Draw Media

لەبارەی گۆڕینی ناونیشانی توێژەرانەوە نامەیەك بۆ وەزیری پەروەردە

لەبارەی گۆڕینی ناونیشانی توێژەرانەوە نامەیەك بۆ وەزیری پەروەردە

2019-09-01 20:20:16


لەتیف حسێن   

گۆڕین یان قسەكردن لەسەر ناونیشان و شێوازی كاركردنی توێژەرانی كۆمەڵایەتی و دەروونی(دەرچوانی بەشەكانی كۆمەڵناسی و دەروونناسی و كاری كۆمەلایەتی) لەمێژە ناوبەناو قسەی لەبارەوەدەكرێت، بەڵام ئەوەی زیاتر خەیاڵی بەلادا رۆیشتووەو مشتومڕی دروستكردووە، چەسپاندن و گۆڕینی ناونیشانی توێژەرانە لە قوتابخانەكانی هەرێمی كوردستاندا، ئەگەرچی هەمووان دەزانین پێدانی ناونیشان و چەسپاندنی ناونیشان وەكپلەیەكی وەزیفی و ئیداری گرنگەو ناكرێت هەر رۆژەو بە پاساوێك بڕیاری لەبارەوە دەربچێت، ناكرێت ئێمە جیاواز بین (جیاوازبین مەبەستم لایەنە زانستییەكەی پیشەكەیە) لە وڵاتە عەرەبییەكان كە(باحث اجتماعی و نفسی، اخصا‌و الاجتماعی و نفسی) لە ئەوروپاو وڵاتانی خواپێداویش(social worker) ئێمە بێین بە گۆڕینی ناونیشان كاری ئەم توێژە گرنگ و پێویستەی كۆمەڵگە بە بێ‌ هیچ پاڵپشتێكی زانستی و هیچ پرس و رایەك، هەر كابینەیەو ناوێكی بۆ دابتاشن كە لە راستیدا لەبری ئەمكارە زۆر لە مێژە دەبوو ئەم وەزارەتە كاری تری بۆ ئەم توێژە بكردایە تا بیانتوانیایە خزمەتگوزارییەكانیان بەرەو پێشەوە ببەن..
جەنابی وەزیر زۆر ناچمە دواوەو مێژوویەكی دوورت بۆباس ناكەم، لەسەر ئەم بابەتەی كە دەمەوێت بەڕێزتی لێ ئاگادار بكەم، تەنها دەمەوێ‌ ئەوەت بیر بخەمەوە كە دڵنیام ئاگاداریت لێی هەیە لە 22/4/2019 وەزیری پێشوو بە نوسراوی رەسمی سەرباری ناڕەزایی و دەنگی ئێمەمانان و بیرخستنەوەی كۆمەڵێك راستی كاری ئێمە، گوێ نەدرا بە هەموو ئەو قسانەی كە لەوبارەیەوە كران و ناونیشانی هەڵگرانی بڕوانامەی دەروونناس و رێنمایی دەروونی و رێنمایی دەروونی وئاراستەكردنی پەروەردەیی) گۆڕی بە رێنماییكاری پەروەردەیی و دەرچوانی بەشەكانی كۆمەڵناسی و كاری كۆمەڵایەتی  بە توێژەری كۆمەڵایەتی هێشتەوە، لە سەردەمی ئەم كابینەیەی بەڕێزیشتدا دیسان ئەم بابەتە بۆتەوە نوسراوو توێژەرت نەهێشتووەو ناونیشانی ئەوانیشت كردووە بە رێنماییكاری پەروەردەیی، تكایە مەهێڵە ئەو قسەیی ناوخەڵكی كە هەیەو دەڵێن وەزیری نوێ كە هات كارەكانی وەزیری پێش خۆی رەت دەكاتەوە بەسەر تۆدا تێپەڕێت..
جەنابی وەزیر دەمەوێت راشكاوانە پێت بڵێم ئەم بابەتە نیگەرانییەكی زۆری لای توێژەران دروستكردووە،بەڵام بە سروشتی كارو هەندێ‌ ئیعتیباراتی تر، توێژەران نایانەوێت لە هیچ بابەتێكدا تەنانەت لەو بابەتانەشی كە هەمیشە غەدریان لێدەكرێت ببنە مایەی كێشە نە بۆ وەزراەت و نە بۆ هیچ شوێن و دامودەزگاو كەسێك، بەڵام بێدەنگیمان مانای كەم توانایی لە قسەكردن و مانای رازی بوون نییە، بۆیە دەمەوێت داوات لێ‌ بكەم كەمێك وردتر لەم بابەتە بڕوانیت و پەلە لە دەركردنی بڕیاری لەم بابەتە نەكەیت...
جەنابی وەزیر دەمەوێت بیرتی بێنمەوە، دەبوو وەك وەزیرێكی نوێ‌ لەسەردەمی خۆتدا وەك مێژوویەك كۆبوونەوەیەكت لەگەڵ بەشێكی بەرچاو لە توێژەرانی ناو قوتابخانەكان و وەزارەتەكەت بكردایە، تا ئەوان بە باشی و بە وردی كێشەو گرفتەكانی خوێندكاران و قوتابیان و تەنانەت مامۆستایان و سیستمی پەروەروەردەشیان بۆ باس بكردیتایە، دەبوو لەهەموو ئەو سەردانانەی لەم ماوەیەی كە ئەنجامتدان، سەردانێكیشت بۆلای توێژەرەكان بكردایە، شاندێكی میوانەكانت كەپێشوازیان لێدەكەیت و كۆبوونەوەیان لەگەڵ دەكەیت، دەبوو لانیكەم جارێك لەگەڵ دەستەبژێرێكی توێژەران كۆببویتایەتەوە، بۆ ئەوەی بۆت باس بكەن پێتی بڵێن جەنابی وەزیر ئێمە كە توێژەری كۆمەڵایەتی و دەرونین، لەناو قوتابخانەكاندا بەسەدان توێژینەوەی گرنگ و راپرسی و كاری تر لە چوارچێوەی كاری توێژەریی ئەواندا ئەنجامدراوە، ئەوان تەنها ئامۆژگاری ناكەن، هەرگیزخۆشیان بە ئامۆژگاریكەری كەس نازانن، بۆیە بڕیاری گۆڕینی ناونیشانی توێژەران جگە لە سنورداركردنی كاری توێژەران شتێكی تر نییە..
بۆیە جەنابی وەیزیر من وەك رۆژنامەنوسێك و وەك توێژەرێكی كۆمەڵایەتی داواكارم، چاوێك بەو بڕیارو نوسراوانەدا بخشێنیتەوە كە تایبەتن بەكاری توێژەران، بزانە تا ئێستا بە هەموو ئەو ماندووبونانەی ئەم توێژە دەیكەن و كردویانە لەناو قوتابخانەكاندا، چییان بۆكراوە و بەهۆی ئەو سنورداركردنەی كە لە بواری وەزیفی بۆ ئەوانكراوە لە بەربەست و كێشە زیاتر بۆیان چییان بۆ كراوە، ئێستا ژینگەی كۆمەڵایەتی و دەروونی نەك قوتابخانەكان بەڵكو كۆمەڵگەش بەجۆرێك شێواوە كە تەنها توێژەران دەتوانن تێیدا هەڵ بكەن و خۆشیان و دەروبەرەكەشیان بپارێزن و هەرچی لە توانایاندا هەیە ئەنجامی بدەن و درێغی نەكەن، بۆیە لەبری سنوورداركردنی كارەكانیاندا داواكارم شێوازێك ئالییەت و میكانیزمێكی گونجاو بدۆزینەوە تا توێژەران كراو كاراتر بن، رۆڵیان زیاتر پێ‌ بدرێت و لەم بارودۆخەدا بتوانن هاوكاری وەزارەت و حكومەت و ئەم كۆمەڵگەیە بن، نەك بە بڕیارو نوسراو كارەكانیان سنوردار بكرێت و نیگەران بكرێن...
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand