Draw Media

ئەودیوی حزبایەتی!

ئەودیوی حزبایەتی!

2019-08-26 09:10:58


د. موئمین زەڵمی

"هارمۆنیبوون لەهەموو كات زیاتر بۆ تاكی كوردی پێویستە، بەمانای ئەوەی ئیتر لەقاوغە حزبییەكە بێتە دەرەوە".

هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ئەوەی ئەزمونێكی فیدارڵییە لەناوخۆی عێراقەوە، بەڵام ئەزمونێكی دیموكراسیشی لەفرە حزبی تاقیكردۆتەوە‌و بەهەردوو لایەنی ئیجابی‌و سیلبی تێیپەڕاندووە، ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە ئەودیوی حزبایەتیش تاقی بكرێتەوە؟

حزب‌و حزبایەتی لەسادەترین تێگەشتندا كۆبوونەوەی گرۆی هاوڕێیانە‌و خێزانییە لەسەر كۆمەڵێك چەمك‌و دونیابینی، حزبایەتیش دەبێتە سیلەی رەحم بۆ ئەندامەكانی‌و لەمسەری وڵاتەوە بۆ ئەوسەری وڵات دەیانكاتە دۆست‌و نزیك‌و خەمخۆری یەكتر، ئاسایی ئەندامی حزبێك لەزاخۆوە كەدێتە هەورامان، دڵی بەئەندامێكیتری حزبەكەی دەكرێتەوە، ئەم مامەڵە خێزانییە تا رادەیەكی زۆر رەنگیداوەتەوە لەقۆناغە جیاوازەكانی حزبیشدا زیاتر‌و زیاتر تۆخ بووەتەوە.

بەتەنیشتی ئەمەوە، كۆپی پەیستی بیرورا‌و قەناعەت‌و هەڵسوكەوت‌و جیهانبینی‌و تەنانەت بیركردنەوەكانیشی گرتۆتەوە‌و دەرفەتی بیركردنەوەی تاكەكانی تەسك كردۆتەوە، یانی ئەندامی حزب بیركردنەوەی زیاتر بەئەركی خۆی نازانێت، تەنانەت زۆرجار خوێندنەوەی زیاتر وتێفكرینی زیاتر‌و ... تاد دراوەتە پاڵی كەسی یەكەم یان گروپێكی باڵادەستی حزبەكە‌و ئیتر ئەندامانی خوارەوە بیركردنەوەیان بەكاری خۆیان نەزانیوە‌و كەسی یەكەم چی وتبێت كۆپی كراوە.

ئەودیوی حزبایەتی چیە؟ چۆن تاقی بكرێتەوە؟ ئەگەر لەچوارچێوەیەكی حزبی‌و بیركردنەوەی حزبی‌و پابەندبوونی حزبی كەمێك دوورتر بروانین، دەردەكەوێت كەبەڵێ دەكرێت هەموو پێوانەكان پێوانەی حزبی نەبن، هەموو پاڵنەرەكان حزب نەیانجوڵێنێت، هەموو جامەكان حزب پڕیان نەكات، هەموو كێكەكان حزب دابەشیان نەكات‌و تەنانەت هەموو بەرژوەندییەكان‌و داهاتووەكانیش حزب قۆرخیان نەكات.

هارمۆنیبوون لەهەموو كات زیاتر بۆ تاكی كوردی پێویستە، بەمانای ئەوەی ئیتر لەقاوغە حزبییەكە بێتە دەرەوە، ئاسایی بێت‌و ئەسڵیش ئەمەیە راستییەكان وەك خۆیان ببینێت، چاویلكەی حزب وەلا بنرێت‌و دونیابینی فراوانتر لەبەرچاو بگیردرێت، تاكێك بێت بۆ خۆی بخوێنێتەوە‌و بیر بكاتەوە‌و دەرفەتی گەورە بخولقێنێت‌و پارچە بچوكەكان كۆكاتەوە‌و هەر خۆشی وێنە گەورەكە دروست بكات.

كە وامان كرد، ئیتر بیر لەبەرژەوەندی گشتی دەكەینەوە، ئاساییە ئەندامی چەند حزبێكی جیاواز پێكەوە لەچوارچێوەی پڕۆژەیەكدا خزمەت بكەن، سنور‌و كۆتە حزبییەكان تێپەڕێنرێن، تەنانەت لەكاتی هەڵبژاردندا ئاسایی ببێتەوە پڕۆژەكان یەك بخرێن، كاندیدەكان بازنەی سوریان لەسەر لاچێت، نوخبەیەكی باش‌و بەتوانا‌و سەركەوتوو پێش بخرێن،‌و خرمەتی گشتی ببێتە ئامانج، ئیتر رێگای جیاوازتر تاقی بكرێتەوە‌و لەو دیوی حزبایەتییەوە هەنگاوی گەورەتر بۆ ئامانجی گەورەتر بگیردرێتەبەر.

ئەودیوی حزبایەتی، تاكە حزبییەكان دەگوزاێتەوە،‌و ئەندامانی حزبەكان رادەهێنێتەوە‌و بەرژەوەندییە حزبییەكان دەداتە قاڵب، ڕەنگەكان دەبنە هی  هەمووان نەك هەر پارچەیەك هەڵسێت‌و رەنگێك بۆ خۆی بەرێت، كەشێكی نوێ دێتە كایەوە،‌و لەنەبوونی خزمەتگوزاری گەڕەك‌و گوند‌و شارەكاندا، كامپەینە ڕەنگاورەنگەكان چالاك دەكرێن، ئاساییە هەموو پێكەوە لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون خەمی یەكتر دەخۆن‌و هەوڵی پاراستنی شكۆی یەكتر دەدەن، كاتێ ستەم له كەسێك دەكرێت هەمو پێكەوە پشتیوانی دەبن،‌و هەمووانیش پێكەوە دژی ستەمكار دەوستنەوە، هەموو پێكەوە پەسنی وەزیری باش‌و پەرلەمانتاری باش‌و نوێنەری باش دەكەن‌و پێكەوەش ناچالاك‌و خۆپەرست‌و ناباشەكان دەدەنە بەر نەشتەر، لەكۆی گشتیشدا هەمووان سودمەند دەبن نەك تەنها گروپێك یان ئەندامانی حزبێك

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand