Draw Media

بیناكەی داود ئۆغڵۆ‌و بیناكەی خزمانی یەكێتی

بیناكەی داود ئۆغڵۆ‌و بیناكەی خزمانی یەكێتی

2019-08-29 13:11:23


ژوان ئەحمەد سەعید   

دوێنێ ئەحمەد داود ئۆغڵۆ، كەسی دیاری پێشووی ناو پارتی داد‌و گەشەپێدان‌و دەسەڵاتەكەی ئەردۆغان، لە چاوپێكەوتنێكیدا رەخنەی توندی لە ئەردۆغان گرت‌و بە وردی باسی دەوڵەت‌و پایەكانی دەوڵەتی كرد.

داود ئۆغڵۆ لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كەناڵ (5)ی توركیا وتی: ئەردۆغان هەموو خزمەكانی لەناو دامەزراوەكانی دەوڵەت دامەزراندوە، ئەوەش مەترسیەكی گەورەیە بۆ سەر پایەكانی دەوڵەت، چونكە دەوڵەت وەك بینایەك وایە، كاتێك بومەلەرزەیەك لەو بینایە دەدات كە هەمومان وەك یەك بوین ئەوا هەوڵ دەدەین هەمومان رزگار بین‌و بیناكە لە هەرەس بپارێزین‌و ئەگەریش هەرەسی هێنا چاكی بكەینەوە، بەڵام ئەگەر یەكێكمان لەو كاتەدا جگە لە خۆی، مناڵەكانی لەوێدا بێت، ئەوا تەنیا هەوڵی رزگار كردنی مناڵەكەی دەدات نەك هاوكار‌و هاوخوێنەكەی.

ئەمە بۆ حزبیش راستە، لەمێژووشدا زۆر دەبینین ئەو حزبانەی كە هەمیشە بەرەو بنەماڵەی یاخود تۆخكردنەوەی هێڵی خێزان رۆیشتون، هەمیشە بەرەو پوكانەوەو داروخان رۆیشتون.

حزبی بەعس ی سەدام حسێن، بەپێی گێڕانەوەی سەرانی بەعس خۆی، هەتا خزمانی سەددام‌و كورەكانی نەگەیشتبونە پۆستە باڵاكان، هێشتا بەهێز‌و خاوەن دید‌و ستراتیژ بوو بۆ كاری حزب‌و دەوڵەت، بەڵام بە هاتنە پێشەوەی كورانی سەدام‌و زاوا‌و ئامۆزا‌و براكانی، سەرلەبەری حزب‌و دەوڵەتەكەی هەرەسی هێنا.

حوسنی موبارەك‌و دەسەڵاتەكەی، لەگەڵ هاتنە پێشەوەی كورەكانی، توشی لێكترازانی زۆر‌و شكست بۆوە‌و تا روی كردە ئەو دیكتاتۆریەتەی كە گەیاندی بە چارەنوسی ئێستای.

حزبەكەی گاندی، لەسەر دەستی كچ‌و زاوا‌و خزمانی گاندی گەیەنراوەتە لێواری مەرگ‌و ئێستا ململانێكان بەرەو بچوكبونەوەی زیاتری دەبات، خەباتی گاندی‌و مێژووی حزبەكە دادی نادات‌و پەردەپۆشی گەندەڵی‌و بێتوانایی سەرانی حزبەكە نادات.

هێنانە پێشەوەی خزم‌و كوڕ‌و نەوە تەنیا قۆرخ كردنی دەسەڵاتەكان نیە، بەڵكو رێوشوێنێكیشە بۆ گەندەڵ بون‌و فەوتانی حزب‌و دەسەڵات، كوڕی بەرپرس‌و سەرۆك‌و .. هتد، لە بیناكەدا هەرچی بكەن لێپرسینەوەیان نیە، هەر ئاراستەیەك هەڵبژێرن پێویستە حزب شوێنیان بكەوێ‌و پێگەی باوكیان دەیانپارێزێت لە هەموو لێپرسینەوەیەك.

بەركەوتەی حزب لە هەڵبژاردن، لە پۆستەكانی حزب، سەرەتا بۆ كوڕ‌و نەوەكانە، بەبێ ئەوەی توانا‌و لێوەشاوەیی لەبەرچاو بگیرێت، شكستەكانیشیان بە چەپڵە‌و وتاری شۆڕشگێڕانە بۆ دەكرێت بە سەركەوتن‌و كەسانی دیكە بە داوی شكست دەشكێنن، سەركەوتنی ئەوانی دیكە بچوك دەكرێنەوە، تا شكستی كوڕ‌و كچی شیرینی سەرۆك‌و بەرپرسان وەك هاوشێوەی سەركەوتن وێنا بكرێت.

كە نەوەی سەرۆك‌و بەرپرسان هەبون، هەمیشە دەربار‌و بەردەستیشیان بۆ دروست دەكرێت، تا ببنە لۆبیەك بۆ شاباشی شكستە یەك لەدوای یەكەكان‌و بڵاوكردنەوەی نائومێدی لەناو بنكەی جەماوەری، بەجۆرێك بنكەی جەماوەری بەو دیفاكتۆیە قایل بێت بۆ ئەوەی ئەگەر خوانەكردە باوكی ئەم كچ‌و كوڕە شیرینە ئەگەر نیگەران بێت ئەوا رەنگە نیگەرانی‌و زویر بونی ببێتە هۆی لێكترازانی ئەم پەیكەرەیە ئەگەر حزب بێت یان دەوڵەت.

دیسپلین‌و پایەكانی حزب لە ئامادەگی نەوەی بەرپرسان، هەمیشە پێشێلكراوە‌و هیچ بەهایەكی نامێنێ، چونكە پایەی سەرەكی لە كاری حزبدا پاداشت‌و سزایە بۆ كاری باش‌و خراپ، بەڵام دەستەی خزمان لەمە بەدەرن، نەوەی بەرپرسان چاوەرێی پاداشتن‌و سزا نایانگرێتەوە، دەستوپێوەندی ئەوانیش بەهەمان شێوە، لەم دۆخەشدا كەسانی دیكەش همان رەفتار دەكەن‌و لێپرسینەوە لەوانیش ناكرێت نەوەك هەمان رەخنە لە نەوەی بەرپرس‌و سەركردەكەش بگیرێت.

بیناكەی یەكێتیش ئێستا هەمان ئاقاری گرتوە، هەموان لەخەمی ئەوەدان ئایندەی كوڕ‌و كچانیان لە بەركەوتەكانی ناو حزب یان حكومەتدا مسۆگەر بكەن، ئەگەر هەر هەژانێك بینای حزبەكە بگرێتەوە ئەوان لە خەمی رزگار كردنی كورەكانیانن نەك بیناكە‌و كەسانی تری ناو بیناكە كە تێكۆشەر‌و ماندوەكانن، بۆیە خەمی سەرەكی خۆیان‌و نەوەكانیانن نەك حزب‌و كەسە قوربانیدەرەكانی.

لە هەر هەژانێك كە بینای یەكێتی بخاتە مەترسیەوە، دەبێت خەمخۆرانی یەكێتی شان بەدەنە بەر پاراستن‌و تۆكمە كردنەوەی حزب تا سەركردە‌و بەرپرسان ‌و نەوەكانیان بێن لەسەر كورسیە نەرمەكانی ناو بیناكە دانیشن، بەڵام ئەمە تاكەی بەردەوام دەبێت؟

ئایا بینای یەكێتی بەرگەی چەند هەژانی تر دەگرێت؟

خەمخۆرانی یەكێتی تاكەی ئامادەن كۆست بۆ ئەمان‌و پۆست بۆ سەركردە‌و كورەكانیان بێت؟

ئەگەر ئەو دۆخەی ئێستا بە كۆنگرەیەكی گۆرانكاری‌و ئازاد رێك نەخرێتەوە، گومانم نیە سەرەنجامی بیناكەی یەكێتی هەمان چارەنوسی حزبە شۆڕشگێڕەكانی تری لێدێت كە بە هۆی هەڵە‌و گەندەڵی‌و نازداری نەوەی سەركردەكانەوە هەرسی هێنا‌و چونە ناو لاپەڕە لەبیركراوەكانی مێژوەوە.

 

ئەم وتارە گوازرشت لە بۆچونی نوسەرەكەی دەكات و درەو لێی بەرپرس نیە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand