ڕەگو ڕیشەی ٣١ی ئاب.. ئێران دۆستی کێ بوو؟
2019-08-30 16:18:10
د. دانا حەمەعەزیز
سوپای عێراق لە ئەزمەڕ و کۆڕێ شکا، پێشمەرگە بەرگریەکی باشی کرد. کۆسرەت رەسوڵ سەرکردایەتی شەڕەکەی کۆڕێی کرد، مەسعود بارزانی لە پێشمەرگەکانی زۆر نائومێد بوو، لە دیانا قسەی بۆ خەڵك کرد و وتی کە ئەو جارێکی تر ئامادە نیە ئاوارە ببێتەوە! ئەم قسەیەی بارزانی لەوکاتەدا حسابی بۆ نەئەکرا، چونکە ئەو لە دوای ١٩٧٥وە، لە ناوچەی سۆران غایب بوو، دەسەڵات و هەژمونی سیاسی و چەکداریی لەچاو یەکێتی یەوە سنوردار بوو.
دەستپێکردنی گفتوگۆی بەرەی کوردوستانی لەگەڵ بەعس، هاوکات بوو لەگەڵ دەرکردنی بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و دیاریکردنی باکوری هێڵی ٣٦ ی پانیی وەك ناوچەی دژەفڕین بۆ پاراستنی کورد. هاوپەیمانان، پێچەوانەی حەزی تورکیا، مەڵبەندی تەنسیقی سەربازی (MCC )یان لە زاخۆ جێگیر کرد.
سەرباری ئەو پشتیوانیە زۆرە نێودەوڵەتیەی لەکورد ئەکرا و، لەگەڵ زەلیلیی سەدام، گفتوگۆی بەرەی کوردوستانی لەگەڵ بەغدا، سەرکردایەتی سیاسی کوردی کرد بە دووبەشەوە. تاڵەبانی گفتوگۆی بۆ کاتکوشتن و گەڕانەوەی ئاوارەکان بەکار ئەهێنا. هەفتەی یەکەمی مانگی ٦ ی ١٩٩١ لە گەڵالە بووین، بێسیمەکەمان کراوە بوو، بارزانی لە بەغدا و مامجەلال لە خێوەتەی ماوەتەوە بە بێسیمی ڕاکاڵ بەکراوەیی قسەیان ئەکرد، بارزانی: "مامجەلال وەرە بۆ بەغدا، هەموو شتێك تەواو بوە و میری داوای تۆ ئەکا بۆ ئیمزاکردنی حوکمی زاتی، ئەبو ئەحمەد سڵاوی هەیە بۆت...". مامجەلال: "کاک مەسعود تۆ جارێ وەرەوە بۆ ئێرە، لێرە قسە ئەکەین، بەڵام گرنگە کە ئاسانکاریی بکرێ بۆ دوورینەوەی گەنمی ئەمساڵ، دۆخی ئابوری خەڵک خراپە...".
مامجەلال پێی وابوو سەدام ڕیسوایە و ڕوخانی تەنها پەیوەندی بەکاتەوە هەیە. بەڵام لەگەڵ گفتوگۆ و چونی کاك مەسعود بۆ بەغدا، پارتی چوە بەرەی ڕژێم، لە گەرمەی کۆڕەودا، سەدام یەکسەر بارزانی و کەسوکارەکەی لە سەری ڕەش نیشتەجێکرد، بارزانی سووربوو لەسەر حوکمی زاتی و، دۆستایەتی سەدامی لە پشتیوانیی نێودەوڵەتی زۆرپێ باشتر بوو. ناکۆکیەکان فراوان بوون، پارتی هەموو شتێکی لەگەڵ بەغدا یەکلایی کردبۆوە، تاڵەبانیش وڵات بە وڵات ئەگەڕا بۆ فراوانکردنی بەرەی دژ بەسەدام. هاوینی ١٩٩١ هێزەکانی یەکێتی بە فەرماندەیی جەبار فەرمان، سوپای عێراقیان تا نزیك جەلەولا ڕاماڵیی، بەڵام لە مامەڵەیەکدا بارزانی لەبەغدا سازشی لەسەر کوڵەجۆ کرد. کۆتایی هاوینی ١٩٩١، هێزێکی سوپای بەعس گەیشتنە دوکان بۆ دەرهێنانی تۆڕبینەکانی پرۆژەی کارۆئاویی دوکان. هێزێکی یەکێتی بەسەرکردایەتی جەبارفەرمان و فەرماندەیی مام رۆستەم پێشیان بە هێزەکەی بەعس گرت و بەرەو کەرکوك ناردیانەوە . کاك مەسعود لەم هەڵوێستە زۆر توڕە بوو لە بروسکەیەکی کراوەدا بۆ لقی چوار وتی: "جەبارە ڕووتە و ڕۆستەمە کوێر ساحێبی کوردوستان نین ، هەرئیستا هێزێکی هەزار کەسیی ئەنێرمە سەریان...". کۆسرەت ڕەسوڵ بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخەکە، ئەوشەوە خۆی هاتە سەر بێسیمەکە و ئەیویست ڕاستەوخۆ قسە لەگەڵ بارزانیدا بکا، کۆسرەت : "کاکە من کۆسرەتم ئەمەوێ قسە لەگەڵ کاک مەسعود بکەم... " . بەڵام عەدەد جیهازەکەی ئەیوت "بەخوا کاك کوسرەت، کاك مەسعود خەوتوە"، ئەو شەوە کۆسەرەت خۆ چو بۆلای بارزانی!
ناکۆکیەکان لەسەر حوکمی زاتیەکی سەدام و مافی چارەی خۆنوسینەکەی یەکێتی، تا ئەهات قوڵتر ئەبۆوە، دواتر هەموان لەسەر هەڵبژاردن پێك هاتن.
ئەبوو ١٧ی ئایاری ١٩٩٢ هەڵبژاردن بکرێ، بەڵام تەزویرکردنی مەرەکەبی دەنگدان لەگەڵ گەیشتنی بە زاخۆ، هەلبژاردنی بۆ دوو رۆژ دوا خست و ئەوەش سەرەتای دەرکەوتنی گەورەترین ناپاکیی و چاندنی یەکەم تۆوی خیانەتی تەزویر کردن بوو لە دەنگی خەڵك، بۆیە لەجیاتی چارەسەر، هەڵبژاردن ناکۆکیەکانی قووڵتر کردەوە، لە بادینان لە سەدا سەد و یانزەی خەڵك دەنگی دا واتە ٣٠ هەزار کەس لەسەروو ژمارەی دانیشتوانی بادینانەوە دەنگیاندا. لە کاتێکدا لە سلێمانی لەبەر کەمی سندوق تەنها لە ٧٤% دەنگدرابوو.
ئۆکتۆبەری ١٩٩٢ لەسەر تیرۆرکردنی سادقی شەرەف کەندی، یەکێتی هەموو پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئێران پچڕاند، تاکە ڕێگەی پەیوەندی یەکێتی بە دنیای دەرەوە لە زاخۆوە بوو. پارتی زۆر بەئاگاییەوە مامەڵەی لەگەڵ ئەم بابەتەدا ئەکرد، بەئاشکرا بوونی بارەگا و تەنانەت وجودی یەکێتی لە بادینان رەتئەکردەوە، ئەم ڕەتکردنەوەیە مێژوویەکی خوێناویی هەبوو کە بە کوشتنی برایم عەزۆ و ٣٦ پێشمەرگەی یەکێتی دەستی پیکرد لەساڵی ١٩٧٦دا. پارتی بەدرێژایی ساڵی ١٩٩٣ و ١٩٩٤ چەندین جار پەلاماری کۆمیتەی زاخۆی یەکێتی دا، هەفتە نەبوو هێزی چەکداری پارتی گەمارۆی مەڵبەند و ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی یەکێتی لە دهۆک نەدەن، گەنجەکانی ئۆردوگای کۆڕێت گاڤانا ی نزیك ئامێدی کە لە بنەڕەتدا خەڵکی ناوچەی باڵەکایەتی بوون، هەمویان بەخۆبەخش هاتبونە دهۆك بۆ پاسەوانیی بارەگاکانی یەکێتی.
هاوینی ١٩٩٣، تیرۆری سیاسی لە بادینان دەستیپێکرد، چەندین پێشمەرگە و کادری یەکێتی و حیزبەکانی تر لە بادینان تیرۆرکران لەوانە سادق عومەر، ڕەئوف کامل ئاکرێی، حاکم تەحسین، ڕێناس و .... .
پارتی پەیوەندی لەگەڵ هەر چوار دەوڵەتەکە، سەدام و تورکیا و ئیران و سوریا زۆرباش بوو، یەکێتی لەگەڵ ئێران و سەدام سنورەکانی داخراو بوون. ڕۆژی یەکی ئایاری ١٩٩٤ عەلی حەسۆ میرخان چوە سەر قەڵادزێیەکان، عەلی نەبی و مام جوتیار بۆ ناوبژیی چووبوون، هەردووکیان کوژران و عەلی میرخانیش کوژرا. پارتی یەکسەر دەستی گرت بەسەر گومرگی برایم خەلیل و هەموە فەرمانبەرەکانی یەکیتی دەرکرد و دەستبەسەرکرد، دەستیگرت بەسەر سەرجەم بارەگاکانی یەکێتیدا لە بادینان بێجگە لە دەرکار عەجەم و ئاکرێ کە یەکێتی تیایاندا باڵادەست بوو. پارتی، حزبوڵای ئەدهەم بارزانی کە لقێکی پارتی بوو لەناو ئێراندا هێنایە حاجی ئۆمەران، ڕۆژی دواتر یەکێتی دەستی گرت بەسەر بارەگاکانی پارتیدا لە سلێمانی.
کۆتایی هەفتەی یەکەمی مانگی ئایار ١٩٩٤، بەناوی ئاساییکردنەوەوە، ڕێباز و هێزەکەی لەبەرزاییەکانی ئاکرێ هاتنە خوارەوە، دەستبەجێ پارتی بەقسەی خۆش ڕێباز و مەلا سلێمانی گرت و هەردووکیانی کوشت. دووەم هەفتەی مانگی ئایار هێزەکانی ئەدهەم بارزانی بە پشتیوانی ئێران، لە پێچەکانی نێوان چۆمان حاجی ئۆمەران، کەمینیان بۆ حەسەن کوێستانی و حیمایەکانی دانا و هەموویان کوشتن، ئێران دەستی کرد بە تۆپبارانی ناوچەی باڵەکایەتی کە بە دەست یەکێتی یەوە بوو . پارتی هێزی لە کێلێ و سنورەکانی مەریوان پێنجوێن و هەڵەبجە کۆکردەوە. هەفتەی یەکەمی مانگی ئابی ١٩٩٤، پارتی لە کێلێ وە بە پشتیوانی تۆپخانەکانی سوپای پاسداران قەڵادزێ بە تۆپی ١٧٥ملم تۆپباران کرد و نزیکە ٦٠ هاوڵاتی کوشت و بریبدار کرد. دۆخەکە لە پارێزگای سلێمانی ئاسایی بۆوە، مامجەلال بارەگاکانی لە سلێمانی بۆ پارتی کردەوە، بەڵام لە بادینان دۆخەکە ئاسایی نەبۆوە، پارتی ئامادەنەبوو پارەی گومرگی برایم خەلیل تەسلیم ی حکومەت بکاتەوە. لەو ماوەیەدا تەنها یەك ملیۆن دیناری (ئاسن)ی نارد بۆ حکومەت!
جەولەی دوەمی شەڕ
پارتی هێزێکی گەورەی لەسەر شەقڵاوە کۆکردەوە و یەکێتی لەو شارۆچکەیە قەتڵوعام کرد. یەکێتی داوای وەستانی هێرشەکەی سەرشەقڵاوەی کرد، پارتی رازی نەبوو. کۆسرەت رەسوڵ چوە پارلەمان و وتی ئەگەر پارتی هێرشی سەر شەقڵاوە نەوستێنێ، یەکێتی هەولێر ئەگرێ، بەڵام پارتی گوێی پێنەدا. کۆتایی ساڵی ١٩٩٤ یەکێتی هەولێری گرت، هێزەکانی ئێران چۆمان و گەڵاڵە و قەسرێ یان لە یەکێتی گرت و تەسلیمی پارتی یان کرد، یەکێتی هێزەکانی پارتی لە سلێمانی دەرکرد و ڕەوانەی هەڵەبجەی کردن. پارتی لە هەڵەبجەوە بە چەك و جبەخانەی ئێرانی لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامیدا چەندین هێرشیان هێنایە سەر سەیدسادق و تا گامێش تەپە هاتن.
پارتی لە کەسنەزان و کانی قرژاڵە و بەحرکەوە چەندین جار هێرشی هێنایە سەر هەولێر، بەڵام هەمووی شکستی هێنا. مانگی ئازاری ١٩٩٥، یەکێتی هێزێکی زۆری بردە هێڵەکانی پێشەوە بەرامبەر سوپای سەدام. مامجەلال بارەگای خۆی بردە سەنگاو، کۆسرەت چوە ناوچەی مەخمور. لە چاوەڕوانی ڕودانی ئینقلاب لە بەغدا، یەکێتی هێرشێکی گەورەی کردە سەر سوپای عێراق لە گەرمیانەوە تا ئاسکی کەڵەك. پارتی ئەمەی بە هەل زانی، لە دواوە پەلاماری یەکێتی دا، هێرشی بردە سەر هەولێر بەڵام دیسان شکا. سوپای پاسدارانی ئێران، هێزێکانی پارتی لە مەریوانەوە گواستەوە بۆسەر سنور، هێزەکەی پارتی بە پشتیوانی تۆپخانەکانی هێرشیان بردە سەر پێنجوێن و بۆماوەی دوو ڕۆژ دەستیان بەسەردا گرت. لە هەڵەبجەوە دیسان بە پشتیوانی تۆپخانەی ئێران لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی هێرشیان هێنایە سەر سەیدسادق و شارەزوور.
یەکێتی بەتەواوی گەمارۆدرابوو، لەنێوان پارتی و بزوتنەوەی ئیسلامی و بەعس و ئێراندا، هیچ دەروازەیەکی پەیوەندی بە دنیای دەرەوە نەمابوو. ئێرانیەکان منەتیان بەداخستنی رادیۆکەی دیمۆکرات نەبوو، ئەیانوت پارتی زۆر لەوە زیاتری بۆ کردون زۆر زیاتریشیان بۆئەکا.
پاش سێ ساڵ لە پچرانی پەیوەندی، کۆتایی هاوینی ١٩٩٥، ئێران ڕێگەیدا یەکێتی نوێنەرایەتی لە کرماشان بکاتەوە. نۆڤەمبەری ١٩٩٥ ئاغای موحەمدی بە نوێنەرایەتی هاشمی ڕەفسەنجانی سەرکۆماری ئێران هاتە هەرێم و سەردانی تاڵەبانی و بارزانی کرد، ئەو کاتە لە کرماشانەوە بەرەو تاران ئەڕۆیشتم، لێپرسراوی ئیتیلاعات بەرلەوەی بەرگەی تارانم بداتێ، هێرشێکی باشی کردە سەر یەکێتی و تاڵەبانی، ئەو وەڵامدانەوەی منی بەدڵ نەبوو، وتی "ئێمە یەکیتی و پارتی هەردووکیان باش ئەناسین، یەکێتی ئامانی نیە و نابێتە دۆستمان، ئەوەتا هەفتەی پێشو مستەفا چاوڕەش لە کۆنگرەی حزبی دیمۆکرات لە بۆڵێ، قسەی ناشیرینی بە ئێران وتوە، وتوێتی یەکێتی و دیمۆکرات هاوخوێن و هاوخەباتن، تۆ سەیرکە بزانە پارتی هەرگیز ڕێگە بە دیمۆکرات و کۆمەڵە ئەدا یەك بارەگایان لە ناوچەکەی ئەودا هەبێ...." !
برایم خەلیل دەروازە و پردی سەرەکی هەریم بوو بە دنیای دەرەوە، حاجی ئۆمەران دووەم دەروازەی هەرێم بوو هەردوکیان بەدەست پارتی وە بوون. پارتی گەمارۆیەکی قورسی ئابوری و هاتوچۆی خستبوە سەر هەولێر و سلێمانی و گەرمیان، دۆخی ئابوری ئەم ناوچەیە زۆر خراپ بوو، خەڵك تەواو ماندوو بوو، هەموو ئەو هاوڵاتیانەی بەختی گەیشتنیان بەئەوروپا ڕەش بوو، لە کاتی سنورداشکردنەودا لە برایم خەلیل بەدیل ئەگیران، فەلاقە و هەندێکیشیان بێسەروشوێن ئەکران، لەکاتێکدا تارق عەزیز و ماهر عەبدولڕەشید و ئەمیر ئەنباری و سەرانی بەعس بە ڕێزەوە لێرەوە هاتوچۆیان ئەکرد.
لەسەرەتای ١٩٩٦ وە تا حوزەیرانی ئەوساڵە، پارتی چەند هیرشێکی دیکەی کردە سەر هەولێر بەڵام هەمووی شکستی هێنا. پارتی تەواو نائومید بووبوو لە گرتنی هەولێر.
لە حوزەیرانی ١٩٩٦، پارتی پەلاماری سورچیەکانی دا، سەرۆك و عەشیرەتەکەی خەڵتانی خوێن کرد، جەوهەری حسێن ئاغا بۆ تۆڵەکردنەوە پەنای بۆ چەند لۆردێکی بریتانی برد، بەڵام بێ هودە بوو.
ناوەڕاستی حوزەیرانی ١٩٩٦، هێزێکی سوپای پاسداران، لە حاجی ئۆمەرانەوە هاتنە سپیلك لەنێوان خەلیفان و هەریر کە هێزیکی گەورەی پارتی لێبوو، لەوێ بۆ مەشق و رەسەد گرتن لە شوینەکانی دیمۆکرات سێ ڕۆژ مانەوە. ئەم هێزە لە حاجی ئۆمەرانەوە گەرایەوە پیرانشار(خانێ) و دوایی بۆ ناوچەی مەریوان. ئێران گوشاری تەواوی خستە سەر یەکێتی کە ئەبێ ئەم هێزە لە سلیمانی یەوە بچیتە هەیبەت سوڵتان بۆ لێدانی دیمۆکرات لە کۆیە. یەکێتی حزبی دیمۆکراتی ئاگادارکردەوە کە شوینەکانیان چۆڵ بکەن، هێزەکەی ئێران بە سلێمانی دا هاتنە هەیبەت سوڵتان، ڕۆژێکی تەواو بوردومانی بارەگاکانی دیمۆکراتیان کرد بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە و تەنها یەك ژن بە سوکی برینداربوو بوو. ریکەوتنی ئێران و پارتی وابوو کە هێزەکە لای پارتی یەوە بگەڕێتەوە حاجی ئۆمەران، بەڵام هەر بە سلیمانی دا گەڕایەوە مەریوان.
سەرەتای ئابی ١٩٩٦ یەکیتی پەلاماری پارتی دا، نیاز دەرگەڵەیی بەخۆیی و هێزەکەیەوە تەسلیمی یەکێتی بوو، یەکێتی هەموو باڵەکایەتی گرت لە حاجی ئۆمران و چۆمان و گەڵاڵەوە هەتا سیدەکان. پارتی لە ڕادیۆوە هەڕەشەی لە یەکێتی کرد کە ئەو ناوچانە چۆڵ بکا ئەگەر نا خۆی ئەزانێ چی ئەکا. قادر خان ی برای کەریمخانی برادۆست، بە هێزیکەوە لە کێلە شینەوە هاتبوە ناوچەکە و لەوێ پارتی بە دیل گرتی و لەناوی برد. پاش چەند ڕۆژێك لە ڕۆژی کۆتایی ئابدا، سوپای بەعس بە سەدان دەبابە و دەیان هەزار حرس جمهوری یەوە پەلاماری هەولێری دا و گرتی و تەسلیمی پارتی کرد. تورکیا دەورێکی باڵای هەبوو لە بێدەنگیی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان بەرامبەر ئەم دەستدرێژییەی سەدام. تورکیا، گرتنی هەولێری بە دەسکەوتی گەورە بۆ کۆتایی هاتنی پرسی سەربەخۆیی کورد لێکدایەوە، ڕۆژێك دوای ٣١ی ئاب، ئانکەرە یەکسەر داوای کشانەوەی MCC کرد لە زاخۆ. پێشتر زۆر دژی بوونی MCC بوو لەناو هەرێم و داوای ئەکرد کە ئەبێ لەناو تورکیادا بێ.
سنوری ئێستای دێگەڵە لەلاین تورکیاوە و، بە قەڵەم و چاودێری ڕاستەوخۆی جەنەراڵ حەسەن قابڵان کێشراوە، بۆیە سڕینەوەی زۆر قورسە!