Draw Media

ئایا مەسروور بارزانی دەبێتە مەگوفۆلی ؟

ئایا مەسروور بارزانی دەبێتە مەگوفۆلی ؟

2019-09-01 09:12:04


هیوا سەید سەلیم    
جۆن مەگوفۆلی، سەرۆك كۆماری وڵاتی تەنزانیا كە لە نێو خەڵكی بە بڵدۆزەری دژ بە گەندەڵی ناسراوە، وڵاتەكەی ساڵی 2016 بە پێی ڕاپۆرتی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لە ریزی یەكەمی ئەو وڵاتانە ریزبەند كرابوو كە گەندەڵیان تیایدا یەكجار زۆرە.
مەگوفۆلی، كە لە ساڵی 2015 لە هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ بە سەرۆكی تەنزانیا هەلدەبژێردرێت، خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە كیمیا و پێشتر لە یەكێك لە خوێندنگا ناوەندیەكان مامۆستا بووە، دوای دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكی وڵات،  بۆ رزگاركردنی وڵاتەكەی لە پەتای گەندەڵی چەند بڕیارێك دەردەكات وە چەندین  رێوشوێن بە پڕاكتیكی دەگرێتەبەرە، دەكرێت بۆ ئێستای هەرێمی كوردستان وەك ئەزموونێكی كرداری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی سوودی لێوەربگیرێت.
كۆماری تەنزانیا كە 85% داهاتەكەی لەسەر كشتوكاڵە و رێژەی بێكاری تیایدا 3% یە،  بەڵام وەك هەر وڵاتێكی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەرووی گەندەڵی بۆتەوە، بە هاتەنە سەر دەسەڵاتی (جۆن بۆمبیە ماگوفۆلی) ئەم رێوشوێنە دژی گەندەڵی و بەهەدەردانی داهاتی دەوڵەت گیراوەتە بەر.
-    دوورخستنەوەی هەریەك لە سەرۆكی ئاژانسی رووبەڕوبوونەوەی  گەندەڵی و سەرۆكی بەرژەوەندیەكانی سەندنی باج.
-    لادانی هەریەك لە بەرپرسی یەكەمی گواستنەوەی هێلی ئاسنین و بەرپرسی بەندەرەكان، بەهۆی دیارنەمانی پارەیەكی زۆر لە داهاتی بەندەری دارالسلام.
-    دوورخستنەوەی 10 هەزار فەرمانبەر بەهۆی بوونی بڕوانامەی تەزویر .
-    نەهێشتنی رێوڕەسمی ئاهەنگی سەربەخۆیی وڵات و تەرخانكردنی تێچووی پارەی ئەو مەڕاسیمە بۆ قەڵاچۆكردنی نەخۆشی كۆلێرا كە ئەوسا لە تەنزانیا بڵاوببوەوە.
-    كەمكردنەوەی ژمارەی وەزیرەكانی كابینەكەی لە 30 وەزیرەو بۆ 19 وەزیر.
-    فشارخستنە سەر وەزیرەكان تا داهات و موڵك و ماڵیان بۆ دەستەی دەستپاكی ئاشكرابكەن.
-    هیچ وەزیرێك و بەرپرسێكی باڵا بەبێ رەزامەندی سەرۆك بۆی نیە سەردانی دەرەوەی وڵات بكات و لە كاتی سەردانیش نابێت لە كورسی پێشەوەی فرۆكە (VIP) دابنیشن، ئەركی پەیوەندییەكانی دەرەوەی وڵات و كاروبارە دبلۆماسیەكان لەلایەن باڵوێزەكان ڕادەپەڕێنرێت ئەویش بۆ كەمكردنەوەی خەرجیەكان.
-    دیدار و كۆنفراسە حكومیەكان نابێت لە هوتێلە گرانبەهاكان سازبكرێن.
-    بۆ بەشداری لە كۆبوونەوەكانی كۆمەنلویس كە تەزانیا وەك ولاتێكی كۆن داگیركراوی ژێر دەستەی دەوڵەتی بەریتانی تیایدا ئامادەدەبێت،  شاندی ولاتەكەی لە 50 كەسەوە كەمكردەوە بۆ 4 كەس.
-    میزانیەی ئاهەنگی دەستبەكاربوونی پەرلەمانی لە 100 هەزار دۆلار بۆ 7 هەزار دۆلار كەمكردەوە، ئەو پارەی گواستەوە بۆ كەرتی تەندرووستی.
دەتوانین بڵێین هەموو ئەو دیاردانەی كە لە تەنزانیا هەبوون لە هەرێمی كوردستانیش بە زیادەوە بوونیان هەیە، هەر لە گەندەڵی بەرفراوان لە جومگەكانی حكومەت تا بەهەدەردانی پارەی زۆر، وە بوونی هەزاران فەرمانبەری بن دیوار و خانەیشینی ناشایستە .
سەرۆك كۆماری تەنزانیا بەو كارانەی كە ئەنجامی داون بۆ بەرنگاری گەندەڵی، مێژووێكی بۆ خۆی تۆماركرد و ئێستا لە میدیاكان بەشان و باڵی هەردەدرێت و چەندین نازناوی وەك (بڵدۆزەری گەندەڵی و دەڕاسەی دزەكانیان) لێ ناوە .
لە هەرێمی كوردستان پرسی گەندەڵی لە قۆناغێك دایە كە هیچ لایەنێكی فەرمی و نا فەرمی نكۆڵی لێناكات، كاتێكیش لە رێوشوێنانەی سەرۆكێكی وەك سەرۆكی تەنزانیا دەڕوانین، هیوا دەخوازین بەرپرسانی ئێرەش پرسی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و شەڕی گەورە مافیاكان لە وتارەوە بكەن بە كردار، بۆ ئەم مەستەش خوازیارین مەسروور بارزانی وەك سەرۆكی كابینەی تازە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان ببێتە مەگوفۆلی كوردستان . 
ئەو بەراوردەمان لە نێوانی ئەزموونی تەنزانیا و هەرێمی كوردستان كرد، بۆ ئەوەی ئەزموونی جوانی وڵاتان نیشانی بەرپرسانی ئێرە بدەین، وە ئومێدیش دەكەین بارزانی لە ئەنجامدانی چاكسازی لە سەرۆكی تەنزانیا تێپەڕێنێت ، ئەی پێشینان نەیان ووتوە (كوێر دووچاوی ساغی دەوێت)


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand