کام جۆری خەبات؟
2019-08-21 12:00:45
+ فەهمی نەبی
"ئەو دوژمنە نەناسی تێناگەی کە تۆ بۆ ملی ئەو رێگایەت گرتۆتەبەر"
ئەمە گوتەی یەکێک لە چالاکوانەزیندانیەکانی پەکەکەیە،کاتێک لەنێو زیندانی سەربازی ژمارە ٥ ی دیاربەکر قسە بۆ ھەڤاڵەکانی دەکات،ئەوان دژ بە سیاسەتی نەتەوەپەرستی تورک چەخماخەی شۆڕشیکی نوێیان لێدا،کەمال ئەتاتورک لە ساڵی ١٩٢٢ کاتێک کۆماری تورکیا دادەمەزرێنێ توانەوەی نەتەوە و پێکھاتەکانی تورکیا لەنێو بۆتەی یەک زمان و یەک نەتەوە کە تورکە دەکاتە سیاسەتی دروستکردنی کۆمارێک کە تەنانەت دروشمی نەتەوەپەرستی "چەند بەختەوەرە ئەوەی دەڵێ من تورکم" وەک دروشمی بەیانیان لە خوێندنگە و شوێنە حکومیەکان دەسەپێنێت،تۆ تا لاپەڕەی زوڵمی تورک لە کورد ھەڵنەدەیەوە لەوە تێناگەی ئەوەی ئەمڕۆ پەکەکە دەیکات خەباتێکی چەند ڕەوا و پیرۆزە،فیلمی (١٤ ی تەمموز) کە لە دەرھێنانی (ھاشم ئایدەمیر) ە چیرۆکی راستەقینەی زیندانی سەربازی ژمارە ٥ ی دیاربەکرە،کە لە ساڵی ١٩٨١ بەدواوە گروپێکی چالاکوانی کوردی رێکخستنەکانی پەکەکە لەو زیندانە بە (٨٠) جۆر ئەشکەنجەی جیاواز،روبەڕوی خراپترین جۆری ئەشکەنجە دەبنەوە،بەڵام ئەوان خەبات و چالاکیان نەوەستاند،تۆ کە ئێستا شایەدی بینیی گڕ لەجەستەبەردانی چالاکوانێکی کورد دەبیت لە باکوری کوردستان ئیلھامی ئەو خەباتە دەگەڕێتەوە بۆ (مەزڵوم دۆغان) کە لەرۆژی نەورۆز لەھەمان گرتوخانە ئاگر لەجەستەی خۆی بەردەدات،دوای ئەو چوار ھەڤاڵی تریان ئاگر لەجەستەی خۆیان بەردەدەن،تۆ کە دەبینی خەباتگێڕانی (ھەدەپ) ە مان لە خواردن دەگرن دەبێ بیزانی ئیلھامی ئەو خەباتە دەگەڕێتەوە بۆ قارەمانیەتی ھەڤالانی پەکەکە لە،زیندانی سەربازی دیاربەکر،ئەو کاتەی لەبەرامبەر ئەو ئەشکەنجە قورسەی فەرمانداری زیندانەکە بەناوی (ئەسەد ئۆکتای) خەباتگێڕانی کورد دەست بە مانگرتن لەخواردن دەکەن تا دەگاتە ئەوەی (کەمال پیر دوای ٥٦ رۆژ مانگرتن لەخواردن شەھید دەبێ) (محمد خیری دورمووش دوای ٦٠ رۆژ ماننگرتن لەخواردن شەھید دەبی) (عاکف یەلماز دوای ٦٤ رۆژ مانگرتن لەخواردن شەھید دەبێ) (عەلی چیچەک دوای ٦٦ رۆژ مانگرتن لەخواردن شەھید دەبێ) دوای ئەوە بەڕێوەبەرانی زیندان بەناچاری ملکەچی خواستی زیندانیان دەبن و ئەشکەنجەیان لەسەر ھەڵدەگرن،لەم زیندانە لەنێوان ساڵەکانی ١٩٨٠ تا ١٩٩٠ زیاتر لە (١٠٠٠٠) کەس روبەڕووی (٨٠) جۆری ئەشکەنجە بونەوە،لەو ژمارەیە (٨٢) کەس شەھیدبوون و سەدانیشیان ئیفلیج بوون،نزیکەی (٦٠) جۆر سرودی نەتەوەپەرستی تورکی بەزیندانیان لەبەردەکرا،رۆژنامەی THE TIME لە ساڵی ٢٠٠٨ ئەم گرتوخانەیەی لەریزی (١٠) لە خراپترین گرتوخانەکانی دونیا ناوزەد کرد،لە ناوەڕاستی ئەم ساڵ ھەدەپ توانی (٦٨) شارەوانی لەھەڵبژاردن بباتەوە،بەڵام کاتێک بە فشاری ھێز سێ سەرۆک شارەوانی گەورە لادەبرێن ،ئیدی تەماشاکەرانی خەباتگێڕی کورد لە دورەوە دەخاتە بەردەم رەوایەتی دان بە ھەڵبژاردنی دوو جۆر لە خەبات بۆ مانەوە لە باکوری کوردستان،خەباتی چەکداری ھەڵدەبژێری تورک دەتکوژێ،سندوقی ھەڵبژاردنیش ھەلدەبژێری ئەو ھەر دەتکوژێ،ژ بەر ھندێ ئەگەر ویستت تانە لە خەباتی پەکەکە بدەی سەیری فیلمی (١٤ ی تەمموز) بکە،فیلمێک گرینگە ھەموو کوردێک بیبینێ.