کە چویت بۆ ڕوسیا بیرت بێ!
2019-08-25 20:01:49
د. دانا حەمەعەزیز
لە ڕوی جوگرافییەوە، گەورەترین وڵاتی سەر زەوییە، ڕوبەرەکەی نزیکەی دوو ئەوەندەی چین یان ئەمریکایە، زۆربەی خاکەکەی ئەکەوێتە ئاسیاوە، بەڵام زۆرینەی خەڵکەکەی لە بەشە ئەوروپاییەکەیدا ئەژین، کۆی گشتی دانیشتوانەکەی ١٤٥ ملیۆنە.
ڕوسیا، لە ڕوی سیاسیەوە بەدرێژایی مێژوو ولاتێکی نائارام و، لە ڕوی ئابوری و کۆمەلایەتیەوە هەمیشە ناجێگیر بوە. سەرکەوتنی شۆڕشی بەلشەڤی و کۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی قەیسەریی، باری سەرشانی روسیای قورستر کرد و بەڵای بۆ مرۆڤایەتی هێنا، روسیای لە دەولەتێکی کشتوکاڵیەوە بردە پێشبڕکێەکی نابەرامبەر لەگەڵ خۆرائاوادا.
ڕوسیا، لە ڕوی تەکنۆلۆجیای سەربازیەوە، تا ڕادەیەك ململانێی خۆراوای کردوە، بەڵام بەدەرێژایی سەدساڵی رابردوو، جگە لەبەرهەمهینانی چەکی کۆمەڵکوژ و تانك و فرۆکەی جەنگیی، هیچ پێشکەوتنێکی بەدەستنەهێناوە. وەك ئەندرێ زاخارۆڤ ی زانای فیزیای ڕوسیی ئەڵێ، ڕوسیا یان سۆڤیەتی جاران لەڕوی زانستیەوە هێشتا زۆر ساوایە.
لە ڕوی سیاسی یەوە، ڕوسیا ڕۆژ بەڕۆژ لە پاشکەشە دایە، دیمۆکراسیی کوژاوەتەوە، ئایندەی سیاسی وڵات ڕوو لە تاریکییە.
ڕوسیا، خاوەنی گەورەترین سەرچاوەی وزەیە، بەڵام بەدەس قەیران و لەژێر باری سەختی ئابوریدا ئەتلێتەوە، خاوەنی ٦٠٠ ملیۆن دۆنم زەوی کشتوکاڵیی و گەورەترین هەناردەی گەنمە لە جیهاندا بەڵام خەڵكەکەی بەدەست برسێتی یەوە ئەناڵێنن. ئاشتی کۆمەڵایەتی لە مەترسی تەواودایە و بۆ هەموو ١٠٠ ژنێك، تەنها ٨٦ پیاو هەیە کە زۆربەیان ئالودەی کهول و مادە هۆشبەرەکانن. پەیوەندی کۆمەڵایەتی داتەپیوە و رۆژ بەڕۆژ ژمارەی دانیشتوان بەشێوەیەکی تراجیدی لەکەمبونەوەدایە.
لە سەد ساڵی ڕبردودا لە سایەی سەقەتیی حوکمڕانیی مۆسکۆ دا، ٢٢ ملیۆن کەس لە روسیا و کۆمارەکانی سۆڤیەتی جاران لەبرسا مردوون. ئێستا زۆرینەی خەلکی روسیا لەسەر یان لەژێر هیڵی هەژاریەوەن و بەدەس خراپی باری تەندروستیەوە ئەناڵێنن.
جگە لە بۆمبە ئەتۆمیە مێگا تەنیەکانی، روسیا داهینانی نەهێناوەتە ناو کاروانی پیشکەوتنی زانستی و ئابوری، بەدریژایی سەد ساڵی ڕابردوو جگە لە نمایش وخۆبادان بە چەکە کۆمەڵکوژەکانیەوە، کارتێکی بەهێزی لەدەستدا نەبووە بۆ ململانێ و گوشار. دەستی لەهەر کێشە و قەیرانێك وەردابێ ئاڵوۆزتری کردووە، لەپیناوی بەرژەوەندی خۆی سەودای قێزەونی کردوە، هیچ بەهایەکی یاسایی و ئەخلاقی نەناسیوە و بێ سڵەمینەوە کارەساتی گەورەی بەسەر خەڵك وشوێنی تردا هێناوە، کۆریای باکور باشترین نمونەی شوێن پەرێزی روسیایە!
ڕژێمە تۆتالیتاریەکانی وەك بەعس، لەسەر شێوازیی ڕوسیی وڵاتیان بەڕێوە بردوە و، ستایلی روسیی پرەنسیپی داپلۆسین و پاکتاوکردنی بەرانبەرە ناوخۆییەکانیان بوە. وڵاتە دواکەوتوەکانی دنیای سێ لە ئاسیا و ئەفریقاوە هەتا ئەمریکای لاتین، لەلایەن روسیاوە قۆستراونەتەوە و بەچەکی ڕوسیی شەڕی ناوخۆیان کردوە.
ئەوروپای خۆرهەڵات گەورەترین قوربانی دەستی ڕوسەکانە، ترس و بێ متمانەیی و ڕەگەزپەرستیی هێشتا کەلتوری زۆرینەیە. ئەوروپای خۆرهەڵات دەیان ساڵی دیکەی ئەوێ بۆ ئاوێتە بوون لەگەڵ سیستەمی سیاسیی و ئابوریی و، ئاشنابوون بە کەلتوری خۆراوا.
کە چوی بۆ ڕوسیا، بە مۆسکۆ هەڵنەخەڵەتێی، لە جادە و باڵەخانە و تێر و پڕیی شوێنە ڕاقیەکانی ئەم شارەوە مەڕوانە ئەو وڵاتە. بایەخەدان بە پایتەخت و فەرامۆشکردنی شوێنەکانی تر، خەسڵەت و سیمای ڕژێمە هەرە خراپەکانی دنیایە.