بزوتنەوەی گۆڕان لەبەردەم دوڕیانێکی چارەنوسسازدایە
2019-08-20 06:34:46
+ د. شۆڕش حاجی
ئەڵقەی دوەم: ئۆرگانە سەرکردایەتییەکانی گۆڕان
بزوتنەوەی گۆڕان لە رۆژی سەرهەڵدانیەوە شێوازێکی جیاوازی لە کاری حیزبیو پەیکەری رێکخراوەیی پەیڕەو کردوە. کاک نەوشیروانو دامەزرێنەرانی گۆڕان لە سەرەتاوە هەوڵیاندا گۆڕان وەک حیزبەکانی تری کوردستانی عیراق کار نەکات. بۆ نمونە، بزوتنەوەی گۆڕان حیزبی هەڵبژاردن بێ، نەک حیزبی دەوامکردن لە بارەگا. هەروەها شێوازی ئاسۆییمان بۆ نوێنەرایەتی لە سەرکردایەتی گۆڕان دانا، نەک شێوازی ستونی هاوشێوەی حیزبە سێنتڕاڵو شێوە ستالینیەکان، کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستو کوردستان باوە. ئەمەش لە ئەنجامی دیراسەکردنی ئەزمونو پەیکەری رێکخراوەیی زۆر حیزبو رێکخراوی سیاسی لە ئاسیاو ئەوروپاو ئەفریقا. بەمەش گۆڕان داهێنانێکی تری خستە سەر خەرمانی نوێخوازی لە کاری سیاسی، حیزبیو جەماوەریدا.
سەرکردایەتی گۆڕان لە چەند ئۆرگانێک پێکهاتوە. جڤاتی نیشتیمانی باڵاترین ئۆرگانی سەرکردایەتیو بڕیاردانە لەناو بزوتنەوەی گۆڕانو لە نوێنەری گۆڕانخوازانی هەمو شارو دەڤەرەکانی کوردستان، فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستانو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئەنجومەنی پارێزگا، تیمە حکومییەکانو ژورەکانی گۆڕان پێکهاتوە. هەر یەک لە ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی ئەرکێکی دیاریکراوی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو هەیەو هەر کاتێک ئەو کارو ئەرکەیان نەما لە سەرکردایەتی گۆڕان نامێنن.
خانەی راپەڕاندنو رێکخەری گشتی باڵاترین ئۆرگانی جێبەجێکارە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی جڤاتی نیشتیمانی لە بوارە جیاکانی کاری گۆڕان. جڤاتی گشتی شانبەشانی جڤاتی نیشتیمانی وەک ئۆرگانێکی راوێژکاری چاودێری کارو چالاکییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکاو، پێشنیارو راوێژ پێشکەش بە جڤاتی نیشتیمانی دەکات. میکانیزمی هەڵبژاردنی هەر یەک لەو دەزگایانەو ماوەو ئەرکەکانیان لە دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان باسکراوە. خاڵی هەرە جەوهەری لە دەستوری ناوخۆو پەیکەری رێکخراوەیی گۆڕان ئەوەیە کە ئەندامانی هیچکام لەو ئۆرگانە سەرکردایەتییانە لە کۆنفرەنسی نیشتیمانی هەڵنابژێردرێن، بەڵکو رێکارو میکانیزمی هەڵبژاردنی تایبەت بەخۆیان هەیە. هەر بۆیە هەڵبژاردنو گۆڕینی ئەندامانی دەزگا سەرکردایەتییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەکاتی خۆیدا کارێکی ئاسانو کەم سەرئێشەیە. بەڵام وەک هەمو شتێکی نوێو لەبەر کۆمەڵێک هۆکار نەتوانراوە هەمو ئەو نەخشەو پلانەی کاک نەوشیروانو دامەزرێنەرانی گۆڕان بۆ جومگەکانی ئەم حیزبە دامانناوە تا ئێستا جێبەجێ بکرێ.
جێبەجێ نەکردنی هەمو پرەنسیپە رێکخراوەییەکانو، هەندێ جاریش، بایەخ نەدان بە جۆرایەتی لە ئاستی سەرکردایەتی گۆڕان، تا کاک نەوشیروان مابو کێشەیەکی ئەوتۆ نەبو. چونکە وجودی ئەو زاتە بەشێکی زۆری کەموکوڕییەکانی بزوتنەوەی گۆڕانی داپۆشیبوو خۆی ئەو کەلێنانەی پڕکردبۆوە. بەڵام کۆچی دوایی کاک نەوشیروان هەلومەجێکی نوێی هێنایە پێش، کە دەبێ هەڵوەستەیەکی جیدی لەسەر بکرێ.
جێگای سەرنجە کە تا ئێستاش هەندێ لە گۆڕانخوازان، لە هەمو ئاستە رێکخراوەییەکان، لە گرنگیو بایەخی ئەو پەیکەرە رێکخراوەییەی گۆڕان تێنەگەیشتون؛ بەشێکی تریان، کە لەسەر شێوازی کارکردن لە حیزبی تر راهاتون، ئاسان نیە بتوانن لەگەڵ ئەم مۆدێلە نوێیەی کاری حیزبایەتی رابێن. هەروەها ئاستی هوشیاریو توانای شەخسی لە هەندێ جومگەی گرنگی گۆڕاندا بونەتە قوربانیی ئەو شێوازەی ئێستا لە دانان یان هەڵبژاردنی ئەو کەسانە لە جومگە سەرکردایەتییەکانی گۆڕان. ئەمەش وایکردوە هەندێ جار توانای بڕیاردان لە کاتی خۆیداو هەڵوێستی گۆڕانخوازانە سەبارەت بە روداوەکان لەلایەن ئۆرگانە سەرکردایەتییەکانی گۆڕانەوە لە ئاست چاوەڕوانی گۆڕانخوازانو هەلومەرجی ئێستای کوردستان نەبێ. بەمەش متمانەی رێژەیەکی هاوڵاتیان بە بزوتنەوەی گۆڕان لاواز بوە. هەمو ئەمانە کاریگەری خراپیان لەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی لە هەرێم دروست کردوە.
بزوتنەوەی گۆڕان هێزێکی خۆنەویستو بوێر بوەو لەسەر پرسە نەتەوەییو چارەنوسسازەکان هێزێکی خاوەن هەڵوێستی نیشتیمانیەو هەرگیز سڵی لە هیچ بڕیارو هەڵوێستێک نەکردۆتەوە، کە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بوبێ. هەروەها سەرسەختانە بەرگری لە داواکارییەکانی هاوڵاتیان کردوە. هەر ئەمانە وایانکردوە بزوتنەوەی گۆڕان ببێتە جێگای ئومێدی زۆربەی خەڵکی کوردستان. بەڵام کاتێک هاونیشتیمانیان لە بزوتنەوەی گۆڕان نیگەران دەبنو ناچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، تەرازوی هێز لە هەرێم دەگۆڕێ. ئەمەش وادەکا هاوڵاتیان لە دوبارەبونەوەی ئەزمونە تاڵەکانی رابردو بترسن. هەر بۆیە لەمڕۆداو لەسەروبەندی هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندنو رێکخەری گشتیو بڕیاری بەستنی کۆنفرەنسی نیشتیمانی، کۆی پەیامی گۆڕانو ئامانجەکانی ئەم جوڵانەوە جەماوەرییە لەبەردەم دوڕیانێکی چارەنوسسازدایە. لێرەدا جڤاتی نیشتیمانی ئەرکێکی مێژویی قورسی لە ئەستۆدایە، چونکە بڕیاری یەکلاکەرەوەی ئەم دو بابەتە هەستیارو گرنگە لای ئەوانە. گۆڕانخوازان چاوەڕێی ئەوە لە جڤاتی نیشتیمانی دەکەن کە لە ئاست ئەو ئەرکو بەرپرسیارێتییەدا بن کە پێیان سپێردراوە.
ئەرکی جڤاتی نیشتیمانی لە ئێستادا بریتیە لە یەکەم: خۆئامادەکردن بۆ بەستنی کۆنفرەنسی نیشتیمانی، کە لەلای زۆربەی حیزبەکانی کوردستان بە کۆنگرە ناو دەبرێ. لە کۆنفرەنسی نیشتیمانیدا پێداچونەوە بە دەستوری ناوخۆو بەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان دەکرێو، ئەدای ئۆرگانو فراکسیۆنەکانی گۆڕان بە وردی هەڵدەسەنگێنرێنو نەخشە بۆ چوار ساڵی خەباتی ئایندەی بزوتنەوەی گۆڕان دادەڕێژرێ. دوەم: هەڵبژاردنی رێکخەری گشتیو خانەی راپەڕاندن، کە وا بڕیارە پێش بەستنی کۆنفرەنسی نیشتیمانی ئەنجام بدرێ.
خانەی راپەڕاندنو رێکخەری گشتی باڵاترین ئۆرگانی جێبەجێکاری بزوتنەوەی گۆڕانە. لە دوای هەڵبژاردنی رێکخەری گشتیو خانەی راپەڕاندنەوە لە ٢٥/٧/٢٠١٧، زۆرترین رەخنە روبەڕوی ئەم ئۆرگانە بۆتەوەو لەزۆر بۆنەدا بە هۆکاری سەرەکی کەمکردنی دەنگەکانی گۆڕان یاخود لاوازبونی گۆڕان تاوانبار کراون. ئەگەرچی دەسەڵاتی رێکخەری گشتیو خانەی راپەڕاندن بەپێی دەستوری ناوخۆ تەنیا جێبەجێکردنی بڕیارەکانی جڤاتی نیشتیمانیە، بەڵام خەڵک بەچاوێکی تر تەماشای رێکخەری گشتیو خانەی راپەڕاندن دەکەنو چاوەڕوانی رۆڵی زیاترو گرنگتریان لێدەکەن. بۆیە دەبێ ئەو ئۆرگانە وەک تیمێکی چالاکو تۆکمەو بەهێز کار بکاو رێکخەرو کۆکەرەوەی هەمو گۆڕانخوازان بن. هەروەها پێویستە نوێنەرایەتی هەمو گۆڕانخوازان بکەن – لە تێکۆشەری دێرینو بەئەزمون لەگەڵ گەنجو نەوەی نوێی بەتوانا. ئەگەر بە وردی کار لەسەر هەڵبژاردنی رێکخەری گشتیو خانەی راپەڕاندن نەکرێ ئەوا لە ئایندەدا گۆڕان توشی کێشەو شکستی گەورەتر دەبێ. هەر بۆیە زۆر گرنگە پرۆسەی هەڵبژاردنی بەربژێرەکان لەسەر بنەمای تواناو لێهاتوییو سەرکەوتویی لە کاری رابردوی ئەو تێکۆشەرانە بێ، نەک بە عەقڵیەتی دەستەگەری، کە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی پاشەکشەی جەماوەری هەر حیزبو رێکخراوێکی سیاسی.
کاک نەوشیروان زۆر جار کە باسی کەموکوڕییەکانی کاری حیزبایەتی لە کوردستانی عیراق دەکردو رەخنەی لە ئەدای هەندێ هەڵسوڕاوی گۆڕان دەگرت حیکایەتێکی دەگێڕایەوە. یادی بەخێر دەیگوت: دەڵێن سەردەمێک لە گوندێک نەخۆشی سیل بڵاوبۆتەوەو زۆر لە خەڵکی گوندەکە بەهۆی ئەو دەردەوە مردون. دواجار خەڵکی گوندەکە کۆدەبنەوەو دەڵێن ئەگەر لێرە بمێنینەوە بەردەوام خەڵکمان لێ دەمرێ تا هەمومان لەناو دەچین. بۆیە وا چاکە بڵاوەی لێبکەینو هەر چەند خێزانێکمان بچینە یەکێک لە گوندەکانی ئەم دەوروبەرە. خەڵکەکە لە بری ئەوەی لە گوندەکەی خۆیان چارەسەری نەخۆشەکانیان بکەنو ئەو نەخۆشیە بنبڕ بکەن، بەسەر گوندەکانی ناوچەکە بڵاو دەبنەوە. بەمەش دەردەکەیان لەگەڵ خۆیان بردوە بۆ ئەو گوندانەی بۆی چونو خەڵکی ئەو گوندانەشیان، وەک خۆیان، توشی هەمان دەرد کردوە.