ئەردۆغان بۆ وا دەکات؟
2019-08-22 14:05:56
* جیهاد محەمەد
ئەوەی ئەردۆغان و ئاکپارتی بەرامبەر بە هەدەپەو کوردەکانی تورکیا دەیكەن، تەنها بۆ خۆدەربازکردنە لەو هەموو قەیرانە سیاسی و ئابووریەی تێیکەوتووە. ئەردۆغان تووشی کیشەی گەورە بووە، لەگەڵ کوردەکان و هێزی کوردەکان ڕووبەڕووبووەتەوە، ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە، لەگەڵ ئەوەی نابەرابەریيە، دەسەڵات حوکمی پۆلیس و یاساو دادگاکانی بەدەستەوەیە، کەچی لەهەمان کاتدا زەوتی سیاسەتی هەدەپە ناکات، سیاسەتی هەدەپە سیاسەتێکی دیموکراتیيە، ناوی حیزبەکەشیان بە هەمان شیوە گوزارشتە لە دیموکراتیکی گەلان.
لەلایەكەوە، گەلی کورد لە تورکیادا بووە بە واقیعێک کە هەرچ کەس و لایەن و حکومەتێکی دنیا ناتوانێت نوکلی لەم واقیعە بکات، تەنانەت زۆربەی حیزبەکانی تورکیا جگە لە ئاکپارتی و مەهەپە، زۆربەی خەڵکی تورکیا و ڕۆژنامەنووسان و سیاسیەکانی تورکیا بە لیبراڵ و چەپەوە ئەم واقیعە دەسەلمێنن، هەموویان لەگەڵ ئەوەدان کە کێشەی کورد بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن چارەسەر بکرێت، باشترین لێکتێگەیشتنیش لەسەر بنەمانی دیموکراتیيە. ئەردۆغان و ئاکپارتی بە پشتیوانی ئیخوانەکانی جیهان ئەم واقیعەیان پێ هەرس ناکرێت، بۆیە هەرچی لە توانایاندا بێت هەوڵ ئەدەن کە ئەم ڕەوشە سیاسییەی تورکیا تێک بدەن، ئەویش لە ڕیگەی فشارخستنە سەر ئەو پڕۆسە دیموکراسیەی کە زۆربەی خەڵکی تورکیاو کوردەکان و زۆرێک لە حیزبەکانی تورکیا بڕویان پێیەتی.
لە لایەکی تر، ئەردۆغان تەنها لەگەڵ کورد ڕووبەڕوو نەبووەتەوە، بەڵکو لەگەڵ هێزە دیموکارتیەکاندا ڕووبەڕووبۆتەوە، تەنانەت لەگەڵ حیزبێکی بەهێزی وەک جەهەپە ڕووبەڕووبۆتەوەو لەم ململانێیەشدا گەورەترین شاری لەدەستدا، کە ئەستەمبول بوو. ئەم شارەداریيە زۆر گرنگ بوو بۆ سەرکەوتنی ئەردۆغان و ئیخوانەکەن، بەڵام تووشی شکستێکی گەورە بوون.
سەرەڕای ئەم هەموو کێشەو قەیرانە سیاسیانە، ئەو پێشکەوتن و بووژانەوە ئابووریەی ئەردۆغان و ئیخوانەکان خۆیان پێوە هەڵدەکێشا، ساڵە بە ساڵ لەشکستدایەو قەیرانێکی گەورەی ئابووری و دارایی هەیە لە تورکیادا.
هاوكات، ئەردۆغان و ئاکپارتی تووشی قەیرانێکی دیبلۆماسیی و پەیوەندیە نێودەوڵەتیيەکان بوون، لەگەڵ ئەمەریکاو فەرهنساو ئەڵەمانی و ئیتالیاو زۆرێکی تر لە وڵاتانی ئەوروپادا دۆستایەتیيەکەیان شکستی هێناوەو ئەم سەرۆک و حیزبە ئیخوانیيە خۆشەویست نین، بە تایبەتی لەلای پەرلەمانی ئەوروپا.
سەرەڕای هەموو ئەمانه، کێشەیەکی زۆر لەمانە گەورەتر، کێشە سیاسییەکەیەتی لەگەڵ خودی ئەو سەرکردەو فیگەرە گەورانەی کە لە حیزبەکەی جیابوونەتەوە، وەک ئەحمەد داود ئۆغلۆ و عەبدوڵا گول و بابەجان. ئەمە یەکێکە لە هەرە گەورەترین ئاڵنگاری کە ڕووبەڕووی ئەردۆغان بووەتەوە.
ئەردۆغان و حیزبە ئیخوانیەکی هیچیان بۆ نەماوەتەوە پەلامارو هێرشکردن نەبێت بۆ سەر کوردەکان و هەدەپە.