Draw Media

نه‌خۆشی به‌ پارتیبوون

نه‌خۆشی به‌ پارتیبوون

2019-08-29 06:13:05


سەرتیپ وەیسی كەریم 

بۆچی له‌ خۆتان ناپرسن كاتێك مام جه‌لال خودی خۆی فوئاد حسینی ، وه‌كو كادیرێكی دڵسۆزی یه‌كێتیتی ده‌هێنێته‌وه‌و پێشنیاز بۆ بارزانی ده‌كات بیكات به‌ سه‌رۆكی دیوان دوای ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ پارتی ؟
كاتێك ئاشتی هه‌ورامی له‌ ڕێگه‌ی به‌رهه‌م ساڵحه‌وه‌ بۆ نێچیرڤان بارزانی پێشنیاز ده‌كرێت، بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان و هه‌رخۆشی ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ئاشتی هه‌ورامی ده‌داته‌ نێچیرڤان بارزانی تاوه‌كو قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكات، ئه‌ی بۆچی دواتر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پارتی كاری كردو بوو به‌ پارتی ؟
له‌ خۆتان ناپرسن بۆچی كاتێك نه‌جمه‌دین كه‌ریم له‌ ئه‌مه‌ریكاوه‌ هێنراوه‌یه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان و كرایه‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی، ماوه‌یه‌كیش بوو به‌ یه‌كێك له‌ نه‌یاره‌ سه‌رسه‌خته‌كانی پارتی دواتر بوو به‌ پارتی ؟
ئازاد جوندیانی كه‌ یه‌كێك بوو له‌ موریده‌كانی یه‌كێتیتی و مام جه‌لال، بۆچی چووه‌ به‌ره‌ی پارتی و ده‌ستی له‌ پۆسته‌كه‌ی هه‌ڵگرت؟!
عارف ڕِوشدی كه‌ له‌ ناوجه‌رگه‌ی بادینان ته‌حه‌دای پارتی ده‌كردو ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی بوو، بۆچی دواتر ده‌رپه‌ڕی و بووه‌ پارتی؟
خۆ كێشه‌كه‌ هه‌ر سیروان كێخوا نه‌جمه‌كان نین، كه‌ له‌سه‌ره‌تای دروستبوونی یه‌كێتیه‌وه‌ قوربانیانی بۆ حزیه‌كه‌ی داوه‌ دواتر ده‌رده‌كه‌وێ لینكیان هه‌یه‌، چونكه‌ ده‌یان كه‌سی دیكه‌ له‌ حزبه‌ سیاسییه‌كان له‌ نێوشیان بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌وانه‌ ( محمد حاجی ، مه‌سعود حیده‌ر، كاروان صاڵح ، ڕیباز حه‌ملان...هتد ) چه‌ندین كه‌سی دیكه‌ بوونه‌ پارتی و بۆته‌ دیارده‌كی زۆر به‌ربڵاو؟
بۆچی ئه‌گه‌ر دوو به‌رپرس یه‌كێیكیان پارتی و ئه‌وی دیكه‌ له‌ هێزه‌كانی دیكه‌ ببنه‌ هاوڕێ و به‌یه‌كه‌وه‌ كاربكه‌ن، هه‌مووان ده‌ڵێن فلانه‌ كه‌س بوویته‌ پارتی و به‌ كه‌سه‌ی پارتی ناڵێن بۆته‌ یه‌كێتیی، یاخود گۆڕان؟
بۆچی هیوای جه‌وهه‌ر قادر له‌ پارتیه‌وه‌ ده‌بێته‌وه‌ یه‌كێتیی، دوای ئه‌وه‌ی ده‌بێته‌ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگار، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ناو پارتی ؟!
بۆچی كاكه‌ حه‌مه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ پێشمه‌رگه‌ سه‌ره‌تاكانی یه‌كێتیی و كه‌س وه‌كو ئه‌و قسه‌ی له‌سه‌ر 31 ئاب نه‌كرد و دۆستی ئێران و یه‌كێتیی بوو، دواتر بووه‌ پارتی؟!
بۆچی دیندار دۆسكی كه‌ كه‌سی دووه‌م و سێهه‌می یه‌كگرتووی ئیسلامی بوو بوو به‌ پارتی؟ بۆچی زۆربه‌ی ئیخوان و یه‌كگرتووی بادینانه‌ دڵی بۆ پارتی لێده‌دات؟!
بۆچی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی زۆربه‌ی سه‌ركرده‌كانی ئێستایان له‌ هه‌ڵوێسته‌كانیان بوونه‌ته‌ پاشكۆیی پارتی ؟
بۆچی به‌ سه‌رۆكی تیمی حكومه‌تی حزبه‌كان له‌ حكومه‌ت ده‌ڵێن پارتی و نیوه‌ پارتی به‌ قوباد تاڵه‌بانی كوره‌ گه‌وره‌ی مام جه‌لالیشه‌وه‌؟!
باشه‌ بۆچی ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌ حزبێكی سیاسی به‌ ئیسلامی و عه‌لمانییه‌كان جیاده‌بێته‌وه‌، یان وازده‌هێنێت یه‌كسه‌ر تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی ده‌خرێته‌ پاڵ بۆته‌ پارتی ؟ بۆچی پێچه‌وانه‌كه‌ی نابینین كه‌ سه‌ركرده‌و كه‌سێكی باڵای ئه‌و حزبه‌ ڕووبكاته‌ دژه‌كانی پارتی؟!!!
باشه‌ ئه‌گه‌ر پارتی ده‌زگای موخه‌به‌رات و هه‌واڵگری گه‌وره‌ی هه‌یه‌، خۆ یه‌كێتیش ده‌زگای زانیاری هه‌یه‌و بودجه‌ی زه‌به‌لاحی له‌ بنده‌ستدایه‌ ؟!
بۆچی ئه‌و حزبه‌ سیاسیانه‌ ناتوانن كه‌ پارێزگاری له‌ مانه‌وه‌ی به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌و كادیرانه‌كانیان بكه‌ن و ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ پاره‌و ئیمتیازات و ئیختراقی ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانه‌، باشه‌ خۆ ئه‌وان په‌یڕه‌و دسپلین و پاره‌یان هه‌یه‌، بۆچی نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌ندامه‌كانیان له‌ فلته‌ر بده‌ن و پارێزگاری له‌مانه‌وه‌یان بكه‌ن؟!
ره‌نگه‌ به‌شێك له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ ئه‌وه‌ بێت، كه‌ سه‌ركرده‌و كادیرانه‌ی ئه‌و حزبانه‌ ده‌زانن كه‌ سه‌ركرده‌كانیان، په‌یوه‌ندی هاوبه‌شیان له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی پارتی هه‌یه‌، پارێزگاری له‌ به‌رژوه‌ندییه‌كانی یه‌كتر ده‌كه‌ن، هه‌ربۆیه‌ش ئه‌وان بێهیوا ده‌بن و به‌ دوای هه‌نگاوه‌كانی ئه‌وان ده‌چم !!!
به‌ر له‌وه‌ی سه‌ركۆنه‌یان بكه‌ن، جارێ ئه‌و پرسیاره‌ له‌ خۆتان بكه‌ن بۆچی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ لای ئێوه‌ ده‌ڕۆن ده‌بنه‌ پارتی و پێچه‌وانه‌كه‌ی نابینین ؟!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand