كاتی شكاندنی سندوقە ڕەشەكی ئاكپارتی هاتووە
2019-08-29 09:27:42
هیوا سەید سەلیم
لە خاسیەتە تایبەتەكانی دەوڵەتی توركیای نوێ، لە پاڵ دەسەڵاتەكانی( یاسادانان – جێبەجێكردن – دادوەری) بوونی هێزی شاراوەیە، هێزی شاراوە لە سەد ساڵی ڕابردووە هەڵساوە بە ئەنجامدانی كاری تیرۆری سیاسی، كودەتا و گرتن و ڕاودونانی چالاكوانانی سیاسی و دەستگیركردنی رۆژنامەنووس و میدیاكار و چەندین تاوانی گەورەی دیكەی .
لە توركیا پێش دەسەڵااتی پارتی دادوگەشەپێدان، میدیا و ئازادی كاری میدیایی ڕۆڵی باشی گێڕاوە بۆ پەردەهەڵدانەوە لەسەر ئەو هێزە شاراوانە و هەموو ئەو تاوانانەی كە ئەو هێزانە ئەنجامیان داوە.
بەڵام بەهاتنە سەر دەسەڵاتی پارتی دادوگەشەپێدان لە توركیادا، بە بەرنامە كار بۆ بەشارەوە هێشتنەوەی چەندین دۆسیەی گرنگ كراوە، هەروەها كاری میدیایی بە گشتی و میدیای ئازاد تا ئاستێكی زۆر سنوورداركراوە، لە داخستنی چەندین كەناڵی میدیایی و زیندانی كرنی رۆژنامەنووسان بە تایبەت ئەوانەی كە ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتی ئەكەپە بوون ، ئەویش بۆ ئەوەی میدیا نەتوانێت بەكاری خۆی هەڵسێت، بە تایبەت بۆ پرسێكی واگرنگ، لە ئاشكراكردنی هێزە شاراوەكانی پەنای دەوڵەت.
سیناریۆی كودەتای تەمووزی 2016، تەقینەوەكانی ساڵی 2015 لە شارۆچكەی سنووری سووچی، هەروەها تەقینەوەی هەمان ساڵ لە شاری ئەنقەڕە، كە بە دەیان هاوڵاتی كورد بوونە قوربانی، دەرەنجامەكانی ئۆپڕاسیۆنی دژە گەندەڵی، دۆسیەی فەتحوڵا گولەن، تێكچوونی پرۆسەی ئاشتی، هەموو ئەو دۆسیانەن كە هێزی شاراوەی لە پشت بووە.
لە ئێستادا كە لە توركیا هاوڕێ كۆنەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرقاڵی دامەزراندنی پارتێكی تازەن، خەریكە سەرەداوی ئەو دۆسیە نەهێنیانە دەردەكەون و ئەوان لە دژی یەكتری هەندێكیان ئاشكرا دەكەن، بۆیە ناكۆكی ئەمانە رێخۆشكەر دەبن كە سندوقە ڕەشەكەی توركیا بشكێت و هەموو ئەو دۆسیانەی پشتی پەردە ئاشكرا بكرێن.
لە چەند رۆژی ڕابردوو سەرۆكی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، لەبەرامبەر ئەو هەنگاوەی كۆنە هاوڕێكانی بە تایبەت بابەجان و داود ئۆغلو، هەڵوێستی توندی دەڕبڕی، بە كودەتاچی و خائین ناوزەدی كردن، ئەمەو ئەوانیش بێدەنگ نەماون، بەهەمان شێوەی ئەردۆغان توندبوون، وە تەنانەت داودئۆغلو هەڕەشە دەكات و ڕوو لە سەرۆكی توركیا دەڵێت:
(ئەگەر دۆسیەی تیرۆر هەڵبدرێتەوە زۆر كەس شەرم دەكات بێتە ناو خەڵك)
بە وورد بوونەوە لە قسەو لێدوانی ئەردۆغان و هاوڕێ كۆنەكانی، كە زۆربەیان لە ڕابردوو ئاستی حزب و حكومەتدا لە پۆستی باڵادابوونە، تێدەگەین كە لەسەر دەستی ئەواندا چ تاوانێك بەرامبەر خەڵكی توركیا بە گشتی و كورد بە تایبەتی ئەنجام دراون.
لەم ساڵانەی دواییدا بە تایبەت دوایی گۆڕینی سیستەمی پەرلەمانی بۆ سیستەمی سەرۆكایەتی لە توركیادا دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەری زیاتر كەوتۆتە ژێر كاریگەری دەسەڵاتی سیاسی بە تایبەتی ئاك پارتی و سەرۆكەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان،ئەردۆغان و حزبەكەی تەواو ئەو دەسەڵاتەیان كۆنترۆل كردووە، ئەگەرنا دەبوو ئێستا لەبەرامبەر ئەو تۆمەت و زانیاریانەی كە ئەردۆغان و نەیارەكانی ئاڕاستەی یەكتری دەكەن پەرلەمانی توركیا و دەسەڵاتی دادوەری زۆرێك لەمانە بانگهێشت بكات و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكات.
چاوەڕوان دەكرێت ناكۆكیەكانی ناو پارتی دادوگەشەپێدان زیاتر بەربستێنێت، وە دەرگای سندوقە ڕەشەكەی توركیا زیاتر ئاوەڵا بێت، هەروەها بە دەیان تاوان و دۆسیەی شاروە لە لایەن لایەنە ناكۆكەكانی ئاكپارتی دژی یەكتری ئاشكرا بكرێن.
هەموو لایەك دەزانین كە لە توركیا و باكووری كوردستاندا، كورد بە گشتی و پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپ) بە تایبەتی قوربانی زۆری سیاسەتی دۆسیە شاراوەی پارتی دادوگەشەپەدان بوونە، لە ئێستادا بە هەزاران كەسیان لە زیندان دان، دۆسیەی زیندانیانی هاوسەرۆكەكانی هەدەپ و سەرۆك شارەوانیەكانیان و هەڵسوڕاونی ئەو پارتە لە نێو سندوقە ڕەشەكە قایم كراون .
چاوەڕوانین ناكۆكیەكانی ئەردۆغان و داود ئۆغلو، ئەو ڕاستیانە ئاشكرا بكەن كە تا ئێستاش بە شاراوەیی ماونەتەوە، وەك ئەوی باوە وە هەمیشە دەوترێت ( كاتێك دزەكان ناكۆك دەبن ڕاستیەكان ئاشكرا دەبن).