قەیومەكانی دیكتاتۆری
2019-08-22 16:20:16
لەتیف فاتیح فەرەج
لادانی سەرۆك شارەوانیە هەڵبژێردراوەكانی " ئامەدو وان و مێردین " و لە جێیدا دانانی پیاوەكانی ئەردۆغان ، جگە لەوەی هەڕەشەیەكی گەورەیە لە دیموكراسی ،سوكایەتیەكی گەورەشە بە هەموو ئەو پڕوپاگەندەیانەی لە توركیا لە بارەی ئازادی و هەڵبژاردنەوە دەكرێن ، ئەم هەنگاوە درێژكراوەی كۆی هەنگاوە قێزەون و ناشرینەكانی ئەردۆغانە ، ئەو پیاوەی لە گەڵ غلۆربوونەوەی خۆیدا توركیاش بەرەو هەڵدێر دەبات ، ئەم كارە سوكایەتی گەورەیە بە هەموو حزبەكانی توركیا ، بە هەموو دەنگدەرانی توركیا ، هەڕەشەیەكی ئاشكراشە لەئیمام ئۆغڵوی سەرۆكی شارەوانی ئەستەنبوڵ ، ئەو پیاوەی بە هاوكاری كورد ئاكەپەی بۆڕدا .
دانانی ئەم قەیومانە شەرمەزاریەكی گەورەن تەنانەت بۆ دنیای بێدەنگی رۆژئاواش كە هێشتا بڕوایانوایە دەكرێت ئاكەپە دیموكراسی بێت وهێشتا ئەو وڵاتەلە چوارچێوەی ئەوروپادا بە جۆرێك جێی گرتوە، گەرچی لە یەكێتی ئەوروپادا نیە ، هێشتا لەناتۆدایەوئەویش دەنگی بەرزە لە و رێكخراوەدا ، توركیا چەند ساڵێكە بە دەست ئەردۆغانەوە لە دۆخێكی زۆر خراپدایە ، پەیوەندیە سیاسی و كۆمەڵایەتیەكانی نێو خۆی توركیا لە ئان و ساتی هەرەسدایە ، خاڵەكانی پێكەوە بوون و لێبوردەیی زۆر لاوازن ، كەسێك كە لە هەمووان زیاتر دركی بەو پرسە كردووە ، ئێستا لە ئیمرالی لە زیندانایە .
نەیارەكانی ئەردۆغان لاوازو بێهەڵوێستن، جگە لە هەدەپە ، تەنانەت ئەوانەشی لێی جیابوونەتەوە جێی ئومێد نین ، خۆ ئەگەر ئەوان لاواز نەبونایە هەرگیز ئەردۆغان زاتی ئەو گشتە سەركێشی و گەمژەییەی ناكرد ،ئەردۆغان تەواوی دەوروبەری توركیای كردوەتە دوژمنی وڵاتەكەی ، ئەوانەی دۆستیشین مامەڵەی باوك و فرزەندیان لە گەڵ دەكات و دەیەوێت لە بن چنگ و فەرمانی ئەودا بن ، وەك مامەڵەكانی لە گەڵ بەشە توركیەكەی قوبرس ، توركەكانی بوڵغاریا ، چەتەكانی خۆی لە لە سوریا ، هەروەها هەرێمی كوردستان .
لەو بڕوایەدانیم ئاكەپەو ئەردۆغان بتوانن بەم جۆرە درێژە بە حوكمڕانی بدەن ، مەگەر پەرە بە ستەمكاری ونادادی و دیكتاتۆری بدەن وەك ئێستا ، هەرچەندە ئەوەش تاسەر درێژە ناكێشێت ، ئاكەپەو ئەردۆغان ، نەك لە گەڵ وڵاتانی دەورو بەر ، تەنانەت لە گەڵ ئەمەریكاو بەشێكی زۆری ئەوروپاش لە كێشەی گەورەدان ، ئاخۆ ئەمە واناكات كە ئیتر ئەمەریكا بە نەیارەكانی ئەردۆغان بڵێت ئیدی ئەو كوڕی لەبەردڵانی ئەمەریكا نیە ، هەركاتێكیش ئەوە وترا ، ئێ دیارە چی ڕوودەدات .
من چاوەڕوانی هیچ هەڵوێستێكی ئەرێنی لەهەرێمی كوردستان سەبارەت بەو ستەم و نادادیە ی توركیا ناكەم ، بەڵام خۆلانی كەم ناكرێت ئەم هەرێمە بۆ توركیا ئەوەندە بەندەیەكی گوێڕایەڵ بێت ، دەكرا لە سەر لادانی سەرۆك شارەوانیە هەڵبژێردراوەكان ، كە دۆست وكەس و نزیكی هەرێمی كوردستانن ، لانی كەم یاداشتێك بدرایەتە ئەمەریكاوئەوروپا ، لە یاداشتەكەدا جگە لەباسی پەلامارەكانی ئەمدوایەوگرتن و بریندار كردن و زەرەروزیان لەلایەن فڕۆكەكانی توركیاوە ، باسی دانانی قەیومەكان و پێشێلكردنی مافی كورد لەباكور بكرایە.
هەڵبەت ئەگەر ئێستا پیاوێكی وەك نەوشیروان مستەفا لە ژیاندا بوایە نەیدەهێشت نەحزبەكەی نەمیدایەكەی ئەوەندە بێدەنگ و بێهەڵوێست بن .