له ئه‌ستۆی هه‌موومانه، ئه‌م خوێنه
2019-09-02 09:35:08
ماردین ئیبراهیم
چۆن ئه‌م قه‌تڵه روونادات؟ چۆن ئه‌م خوێنه شه‌وی به‌سه‌ردا نایات؟ چۆن ئه‌م به‌ربه‌ریه‌ته به ساردی تێناپه‌ڕێت؟
زمان بێلایه‌ن نییه. زمان راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به فیکره‌وه هه‌یه، بیرکردنه‌وه‌یه‌کی پۆخڵ هه‌ر ده‌بێت له ڕێگه‌ی زمانێکی پۆخڵه‌وه گوزارشت له‌خۆی بکات.
به‌یانی له خه‌و هه‌ڵده‌ستین تاکو نیوه‌شه‌و ده‌خه‌وین قسه‌کانمان پڕ پڕن له پێشداوه‌ری هه‌ڵه له‌سه‌ر ژنان، ستیریۆتایپ به‌دووای ستیریۆتایپ هه‌زارباره‌ی ده‌كه‌ینه‌وه. نوکته‌کانمان پڕن له گاڵته و به‌که‌مگرتنی ئه‌وان، گاڵته‌کردن به جه‌سته‌یان، به خه‌ون و خولیاکانیان، به هیواکانیان، به سه‌رکێشی و ملنه‌دانیان. مل ناده‌یت؟ ده‌تکه‌م به نوکته، ده‌تشکێنم. خه‌ون و خولیات هه‌یه؟ به جدی وه‌رت ناگرم. سه‌رکێشی ده‌که‌یت بۆ گه‌یشتن به هیواو که‌ڵکه‌ڵه‌ی سه‌رکه‌وتن که‌وتۆته که‌له‌ت؟ ده‌تکه‌م به کۆیله و هه‌موو نه‌ریت و مه‌یله ترسناکه‌کانی کۆمه‌ڵگات لێ راستده‌که‌مه‌وه و تێتبهردهدهم. به نوکته‌کانم له مرۆڤبوون داتدهماڵم و ده‌تکه‌م به ئۆبجێکت. گۆرانیمان هه‌یه وه‌ربگێردرێته سه‌ر زمانێکی ئه‌وروپی؛ به‌هۆی زمانه ڕه‌گه‌زپه‌رستی و سێکسیستیهکهی، گۆیندهکهی به دڵنیاییه‌وه زیندانی ده‌کرێت، گۆرانیمان هه‌یه به خانمی بێهاوسه‌ر ده‌ڵێت 'ده‌ستی دوو'. پێت ناخۆشه پێت بڵێم ده‌ستی دوو؟ ناڕازیت؟ هه‌موو فۆلکلۆر و ئاین و که‌له‌پووری خۆمت به‌گژدا ده‌که‌م. بۆم ده‌لوێت و بێده‌نگت ده‌که‌م. سایکۆلۆجیستمان به تۆنی واعیزێکهوه سه‌عاتێک له ته‌له‌فیزیۆن قسه ده‌کات، بۆ وه‌لامدانه‌وه‌ی هه‌ڵه لۆژیکی و حوکمه ئه‌خلاقیه نابه‌جێکانی پێویستمان به پانزه کتێبه، سایکۆلۆجیستمان له ئیبنولبازهوه زۆر نزیکتره وه‌ک له فرۆید و یۆنگ، سایکۆلۆجیستمان مێنتاڵیتیهکهی هه‌مان مێنتا‌ڵیتی کوێخایه‌کی گوندی سه‌ده‌ی نۆزدهمانه. مه‌لا هه‌یه به هه‌موو دیتۆڵی دنیا زمانی پاک ناکرێته‌وه، له ڕق و کینه و توندوتیژی و هه‌ڵاواردن، پێت ده‌ڵێت سه‌گ، پێت ده‌ڵێت بێشه‌رم و بێچاوڕوو، پێت ده‌ڵێت ڕووبه‌ده‌ر، پێت ده‌ڵێت ڕووت، پێت ده‌ڵێت مۆڵگه‌ی شه‌یتان. پێت ناخۆشه پێت بڵێن مۆڵگه‌ی شه‌یتان؟ پێت ناخۆشه هه‌ر پێت بڵێن خودی شه‌یتان؟ ئینجا هه‌ر پێت ناخۆش بێت.
تۆ قسه له فه‌لسه‌فه مه‌که، لێی نازانیت، ئه‌ده‌ب به تۆ نانووسرێت، سه‌رت له ڕۆمان ده‌رناچێت، زمانه‌که‌ت ته‌واو نییه، به جدی وه‌رت ناگرم،ئوتومبێل باش نازانیت لێبخوڕیت، به جدی وه‌رت ناگرم، به جدی وه‌رت ناگرم. به‌ڵام ئێمه کێین ئه‌و قسانه ده‌که‌ین؟ هیگڵ و کانتین؟ شۆبنهاوهرین؟ دانتی ن؟ نا، ئێمه پیاوه‌کانی خێڵین، بۆمان ده‌لوێت و واده‌ڵێین و واده‌که‌ین.
کامه‌یه جه‌ساره‌ت و قارهمانێتیهکهمان؟ ژنان و منداڵانی شه‌نگالمان جێهێشت تاکو بیانکه‌ن به کۆیله‌ی سه‌رده‌م، که‌چی کاتێک نادیه موراد به دڵی ئێمه قسه ناکات، به دڵی ئیگۆی پفتێکراومان قسه ناکات، نێرسالاریهکهمان بریندار ده‌کات، ئه‌وا هه‌موو ئه‌و تراژیدیا گه‌وره‌یه‌مان بیرده‌چێته‌وه، ده‌ستدرێژیه یهکلهدووای یه‌که‌کان و کۆیلهبوونهکان و فرمێسک و ئازارمان بیرده‌چێته‌وه و ده‌ڵێین بۆ باسی کورد ناکات؟ باسی کورد بکات؟ لێی گه‌ڕێ هه‌ر باباسی نه‌کات چونکه هه‌ر ئابڕوومان ده‌چێت باسی بکات.
ورچێک به‌چکه‌کانی خۆی ده‌پارێزێت، مریشکێک، مارمێلکه‌یه‌ک، دڕنده‌یه‌کی کێوی به‌چکه‌کانی خۆی ده‌پارێزێت، به‌ڵام ئێمه، پیاوه فالۆس- سێنته‌ر و نێرسالارانی کورد به‌سه‌ر ته‌رمی کچه‌که‌ماندا باز ده‌ده‌ین و ده‌ڵێین 'کچه‌که‌مان حه‌قی خۆی وه‌رگرت؟'
ده‌ته‌وێت ئه‌م قه‌تڵه روو نه‌داته‌وه؟ ده‌ته‌وێت ئه‌م خوێنه نه‌كه‌وێته ئه‌ستۆت؟ هیچ مه‌که، هیچ شتێک، ته‌نیا به حوکمه ئهخلاقیهکانتدا بڕۆره‌وه، به پێشداوهریهکانتدا، به ستیریۆتایپهکانتدا، به فاڵوس-سێنته‌ریزم و نێرسالاریهکهتدا، به خوتبه دینی و وه‌عزه سایکۆلۆجیهکانتدا، به نوکتهکانتدا، به هونه‌ر و فۆلکلۆر و فیلمه‌کانتدا، به به‌رنامه‌ی تهلهفیزیۆنهکانتدا، به زمانه پهروهردهنهکراوهکهتدا بڕۆره‌وه و بزانه چیت کردووه، بزانه چۆن کهشوههوایهکت سازکردووه که به ئاسانی ئه‌م قه‌تڵه‌ی تێدا بکرێت و ئه‌م خوێنه شه‌وی به‌سه‌ردا بێت.