Draw Media

بزوتنەوەی گۆڕان لەبەردەم دوڕیانێکی چارەنوسسازدایە

بزوتنەوەی گۆڕان لەبەردەم دوڕیانێکی چارەنوسسازدایە

2019-08-27 07:51:22


د. شۆڕش حاجی

ئەڵقەی سێیەم: کۆنفرەنسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان
بزوتنەوەی گۆڕان لە هەمو جومگەکانی کاری حیزبایەتی‌ شێوازێکی نوێی کارکردنی پەیڕەو کردوە.  کۆمەڵێک دەستەواژەی نوێی لە فەرهەنگی حیزبی‌و سیاسی بەکارهێناوەو ماناو مەبەستی هەندێ وشەی باوی ناو سیاسەت‌و حیزبایەتیشی بەشێوەیەکی جیاواز پێناسە کردۆتەوە. هەروەها کارو ئەرکی هەندێ لە دامەزراوەو چالاکیە حیزبییەکانیشی بە شێوازێکی نوێ‌ بەرجەستە کردوە. کۆنفرەنسی نیشتیمانی، کە لای حیزبەکانی کوردستان بە کۆنگرە ناسراوە، ‌یەکێکە لەو روداوە حیزبیە گرنگانەی کە گۆڕان بەشێوەیەکی نوێ ماناو ئەرکەکەی داڕشتۆتەوە.
کۆنفرەنسی نیشتیمانی  لای کاک نەوشیروان‌و دامەزرێنەرانی گۆڕان جێگای دەستەگەری‌و پیلاندانان‌و یەکلاکردنەوەی ململانێ شەخسییەکان نیە؛ بۆ ئەوە نیە کێ وەک سەرکردایەتی هەڵبژێردرێ‌و کێ بشکێندرێ‌و دەرنەچێ. بەڵکو کۆنفرەنسی نیشتیمانی لای ئێمە بۆ سەرخستنی پەیامی بزوتنەوەی گۆڕان دەبەسترێ. ئەرک‌و ئامانجی کۆنفرەنسی نیشتیمانی بریتیە لە: پێداچونەوە بە بەرنامەی سیاسی‌و دەستوری ناوخۆو پەیکەری رێکخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕان‌و هەڵسەنگاندنی ئەدای ئۆرگان‌و فراکسیۆنەکانی گۆڕان. لە کۆنفرەنسی نیشتیمانی گۆڕاندا هەڵبژاردن بۆ سەرکردایەتی ناکرێ‌و دەنگ بە کەس نادرێ. بەڵکو دەنگ بەو پرۆژەو پێشنیارانە دەدرێ کە لیژنەکانی کۆنفرەنس ئامادەی دەکەن.
بەپێی دەستوری ناوخۆی گۆڕان دەبوایە نزیکەی ساڵونیوێک پێش ئێستا کۆنفرەنسی نیشتیمانی دوەممان بکردبا. سەرەڕای ئەمەش لە دوای بەستنی کۆنفرەنسی نیشتیمانی یەکەمەوە لە کۆتایی کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٣، زۆر روداوی گرنگ‌و پێشهاتی چاوەڕوان نەکراو هاتونە پێش. هەر لە کۆچی دوایی کاک نەوشیروانەوە تا لەدەستدانی کەرکوک‌و لە نیوە زیاتری خاکی کوردستانی عیراق‌و کەمکردنی دەنگ‌و کورسییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان‌و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ نیوەی جاری پێشو. نوێترین پێشهاتیش رێکەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی دیموکراتی کوردستان‌و بەشداریکردنی گۆڕانە لە حکومەتی هەرێم. لەبەر هەمو ئەمانە بەستنی کونفرەنسی نیشتیمانی لەم هەلومەرجەدا زۆر پێویستە، بۆ ئەوەی تینوتەوژمێکی نوێ بدەینەوە بە گۆڕان‌و خۆمان بۆ قۆناغی داهاتو ئامادە بکەین. بەڵام هەوڵێکی شاراوە لەناو گۆڕان هەیە بۆ رێگریکردن لە بەستنی کۆنفرەنسی نیشتیمانی. هەر بۆیە ئێستا پەیام‌و ئامانجەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەبەردەم دوڕیانێکی چارەنوسسازدایە. ئایا کۆنفرەنسی نیشتیمانی دەکرێ یان نا؟ ئەگەر بکرێ کەی دەکرێ؟ ئایا لیژنەکانی ئامادەکاری چۆن کارنامەو هەڵسەنگاندن‌و راسپاردەو پێشنیارەکانیان بۆ کۆنفرەنس ئامادە دەکەن؟ میکانیزمی دیاریکردنی ئەندامانی کۆنفرەنس چۆن دەبێ؟
