بەڵای گەندەڵی لە کۆتا سنوری جیهان
2019-08-28 19:42:32
سایمۆن واتکنس
وەرگێڕان: زانا
ماڵپەڕی: ئۆیڵ پرایس.کۆم
وا دەردەکەوێت، بەو خێراییەی هەواڵە ئەرێنییەکان بڵاودەبنەوە سەبارەت بەو بەشە زۆر و گەشە سەندووەی سامانی نەوت و گازی هەرێمی نیمچە ئۆتۆنۆمی کوردستان لە باکوری عێڕاق، زۆرێک لە هەواڵ و نیشانەی نەرێنی گەندەڵی بە خێرایی بە دوای خۆیدا دەهێنێت. ماڵپەڕی ئۆیڵ پرایس (Oilprice.com) لە بەدواچوونێکی تایبەت بە ماڵپەڕەکەیان ئاشکرای دەکات کە، داوایەکی یاسایی دژی حوکمەتی هەرێمی کوردستان و بە شەخسی دژی وەزیری سامانە سروشتییەکان (عەبدوڵا عەبدولڕەحمان عەبدوڵا) ناسراو بە ئاشتی هەورامی تۆمار کراوە، بە بەڵگەی کۆمەڵێک کاری نایاسایی.
ئەم داوا یاساییە لە بەرواری ١٤ی ئابی ٢٠١٩ لە دادگای شاهانەی بەڕیتانیا تۆمارکراوە، لە لایەن کۆمپانیای دایناستی پێترۆڵیۆم (Dynasty Petroleum) بۆ بازرگانی نەوت وغازی سنوردار. لە سکاڵاکەدا حوکمەتی هەرێمی کوردستان و ئاشتی هەورامی تاوانبار دەکات بە پیلانگێڕی بۆ زیانگەیاندن بە کۆمپانیاکە، لە ڕێگەی هەڕەشە و تۆقاندنی نا یاسای، دەستێوەردانی نا یاسای و هەوڵدان بۆ قایل کردنی لایەنی دووەم بۆ پێشێلکردنی گرێبەستەکەی لە گەڵ کۆمپانیاکەدا، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم کەیسە بە تایبەتی ئاشتی هەورامی تۆمەتباردەکات. ماڵپەڕی ئۆیڵ پرایس لە چەند سەرچاوەیەکی نادیاری جیا جیاوە بۆی دەردەکەوێت کە، داواکانی کۆمپانیای دایناستی پێتڕۆڵیۆم بە تەواوی لە ئاستی ستانداردەکانی سیاسەتی ئاشتی هەورامیدایە، لەو کاتەوەی یەکەمجار بوو بە وەزیری سامانە سروشتییەکان لە ساڵی ٢٠٠٦. کێشەکانی کۆمپانیای دایناستی پێترۆڵیۆم دەستی پێکرد، کاتێک ڕەتیکردەوە هیچ بڕە پارەیەکی نا یاسایی بدات بە حوکمەتی هەرێمی کوردستان.
ماڵپەڕی ئۆێڵ پرایس ئاگادارە کە، ئەو هەوڵانەی برەو دەدەن بە پێدانی پارەی نا یاسایی ڕوودەدەن و حیزبەکانی فەرمانڕەواش بە تەواوی ئاگایان لێیەتی. لە ڕاستیدا، دوابەدوای دیاریکردنی مەسرور بەرزانی لە ١٠ی تەمووز وەکو سەرۆکی حوکمەت و نێچیرەڤان بەرزانی ئامۆزای وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هەروەها سەرۆکی پێشووی کوردستان مەسعود بارزانی کە، هێشتا هەڵسوڕێنەری دەسەڵاتەکانە لە دووری کورسی سەرۆکایەتییەوە، لە لایەن ئەمانەوە ئاشتی هەورامی وەکو کەسی یەکەمی کاروباری وزە دیاریکرا و لە لایەن بنەماڵەی بارزانییەوە بە ئەندازیاری کەرتی نەوت و غازی سەرانسەری هەرێمی کوردستان پەسن دەکرێت.
کۆمپانیای دایناستی پێتڕۆڵییەم خۆی لە سەروی کارە نایاساییە ڕاگەیاندراوەکان دەبینێت، کۆمپانیاکە پێی وایە کە، کۆمپانیاکەیان دەبوو بەشێک بێت لەو هەوڵانەی ئیدارەی بازرگانی وڵاتێک دەیدات لە بەرەو پێشبردن و بنیادنانی کەرتی نەوت و غاز وەک ئەوەی حوکمەتی هەرێمی کوردستان وایدادەنێت دەیکات. ساڵێک یان زیاتر لەمەوبەر، کۆمپانیای دایناستی پێتڕۆلیۆم لە لایەن خاوەنە کوردەکانی کۆمپانیاکانی ( South Kurdistan Group) و ((Tigris Holding دامەزرا لە شاری سلێمانی و پێش دامەزراندنی ئەم کۆمپانیایەش هەر چالاکبوون لە بازرگانی نەوت و گاز و پاڵاوتندا. کۆمپانیای دایناستی پێتڕۆلیۆم دەستی بە گفتوگۆکرد لەگەڵ گەورە کۆمپانیای نەوتی ئیسپانی ڕیپسۆڵ بۆ کڕینی هەندێک لە سەرمایەکانی لە هەرێمی کوردستاندا.
کۆمپانیای دایناستی پێترۆڵیۆم لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کۆمپنیای ڕیپسۆڵ، بە دیاریکراوی ڕێککەوت بە كڕینی پشکەکانی کۆمپانیای تالیسمانی کەنەدی کە، پێکهاتوون لە بلۆکی نەوتی (K39) و بلۆکی نەوتی (K44). ئەمەش بە پێی ڕێککەوتنێکی ستانداردی كڕین و فرۆشتن (ئەم دوو بلۆکی نەوتییە پێشتر بە دەست کۆمپانیای تالیسمانەوە ببوو، دواتر کۆمپانیای ڕیپسۆڵ لێی کڕیببوون.....)(وەرگێر).
هەردوو کۆمپانیای تالیسمان و ڕیپسۆڵ وەکو بەڵێندەر و کارڕێکخەری کێڵگەی نەوت و غازی تۆپخانە لە (بلۆکی K39) و کێڵگەی نەوت و غازی کوردەمیر لە (بلۆکی K44) کاریانکردووە بە شێوەی بەرهەمهێنان بە گرێبەستە هاوبەشەکان (PSCs).
بە گوێرەی لێکۆڵینەوە سەربەخۆ جۆر بە جۆرەکان، هەردوو کێڵگەکانی تۆپخانە و کوردەمیر پێکەوە مەزەندەی ٢ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوت لە جۆری ڕەنگی زەرد و خەست، لەگەڵ ٧ تریلیۆن و ٢٠٠ ملیار پێی سێجای گازی سروشتی بە ڕێژەیەکی کەمی دوانەئۆکسیدی کاربۆن و هایدرۆجینی گۆگردی کراوە. ئەم بلۆکانە لە قوڵییەکی کەمدا بایەخی شاراوەی زیاتریان هەیە ، لە تاقی کردنەوەی بیرەکانی ئەم بلۆکانەدا سەرچاوەی شلی زیاتریان دەرخستووە. کاتێک ئەو پلانانە بۆ قۆناغەکانی گەشەسەندنی ئەم بیرانە تەواوکران، هەر لە سەرەتاوە تا دواتر لەو کێڵگانە ڕادەبینرێت، کە بە هەردوو نەوتی خاو و بەرهەمە خەستەکان بەلای کەمەوە ٢٥ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە و زیاتر لە ٦٠٠ ملیۆن پێی سێجای غازی سروشتی ستاندارد بەرهەم بهێنێت.
هەفتەی ڕابردوو سەرچاوەیەکی نەناسراو بە ماڵپەڕی ئۆیڵ پرایسی ڕاگەیاند " پاش ئەوەی لێکتێگەشتنێکی تێروتەسەل دروستکرا، هەموو لایەنە یاساییەکان ڕێککەوتن. هەردوو کڕیاڕ کۆمپانیای دایناستی و فرۆشیار کۆمپانیای ڕیپسۆڵ بێگومان دڵخۆشبوون زبە بەرەو پێشکەوتنی ئەم ڕێککەوتنە. هەر لەماوەی دانوستاندنەکەدا ملیۆنان دۆلاری ئەمەریکی لە کۆمپانیای دایناستی پێترۆڵیۆم وەرگیراوە لە لایەن کۆمپانیای ڕیپسۆڵەوە، ئەوەی مابوو پەیوەست بووە بە دەسەڵاتدارانی حوکمەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئیمزاکردنی فۆرمی گۆڕینی دەسەڵات لە کۆمپانیای فرۆشیارەوە بۆ کۆمپانیای کڕیار لەوبلۆکانەدا، لەم خاڵەی کۆتاییدا بوو کە کێشەکە دەستی پێکرد." هەروەها سەرچاوەکە وتی " لە ڕووی تیۆرییەوە نەدەبوو هیچ کێشەیەک ڕوویدابایە، وەک بە گوێرەی مادەی ٣٩.٧ یاسای گرێبەستە هاوبەشەکانی بەرهەمهێنان (PSCs) ڕێگە پێدان بە گۆڕینی دەسەڵاتی (کۆنترۆل)ی کۆمپانیاکان ناتوانرێت نەدرێت یان دوابخرێت لە لایەن حوکمەتی هەرێمەوە."
لە کۆتایی یاسای گٶڕینی دەسەڵات (کۆنترۆڵ) " لە بڕگەی ٣٩.٧ کە لێرەدا شەیتانەکە خۆی مەڵاسداوە، لە کۆتا دێڕدا دەڵێت .... داواکردنی ڕێگەپێدانی حوکمەت، کە ئەم ڕێگە پێدانە نابێت بە بێ هۆکار نەدرێت یان دوابخرێت." ئەوەی سەرەوە سەرچاوەیەکی نزیک لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بە ماڵپەڕی ئۆیڵ پرایسی وت. هەمان سەرچاوە بە ماڵپەڕەکەی وت " هۆکارەکان یان درێژکردنەوەی کات بۆ نەکردن یان دواخستنی پرۆژەیەک لە لایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە، یەکسەر وا لە خاوەن کارێک یان کۆمپانیایەک دەکات بیربکاتەوە و بڵێت ئەمە بێ هۆکارە، بەڵام بۆ کاربەدەستانی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بێ هۆکار نییە تا ئەو کاتەی پشکێکی خۆڕایی پرۆژەکان یان بڕە پارەیەکیان پێدەدرێت، دواتر کاربەدەستەکانی وەزارەت ڕازی دەب، کە دواخستن و بەڕێنەکردنی ئەو کۆمپانیا و خاوەن کارانە بەبێ هۆکار بووە و ئێستا دەتوانن پرۆژە و کارەکانیان دەست پێ بکەن و بەردەوام بن."
بە پێی سەرچاوەکەی سامانە سروشتیەکان، لە کەیسەکەی کۆمپانیای دایناستی پێتڕۆلیۆمدا، ئەوە بە تەواوی ڕوونکرابووە کە ڕێگەدان بە گۆڕینی دەسەڵاتی (کۆنترۆل) کۆمپانیاکە کە لە لایەن حوکمەتی هەرێمی کوردستانەوە دەکرێت، پێویستە کۆمپانیاکە بە چەند شێوەیەک پارەی پێشەکی بدات " پشکی ئاشتی هەورامی هەمیشە لە نێوان ٢٠ بۆ ٣٠ لە سەتە بە گوێرەی بەهای تەواوی ڕێککەوتنەکە. لەگەڵ هەندێ پارەدانی تر هەر لە سەرەتای پرۆژەکانەوە، تاوەکو کاتی بەرهەمهێنان. بڕێک پارەی کەمتر دراوە بە کەسایەتییە پایە بەرزەکانی ئیدارەی حوکمەت."
سەرچاوەیەکی تری نەناسراو بە ماڵپەڕەکەی وت " لە بنەڕەتدا کاتێک ئاشتی هەورامی دیاریکرابوو وەکو وەزیری سامانە سروشتییەکان لە ساڵی ٢٠٠٦ ئەم پشکی لە سەتا ٢٠ بۆ ٣٠یە دەخرایە سەر هەژمارێک، گوایە بە کاردەهێنرێت بۆ بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەم هەنگاوە وا دەردەکەوێت لە ئێستادا وازی لێهێنراوە."
کاتێک کۆمپانیای دایناستی پێترۆڵیۆم ڕەتیکردەوە پارەی نا یاسایی بدات، تەنها ئەوە نەبووە کە ڕێگەدان بە گۆڕینی دەسەڵات (کۆنترۆڵ)ی کۆمپانیاکە نەدرێت بە شێوەیەکی ئاسایی، بەڵکو بە پێی ئەو بەڵگانەی کە ماڵپەڕەکە توانیویەتی بەدەستی بهێنێت لە سکاڵای کۆمپانیاکەدا، لە دادگای شاهانەی بەڕیتانیا کە، کامپینێکی ڕێکخراوی هەڕەشە و تۆقاندن لە دژی کەسایەتییە گرنگەکانی کۆمپنیای دایناستی پێتڕۆلیۆم دەستی پێکردووە.
وەک لە داوا یاساییەکەی کۆمپانیاکەدا هاتووە، ئەم هەڕەشەو تۆقاندنە لە قوباد تاڵەبانییەوە کە لە ساڵی ٢٠١٤ وە جێگری سەرۆکی حوکمەتی هەرێمی کوردستانە، لە هەمان کاتدا ئەندامی ئەنجومەنی کاروباری نەوت و غازە لە هەرێمی کوردستاندا دەستی پێکردووە. بە ئاشکرا وەکو بریکارێکی ئاشتی هەورامی ڕەفتاری کردووە، بە پەیوەندیکردن لە ڕێگەی واتس ئاپەوە بە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دایناستی پێتڕۆڵیۆم (هیوا ئاوات عەلی) داوای لێدەکات گرێبەستەکەی لەگەڵ کۆمپانیای ڕیپسۆڵدا هەڵبوەشێنێتەوە.
کاتێک عەلی لاری دەبێت لە هەڵوەشاندنەوەی گرێزبەستەکە، وەڵامی دەداتەوە بڕیارە حوکمەتی هەرێمی کوردستان و ئاشتی هەورامی جارێکی تر ڕێگە بە عەلی نادەن پێ بخاتە خاکی کوردستانەوە ئەگەر ئەو گرێبەستە لەگەڵ کۆمپانیای ڕیپسۆلدا هەڵنەوەشێنێتەوە. پێش ئەوەش، ئاشتی هەورامی و کەسایەتی پلە بەرزی حوکمەت ڕێککەوتبوون بۆ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرانی جێبەجێکاری کۆمپانیای ڕیپسۆڵ لە بەرواری ٧ی ئابی ٢٠١٩، وەڤدەکەی حوکمەتی هەرێم هەمان داواکارییان دووبارە کردبووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە، بەڵام لە لایەن کۆمپانیای ڕیسپۆڵیشەوە داواکەیان ڕەتکرایەوە.
لەمانەش زیاتر، وەک لە درێژەی داوا یاساییەکەی کۆمپانیاکەدا هاتووە، دواتر عەلی پەیوەندی پێوەکرابوو بۆ بینینی بەرپرسی ئاژانسی زانیاری و پاراستن لاهور شێخ جەنگی. پاشان لاهور لە ڕێگەی پەیوەندی دەنگییەوە ئاشتی هەورامی هێنابووە ناو گفتوگۆکەوە، هەروەها ئاشتی هەورامی داوای لە لاهور کردبوو هێز بەکار بهێنێت، بۆ ئەوەی وا لە عەلی بکات لە ڕێککەوتنەکە بکشێتەوە. لاهوریش داواکەی ڕەتکردەوە.
وەها داواکارییەک لە لاهور هێز بەکار بهێنێت بۆ زۆرکردن لە عەلی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ کۆمپانیای ڕیپسۆڵدا، چەند ڕۆژێک دواتر دووبارە کرایەوە لە لایەن هەورامییەوە، لە کۆتایی مانگی ئایار. لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا لە بەروارەکانی ٤ی ئایار و ٢٩ی ئایار ئاشتی هەورامی بە دیاریکراوی ڕایگەیاند، کە دەیەوێت گرێبەستەکان لە ڕیپسۆڵ وەرگرێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێ دووبارە بیانفرۆشێتەوە؛ ئەمەش بە گوێرەی ئەو بەڵگانەی ماڵپەڕی ئۆیڵ پرایس لەدادگای شاهانە بینیوینی.
وەک ئەوەی لەسەر کەیسەکەی کۆمپانیای دایناستی ڕاوەستێ، حوکمەتی هەرێمی کوردستان و ئاشتی هەورامی ٢١ ڕۆژیان لە بەردەمدایە، لەو بەروارەی کە، داوا یاساییەکە تۆمارکراوە و مۆرکراوە بۆ هەبوونی وەڵام و ڕوونکردنەوە لە سەر داوا یاساییەکە. بە گوێرەی بەڵگەکانی دادگا، کۆمپانیای دایناستی پێتڕۆڵیۆم سکاڵا دەکات بە قەرەبووکردنەوەیەک کە، کەمتر نەبێت لە ١ ملیارو ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی. ئەمەش وەکو قەرەبووی ئەو زیانانەی کاتێک کۆمپانیای دایناستی دەیکات لە پرۆژەکەدا، ئەگەر وەکو ئەوەی لە سەری ڕێککەوتووە و پلانی بۆ دانراوە نەبێت.
بەڵگەکە وەک ئەوەی بوونی هەیە لە پەڕاوەکانی دادگاکەدا، بە بەهێزی دەردەکەوێت، هەروەها دراوە بە هەمان دادگای بەڕیتانی کە تێیدا کۆمپانیای کریسنت پێتڕۆڵیۆم و دانا غاز کەیسیان بردبووەوە دژی حوکمەتی هەرێمی کوردستان، وا چاوەڕوان دەکرێت بەهەمان ئەنجامی ئەرێنی لە بەرژەوەندی کۆمپانیاکەدا دەستەبەرببێت. بەڵام کاتێکی کەمتری پێدەچێت چونکە هەموو پێشینە یاساییەکان بە تەواوی دانراون لە دەسەڵاتی دادوەری و دادگاکەدا.