ئیسرائیل لەدووری رۆکێتەکانی شیعەدا
2019-08-25 20:03:51
هونەر تۆفیق
ماوەی نیوسەدە زیاتر لە ١٩٤٨ -٢٠٠٣ ، سونەکان پێشەنگی بەرەی رووبەڕووبونەوەی ئیسرائیل بوون . سوننەکان سەرکردایەتی جەنگەکانی دژ بەئیسرائیلیان لە ١٩٤٨ ، ١٩٦٧ ، ١٩٧٣ و دواترینیان لێدانی ٣٩ رەکێتی سکودی عێراق ١٩٩١ کردووە .
لەو ماوەیەدا هەمیشە سونەکان هاوئایینەکەی خۆیان (شیعە )یان بەوە تۆمەتباردەکرد کە ژێربەژێر هاوکاری ئیسرائیلن . پیاوە ئایینیەکانی سونەش لە گێڕانەوەی مێژووی شیعەدا ، ئەو مەزهەبەیان بە دەستکردی جولەکە دەناساند .
جەمال عەبدولناسر و سەدام حسەین و شا فەیسەڵی سعودیەی عەرەبی سەرسەخترین سونەکانی نەیاری بوونی قەوارەی ئیسرائیلی بوون . لە مەنهەجی خوێندنی سعودیدا منداڵە سعودیەکان وا فێردەکران کە گەورەترین مەترسی لەسەر ئیسلام بوونی جولەکەیە .
ئەم سەنگەرەی سونە لە بەرانبەر ئیسرائیلدا لە سەدەی بیست و یەکەمدا و لە ساڵی ٢٠٠٣ و کەوتنی کۆمارەکەی سەدام حسەینەوە چۆڵکرا و لە ئێستادا زۆرینەی وڵاتانی سونە مەزهەب بە سعودیەی عەرەبیشەوە لەئاستی جیاوازدا پەیوەندی دۆستانەیان لەگەڵ ئیسرائیلدا پەیداکردووە . شیعەکان شوێنی سەنگەرەکانی سونەیان دژ بە ئیسرائیل پڕکردۆتەوە .
تاکتیکی سەربازی ئەو وڵاتانەی لە ناکۆکیە جیهانیەکان دەگەن ( لەوانەش ئێران ) لە قۆناغێکی نوێدایە کە دەکرێت پێ ی بگوترێت سەردەمی رەکێتە زیرەکەکان .
روسیا مۆدێلێکی نوێ ی بۆ ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوە لە ستراتیژی سەربازیدا داهێنا کە مۆدێلی رەکێتە هایپەرسۆنیک Hypersonic کەکانیەتی . بەچاولێکەری روسیا ، ئێرانیش وەک سەرکردەی جیهانی شیعە ، توانا تەکنەلۆجیەکانی لە بەرهەمهێنانی ڕەکێتە زەمین -زەمینی ، زەمین - ئاسمانی ، دەریا - زەمینی ، چڕکردۆتەوە . ئەم لێهاتووەییەی ئێران لە کەرتی ڕەکێتدا ، بۆ لایەنگرەکانی بۆتە بەرەکەت و بۆ نەیارەکانیشی مەترسیەکی گەورەیە .
حیزبوڵای لوبنانی و حەماسی فەڵەستینی و سوپای سوریای ئەسەد و حوسیەکانی یەمەن و حەشدی شەعبی لە عێراق کە هەموویان بە عەقیدە و فەرمان بەستراونەتەوە بە ئێرانەوە و جۆرەها رەکێتی ئێرانی دوور و کورت مەودای ئێرانیان لەبەردەستدایە ، بەدەوری ئیسرائیلدا سەنگەرەکانیان تۆکمەکردووە . بەجۆرێک بەرەکەیان تێکەڵاوکردووە وەک تۆڕێکی پێکەوە بەستراو سنووری نێودەوڵەتی لە نێوانیاندا نەماوە . لەو چوارچێوەیەدا حیزبووڵا لە دیمەشقە ، سوپای قودس لە لوبنانە ،حەشدی شەعبی لە یەمەنە و حوسیەکان لە عێراقن ... نەرمی لەگواستنەوە وسانایی لە جوڵەی رەکێتەکانیان لەنێوان خۆیاندا گەورەترین مەترسی خستۆتە دڵی ئیسرائیلیەکانەوە .
ئەو کاتەی ئیسرائیل مەترسی لەبەرەی سوننە هەبوو چارەسەرکردنی ترسەکەی ئاسانتربوو وەک پرۆسەی ئۆپرا ١٩٨٠ کە کورە ئەتۆمیەکانی عێراقی وێران وخاپورکرد ، دەیتوانی خاڵی هێزی بەرانبەرەکەی بپێکێت و لەبەینی بەرێت . بەڵام لەم ستراتیژە تازەیەی شیعەدا خاڵی هێزیان لە پەرشبوونی رەکێتەکانیاندایە بەو وڵاتانەی بەدەوری ئیسرائیلەوەن . چارەسەرکردنی لەلایەن ئیسرائیلەوە ( بۆردمانەکانی سوریا و دواترینی عێراق - حەشدی شەعبی ) لەلایەکەوە گۆبەنگ نانەوەیە بۆ ئەمریکاییەکان لە عێراقدا و لەلایەکی تریشەوە دنەدانە بۆ ئەوجەنگەی هیوادارە لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا ڕووبدات .
دوو ئەنجام چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای ئەم جەنگەی نێوان شیعە و ئیسرائیلدا . یەکێکیان تەمەنی هەیمەنەی شیعە لەناوچەکەدا درێژدەکاتەوە و لەدنیای ئیسلامدا بەشەڕی کافر و موسڵمان وێنا دەکرێت کە ئەو سۆزە بۆ ئێران و شیعە دەبێتە دەستکەوت . ئەوی تریان بەتەواوی گیرۆدەکردنی ئەمریکایە لە عێراق و سوریادا تا ئاستی کشانەوە و جێهێشتنی بۆ ڕوسیا و ئێران .