کۆنفرەنسی نیشتیمانی دوەم بۆ ئەوەیە بە وردی هەڵسەنگاندن بۆ ئەزمونی پێنج ساڵ پەیڕەوکردنی ئەو پەیکەرە رێکخراوەییەی گۆڕان‌و دەزگاکانی بڕیار دروستکردن‌و بڕیاردان‌و میکانیزمی کارکردنمان بکەین؛ بزانین لە کوێ سەرکەوتو بوین‌و لە کام شوێن‌و لە چ حاڵەتێک شکستمان هێناوەو لە ئایندە چی بکەین؛ پێداچونەوە بە بەرنامەی سیاسی‌و شێوازی خەبات‌و پێشبینی گۆڕان بۆ پێشهاتەکان‌و هەڵوێستی گۆڕان بەرامبەر هێزو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان‌و عیراق‌و جیهان تەوەرێکی تری گرنگی کارنامەی کۆنفرەنسی نیشتیمانی دەبێ؛ زۆر گرنگە لە کۆنفرەنسی نیشتیمانیدا هەڵسەنگاندنی بابەتی بۆ ئەدای پێنج ساڵی رابردوی هەمو ئۆرگان‌و فراکسیۆن‌و تیمە حکومییەکانی گۆڕان بکرێ‌و پەنجە بخرێتە سەر کەموکوڕییەکان‌و بەرنامەی تەندروست بۆ پڕکردنەوەو نەهێشتنی کەلێن‌و کورتهێنانەکان دابنرێ؛ بەرنامەی کاری چوار ساڵی ئایندەی بزوتنەوەی گۆڕان لە کایەی سیاسیدا تەوەرێکی تری کاری کۆنفرەنسی نیشتیمانی دەبێ.
کاک نەوشیروان‌و هاوڕێکانی لە دامەزرێنەرانی گۆڕان بۆیە کۆنفرەنسی نیشتیمانیمان بەو شێوەیە داڕشتوە بۆ ئەوەی کۆنفرەنس بێ کێشەو بێ دواخستن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا ببەسترێ‌. لەو سۆنگەیەوە، بەندە هەر دوا بەدوای هەڵبژاردنەکانی ٣٠/٩/٢٠١٨، بە نوسراوی فەرمی‌و لە کۆبونەوەکانی جڤات‌و خانەش بەپشتیوانی کۆمەڵێک هاوڕێی جڤاتی نیشتیمانی‌و خانەی راپەڕاندن جەختم لە پێویستی بەستنی کۆنفرەنسی نیشتیمانی کردۆتەوە. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج‌و سەرسوڕمانە ژمارەیەک لە سەرکردایەتی گۆڕان، بەرێکخەری گشتی‌شەوە بەردەوام‌و هەر جارەی بە شێوەیەک بەربەستیان لەبەردەم بڕیاردان لە بەستنی کۆنفرەنسی نیشتیمانی دروست دەکرد‌. ئێمەش لەبەرامبەردا شێلگیرانە داکۆکیمان لە رایەکەی خۆمان کردوە سەبارەت بە زەرورەتی بەستنی کۆنفرەنسی نیشتیمانی. لە ئەنجامی ئەو داواکاری‌و گفتوگۆیانە بو کە جڤاتی نیشتیمانی، وەک باڵاترین ئۆرگانی بڕیار لەناو بزوتنەوەی گۆڕان، ساڵی پار بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا کە دەبێ تا ١٩/١/٢٠١٩ کۆنفرەنسی نیشتیمانی ببەسترێ. بەڵام وا زیاتر لە حەوت مانگ بەسەر ئەو وادەیە تێپەڕی‌و چەند جارێکی تریش هەوڵی گۆڕینی ئەو بڕیارو وادەیە دراوەو تا ئێستا لیژنەکانی ئامادەکاری بۆ کۆنفرەنس دروست نەکراون.
ئەم دودڵی‌و دڵەڕاوکێیەی ناو جڤاتی نیشتیمانی‌و خانەی راپەڕاندن‌ مایەی تێڕامان‌و نیگەرانیە. دواخستن یان نەبەستنی کۆنفرەنسی نیشتیمانی لە زیان زیاتر سودێکی بۆ گۆڕان‌و پرۆسەی سیاسی لە کوردستانی عیراق نیە. بەپێچەوانەوە بەستنی کۆنفرەنسی نیشتیمانی تینوتەوژمێکی نوێ بە گۆڕان دەبەخشێ‌و بەرچاورونی زیاتر دەدا بە گۆڕانخوازان تاکو بەرنامەی کاری داهاتو دابڕێژن‌و جێبەجێی بکەن. بەمەش متمانەی هاوڵاتیان بە بزوتنەوەی گۆڕان پتەوتر دەکاو گۆڕان دەتوانێ رۆڵێکی دیارترو کاریگەرتر لەسەر گۆڕەپانی سیاسی لە هەرێم‌و عیراق‌و ناوچەکە ببینێ. بۆیە، هەر کەسێک رێگری لە بەستنی کۆنفرەنسی نیشتیمانی بکات یان پاساوی نابەجێ بۆ دواخستنی بدۆزێتەوە مانای ئەوەیە لە پەیام‌و ئامانجی بزوتنەوەی گۆڕان تێنەگەیشتوەو رێگرە لە بەرەو پێشبردنی بزوتنەوەی گۆڕان. لەم سۆنگەیەوە ئەرکی جڤاتی نیشتیمانییە کە رێگا نەدا چیتر کۆنفرەنسی نیشتیمانی دوابخرێ. هەروەها ئەرکی هەمو هەڵسوڕاو‌و گۆڕانخوازانە لە هەمو ئۆرگانەکانی گۆڕان رێگا نەدەن هیچ کەسێک پرەنسیپەکانی گۆڕان پێشێل بکاو پەیام‌و بەڵێنەکانی گۆڕان بخاتە ژێر پرسیارو خەڵک زیاتر لە گۆڕان نائومێدو نیگەران بکات.
گومان دەکرێ هۆکاری سەرەکی دروستکردنی بەربەست لەبەردەم بەستنی کۆنفرەنسی نیشتیمانی ترسی هەندێ لەو هاوڕێیانە بێ لەوەی کە رەنگە لە کۆنفرەنسدا لە کاتی هەڵسەنگاندنی ئەدای ئۆرگانەکانی گۆڕاندا روبەڕوی رەخنەی هاوڕێکانیان ببنەوە لەسەر ئەوەی لە ئەرکەکانیاندا سەرکەوتو نەبون. دور نیە هەر ئەمەش وایکردبێ ئەو هەمو هەوڵە بدەن بۆ ئەوەی بەستنی کۆنفرەنسی نیشتیمانی بکەوێتە دوای هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن‌و رێکخەری گشتی‌‌یەوە. چونکە پێیان وایە کاتێک کە خانەی راپەڕاندن‌و رێکخەری گشتی هەڵبژێردرا ئیتر رەخنەگرتن لە ئەدای ئەوان کاریگەری لەسەر پێگە رێکخراوەییەکەیان نابێ.
دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٤، رۆژێک لەگەڵ کاک نەوشیروان‌و ژمارەیەک هەڵسوڕاوی تر لە ژورەکەی کاک عومەری سەید عەلی بوین. کاک سەباحی عەلی قارەمان زۆر بە توندی‌ رەخنەی لە کاک نەوشیروان گرت لەسەر هەڵوێستی کاک نەوشیروان بەرامبەر سەرکردەی یەکێک لە حیزبەکانی کوردستان. ئەگەرچی کاک نەوشیروان بابەتەکەی بۆ سەباح رونکردەوە بەڵام ئەم هەر مکور بو لەسەر رەخنە توندەکەی بە هەمان ئوسلوبی پێشوی. دواتر کە سەباح رۆیشت‌ هاوڕێیەک بە کاک نەوشیروانی گوت کە ئایا ئەوە حاڵەتێکی تەندروستە کاک سەباح یان هەر هەڵسوڕاوێکی تر بەو شێوەیە رەخنە بگرن؟ کاک نەوشیروان لە وەڵامدا گوتی: ئێمە دەمانەوێ کەسایەتی تاکی کورد بەهێز کەین‌و گۆرانکاری لە کۆمەڵگادا بکەین. ئەگەر سەباح نەتوانێ ئاوا رەخنە لە من بگرێ ئەی چۆن دەوێرێ رەخنە لە سەرکردەی حیزبەکانی تر بگرێ،‌ کە خاوەنی هێزی چەکدارو دەزگای هەواڵگرین! 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand