەت ئەمریكا و ئەوروپیەكانیش.
•    پرسیار لێرەدا ئەوەیە ،ئەم هەموو ترسە لە چین بۆچی؟
بۆ ئەم پرسیارە كورتە پێویست بەوەڵامێكی دوور و درێژ دەكات بۆ ئەوەی لە نزیكەوە لەتوانا مادی و مرۆیی و پلان و بەرنامە و ودونیابینی چین تێبگەین و بەرچاومان ڕوونبێت لەكاتی بەراووردكردنی چین بە زلهێزەكانی تر و ئەوسا بڕیار بدەین و وەڵامی پرسیارەكەشمان چنگ بكەوێت كە چین چ مەترسیەك دروست دەكات بۆ هەموان و تەواوی دونیاش.
•     ناسینی كۆماری میللی چین كە لە 1/10/1949 وە دامەزراوە
•    لەڕووی جوگرافیا و پێگەی جیۆپۆلەتیكیەوە:
1.    وڵاتی چین دەكەوێتە ڕۆژهەڵاتی كیشوەری ئاسیاوە
2.    پایتەختەكەی شاری پەكینە
3.    ڕووبەری زەویەكەی بە گشتی 6ر9 ملیۆن كیلۆمەتر دووجایە كە سێیەم یان چوراهەم وڵاتە لەڕووی فراوانیەوە لە دونیادا.
4.    لە 22 هەرێم و 5 ناوچەی ئۆتۆنۆمی و 4 شارەوانی كە ڕاستەوخۆ بەڕێوەدەبرێن و 2 ناوچەی بەرزتر لە ئۆتۆنۆمی كە هۆنگ كۆنگ و مەكاوە پێك دێت.
5.    یەكەم وڵاتی جیهانە لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە كە 1 ملیار و 388 ملیۆن كەسە.
6.    چین 17 هەمین وڵاتی جیهانە لەڕووی بونی جۆرەها گیانەوەرەوە.
•    لەڕووی سیاسیەوە
7.    سیستەمی حوكمڕانی تاك حیزبە كە بریتیە لە حیزبی شیوعی چینی.ئایدۆلۆژیای و فكری ماوی و سۆسیالیستی پیادە دەكات.
8.    چین ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بەنەتەوە یەكگرتوەكانە.
9.    چین ئەندامە لە ژمارەیەك ڕێكخراوی گەورە و گرنگی جیهانیدا وەك : (( ڕێكخراوی بازرگانی جیهانی و دووەم وڵاتە لەدوای ئەمریكاوە ،ڕێكخراوی ئاپیك،ڕێكخراوی بریك، ڕێكخراوی شانگهای،ڕێكخراوی كۆمەڵەی 20 ، و گەلێكی تریش)).
•    لەڕووی ئابوریەوە:
چین لەماوەی نێوان ساڵانی 1949 تا 1978 سیستەمی ئابوری هاوشێوەی یەكێتی سۆڤیەتی جاران داڕشتبوو كە بەشێوەی سەنتڕالیزم بوو بەشێوەیەك كۆمپانیا و بازاڕی تایبەت و ئازاد نەبوون و سەرمایەی تایبەتیش بوونی نەبووە.دواتر سیستەمی ئابوری تێكەڵاو ((حكومی و تایبەت)) و تایبەتكردنی زەوی كشتوكاڵی پیادەكرد،بەم هۆیەوە 70جار لە پێشتر گەشەی زیاتری كرد و هانی وەبەرهێنانی دەرەكی درا،چاودێر دەوڵەت كەمبۆوە،گرنگی زیاتر درا بە بازرگانی دەرەكی،گرنگی زیاتر درا بەخوێندن لە ئەمریكا و ئەوروپادا، بەم شێوەیوەی ئابوریە چین گەشەی كردو.
10.    ئابوری چین بەدووەم ئابوری بەهێز دادەنرێت لە جیهاندا.
11.    گەورەترین وڵاتی هەناردەكاری كاڵاو كەلوپەلە.
12.    دووەم وڵاتی گەورەی هاوردەكاری كەلوپەلە.
13.    داهاتی تاك 18119 دۆلارە.
14.    كۆی داهاتی ساڵانە 23350230198209 تریلیۆن دۆلارە.
15.    ڕێژەی بێكاری زۆر كەمە و دەگاتە 5% لەساڵی 2014دا.
16.    ڕێژەی هەڵاوسان دەگاتە 1ر2% لەساڵی 2016دا.
17.    لەڕووی گەشتیاریەوە چوارەم وڵاتی جیهانە كە لەساڵی 2009دا 9ر50 ملیۆن گەشتیار ڕووی تێكردوە.
18.    چین گەورەترین وڵاتی بێگانەیە كە گەورەترین قەرزی داوەتە ئەمریكا.بەبڕی 5ر801 ملیار دۆلار بەشێوەی سەنەداتی گەنجینەیی.
19.    3 هەم وڵاتە كە وەبەرهێنانی دەرەكی تیادایە. و بەهەمان شێوەش وەەبەرهێنان لەدەرەوەی چینیش دەكات.و بۆتە 6 مین وەبەرهێن لە دونیادا.
20.    خاوەنی بیرۆكەی ژیاندنەوە و بوژاندنەوە و گەشەپێدانی ((ڕێگای ئاوریشمە))كە كیشوەری ئاسیا و ئەوروپا و ئەفریقیا بەیەكەوە دەبەستێتەوە و بەزۆرێك لە وڵاتانی ناوچەكەدا تێپەڕ دەبێت و بەمەش لەڕووی بازرگانی و كەلتوری و فەرهەنگیەوە چین هێندەی تر خۆی بەدونیا دەناسێنێت و لەڕێگەشیەوە هەژموونی خۆی دەسەپێنێت.
•    لەڕووی سەربازیەوە:
21.    چین خاوەن جبەخانەیەكی ئەتۆمی دانپیادانراوە.ویەكەم تاقیكردنەوەی ئەتۆمی لەساڵی 1964دا ئەنجامداوە،و یەكەم مانگی دەستكردیشی لەساڵی 1970دا هەڵداوە بۆ ئاسمان،چین لەساڵی 2003وە بوە سێهەم وڵات كە مرۆڤی ڕەوانەی  بۆشایی ئاسمان كردوە.
22.    سوپای ڕزگاری میللی چین یەكەمە لەڕووی خزمەتەوە  و گەورەترینە لەسەر ئاستی جیهان.و ژمارەی 5ر2 ملیۆن سەربازە كە لەخزمەتدان.كە لەهێزی وشكانی و ئاسمانی و دەریایی و ئەتۆمی ستراتیژی پێكهاتوە.
23.    چین دووەم  وڵاتە لە ڕووی گەورەیی بودجەی بەرگریەوە.ساڵی 2009 بڕی 8ر77 ملیار دۆلار بوە ،بەڵام ئەمریكا دەڵێن چین بڕی بودجەی ڕاستەقینەی بەرگری ئاشكرا ناكات ئەگینا لە ساڵی 2008دا لەنێوان 105 بۆ 150 ملیار دۆلاردایە.
•    لەڕووی وزەوە
24.    چین لەڕووی بەكارهێنانی وزەوە گەورەترین وڵاتە.و بەڕێژەی 70% پشتدەبەستێتە سەر بەكارهێنانی خەڵوز لە وەدەستهێنانی وزەدا. ئەمەش بۆتە هۆی پیسبوونی ژینگە لە ئاو و هەوادا.چین 20-30 شاری هەیە كە پیسترین ژینگەیان هەیە لەسەر ئاستی دونیادا.
•    لەڕووی تەكنەلۆجیاو زانستەوە
25.    چین دووەم گەورەترین بودجەی هەیە بۆ توێژینەوە و گەشەكردن لە جیهاندا كە 136 ملیار دۆلارە.بەشێوەیەك  926000 توێژەر هەن و لەمەدا تەنها ئەمریكا لەپێشەوەیەتی بە بونی 3ر1 ملیۆن توێژەر.
26.    چین گەورەترین بەكارهێنەری مۆبایل و ئەنتەنێتە لە جیهاندا و 700ملیۆن كەس بەكاریان هێناوە لەساڵی 2009دا.
27.    چین گەورەترین بازاڕی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلە لە جیهاندا.
28.    17 زانكۆی بەناوبانگی چین لە لیستی زانكۆ بەناوبانگەكانی جیهاندان.
•    بەم شێوەیە دەبینین توانا ئابوری و سەربازی و سروشتی و مرۆییەكانی چین گەلێك گەورەن و بەهێزن و هەر ئەمەش وایكردوە كە زۆرێك لە ئەكادیمیەكان و چاودێرە سیاسی و ئابوری و سەربازیەكان چین وەك زلهێزێكی ئایندە ببینن.چونكەچین لەساڵی 1978وە دەستیداوەتە بەرنامە و پلانێكی چاكسازی و سیستەمی بازاڕی تاڕادەیەك ئازادی گرتۆتە بەر و بەم هەنگاوەشی چین بۆتە ئەو وڵاتەی كە خێراترین هەنگاوی گەشەكردنی لە جیهاندا هەڵهێناوە.چین تا ئێستا و لەگەڵ ئەوەی كە ڕێوشوێنە توندە ئابوری و كۆمەڵایەتیەكانی خاوكردۆتەوە،بەڵام هێشتاش ئازادیە سیاسیەكانی بەپێی یاسا ڕێكخستوە كە توندن و بواری پیادەكردنیان هێشتا زۆر تەسك و تەنگەبەرن.بەڵام تاڕادەیەكی زۆر باش جێگیری سیاسی و ئابوری و ئەمنی تیادا بەرجەستە كراوە لە سایەی سیاسەتە دیپلۆماتیە هێواش و لەسەرخۆ و بێدەنگەكەیەوە كە ڕێگری كردوە لە خراپبوونی پەیوەندی ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكانی و ئەمەش بۆخۆی وایكردوە كە چین بەهێواشی هەنگاو بنێت بەرەو زلهێزبون و بەهێزبوونی لەسەر گۆڕەپانی دونیادا لەهەموو بوارەكانی سیاسی و ئابوری و سەربازی و فەرهەنگی و وەرزش و كەلتور و زمان و ...هتد.
•    بەڵام سەرەڕای ئەم هەموو دەسكەوت و گەشەكردن و بەهێزبونەش،چینیش وەكو هەموو وڵاتێكی تری فرە نەتەوە و ئاین و مەزهەب و،جیاوازی كەشوهەوا و خاك و دیاردە سروشتیەكانی ترەوە ،بێكێشە و سەرئێشە نیە،كە بونەتە هۆی زیانگەیاندنی گەورە بەتوانا و هێزی چین و بونەتە هۆی دروستكردنی مەترسی گەورە بۆ ئایندەی چین و پلان و بەرنامەكانی بۆ ئایندە و بۆ بوون بە زلهێزێكی زەبەلاح،لەو كێشانەش بریتین لە:
1.كەمی ئاو
2. وشكبونەوەی خاك
3.پیسبوونی ژینگە
4.توانەوەی ڕووبارە بەستەڵەكەكان
5.گێژەڵوكەی خۆڵاوی
6.زیادبوونی دیاردەی بە بیابان بوون كە ساڵانە پانتایی 1 ملیۆن فەدان كە یەكسانە بە 4000 كیلۆمەتر دووجا زەوی لەدەست دەدات.
بۆیە هەموو ئەم كێشە و گرفتانە بونەتە ڕێگر و ئاڵنگاری گەورە بۆ هەرچی زووتری پێشكەوتن و گەشەكردنی زیاتری وڵاتی چینە،چونكە ڕووبەڕووبونەوەی هەموو ئەم كێشانە پێویستی بەبودجە و توانای مادی و مرۆیی گەورە هەیە كە ئەمەش بۆخۆی بەزیانی گەورەتر دەشكێتەوە و پێویست دەكات ڕێگە چارەی گونجاو و پێویست و خێراییان بۆ بدۆزرێتەوە.
•    هۆكاری سەركەوتنەكانی چین لە چیدایە؟
گەلێك هۆكار هەن بۆ ئەم هەموو گەشە و پێشكەوتنە گەورەیە تەنها لەماوەی نزیكەی 70 ساڵدا،ئەوانیش:
1.    بوونی بەرهەمێكی زۆر و نرخێكی هەرزان.
2.    بوونی دەستی كاری هەرزان.
3.    بوونی ژێر خانێكی باشی ئابوری.
4.    بوونی ئاستی مامناوەنجی لە تەكنەلۆجیا و شارەزایی و بەرهەمی كوالێتی بەرز تاڕادەیەك.
5.    پیادەكردنی سیاسەتێكی ئابوری گونجاوی حكومەت بۆ سەرجەم كەرت و بوارەكان.
6.    هەرزانی نرخی دراوی چینی((یوان)).
•    هەرچەندە تاكو ئێستا حكومەت و دەوڵەتی چین ڕاستەوخۆ خۆی سەرپەرشتی هەردوو كەرتی(( وزە و پیشەسازیە قورسەكان))دەكات،بەڵام لەبەرامبەریشدا ڕێگە و كارئاسانی زۆری كردوە بۆ كەرتی تایبەت،ئەوەتا:
•     30ملیۆن كۆمپانیای تایبەت هەیە،كە بە ڕێژەی 33 %بۆ 70% بەرشدارن لەبەرهەمی نیشتیمانی گشتیدا.
•    بازاڕی پشكەكانی چین پێنجهەمە لە دونیادا وەك متمانەیەك بە بەهێزی ئابوریەكەی.
•    چین پێگەی 29 هەمینی هەیە لە كێبڕكێ‌ نێودەوڵەتیەكاندا .بەشێوەیەك 37 كۆمپانیای چینی چونەتە لیستی 500 كۆمپانیای گەورە و بەناوبانگی جیهانیەوە((گلۆباڵ فۆرست)) لەساڵی 2009دا.
•    لە 10 كۆمپانیای زەبەلاحی دونیای لەڕووی ئابوری و وزە و بانكی و پیشەسازی و مۆبایلدا چواریان كۆمپانیای چینین.
•    93% دانیشتوان دەخوێنەوە و دەنوسن.
•    ناوەنجی تەمەن 73 ساڵە.
•    تەنها 10% ی دانیشتوانەكەی لەژێر هێڵی هەژاریەوەن.
•    لەچیندا 825000 كەس زۆر دەوڵەمەندن و 100 ملیۆن كەسیش لە ئاستی مامناوەندی دەوڵەمەندیدان.
•    لەدوای یابان دووەم وڵاتە لەبەكارهێنانی كاڵای خۆشگوزەرانیدا بەڕێژەی 5ر27% لەسەر ئاستی جیهان.
لەكۆتاییدا ،دەردەكەوێت كە چین چ وەك وڵات و چ وەك كۆمەڵگایەكی خاوەن شارستانیەتی كۆن و دیرێن و خاوەن مێژوو و دەسەڵات و فەرهەنگ و كەلتورێكی دەوڵەمەند و بەم جێگیریە سیاسی و گەشە ئابوری و بەهێزی سەربازی و ئەتۆمی و فراوانی ڕووبەر و زۆری ژمارەی دانیشتوانی لە ئایندەیەكی نزیكدا ببێتە زلهێزێكی زەبەلاحی زۆر بەتوانا و بچێتە مەیدانی كێبڕكێ‌ لەگەڵ یەكەم زلهێزی دونیادا كە ئەمریكایە و چیدی لە جوغز و چوارچێوەی ناوچەیەك یان كیشوەرێكی بەرتەسك و بچوكدا نەمێنێتەوە و سیاسەتی بێلایەنی و پشوودرێژی وبێدەنگی و كەنارگیری توڕهەڵبدات و بەوپەڕی تواناكانیەوە بێتە ڕیزی یەكەمی كیبڕكێ نێودەوڵەتیەكانەوە و بون و هێز و توانا و مەترسیەكانی خۆی پیشانی هەموانیش بدات،و سەدەی بیست یەكەم بكاتە سەدەی خۆی هەروەك چۆن ئەمریكا لەسەرەتای سەدەی بیستەمەوە هێواش هێواش هاتە پێشەوە و جێگەی بە گەورە زلهێزەكانی ئەوكاتی دونیا لە بەریتانیای مەزن و فەڕەنسا و ڕوسیا چۆڵكرد و خۆی كردە یەكەمین و دەمڕاست و بڕیار بەدەست و تاك جەمسەری بەهێزی دونیای سەدەی بیست و تاكو ئێستاش ،زۆر دوورنیە چینیش هەمان ڕۆڵ و هەمان سیناریۆی ئەمریكا دووپات بكاتەوە. بۆیە هەق وایە وڵاتانی ناوچەكە و ئاسیا و كوردیش لەو نێوەندەدا هەر لە ئێستاوە هەوڵی خۆگونجاندن و نزیكبونەوەی زیاتر بدەن لەگەڵ ورچە بەخەبەرهاتوەكەی چیندا ،گەر بیانەوێت لەم سەدەیەدا كارێك یان هەنگاوێك بەرەو پێشەوە بنێن و هەوڵبدەن بۆ وەدەستخستنی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی سەربەخۆ،ئەوەی ئەمریكا و ئەوروپیەكان و ڕوسەكان بۆ كوردیان نەكرد لەسەدەی بیستدا و دوژمنایەتی حكومەتی مەلیك مەحمود و كۆماری مەهاباد و شۆڕشەكانی ئەیلول و نوێی كوردییان دەكرد و تائێستاش بەڕەوای نابینن كە كورد وەك نەتەوەیەكی دێرین و مافخوار و خاك دابەشكراو دوای 100 ساڵ خەبات و قوربانیدان ببێتە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی،بەڵكو چینیەكان  لەسەدەی بیست و یەكەمدا خەونە لە مێژین و دێرینەكەی بۆ وەدیبێنن.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand