Draw Media

ئەمەریكا دەستبەرداری رۆژئاوا نەبوو

ئەمەریكا دەستبەرداری رۆژئاوا نەبوو

2019-08-08 20:48:54


 هیوا سەید سەلیم

پرسی بەناو ناوچەی ئارام و هەڕەشەكانی ئەردۆغان بۆ هێرشكردنە سەر رۆژئاوای كوردستان،  لە رێگەی ئەو دانوستانەی كە سێ رۆژە لە نێوانی بەرپرسانی سەربازی ئەمریكی – توركی لە ئەنقەڕە بەڕێوەدەچێت مەترسی جەنگێكی گەورەی لەسەر رۆژئاوایی كوردستان ڕەواندەوە،  بە تایبەت ئەگەر لایەنی ئەمریكی لەسەر هەڵوێستەكانی خۆی لە رێگری لە داگیركاری سوپایی توركیا بۆ رۆژئاوایی كوردستان بەردەوام بێت،  وە توركیاش لەو رێكەوتنامەیە پەشیمان نەبێتەوە كە لەگەل ئەمریكیەكان لەسەری رێككەوتوون. 
لە رێكەوتنی دوو لایەنی ئەمریكی – توركیدا،  هەردوولا  لەسەر سێ خاڵ گەیشتونەتە رێكەوتن، كە هیچیان ئەو داوایانە نین كە توركیا داوای دەكرد.
 توركیا بە قوڵایی 34 كیلۆمیتر وە بە درێژایی 400 كیلۆمەتر لەسەر سنووری خۆی لەگەڵ رۆژئاوایی كوردستان داوای ناوچەیەكی ئارامی دەكرد، هەروەها داوای دەكرد كە تەواوی ئەو ناوچەیە تەنیا لە ژێر چەتری خۆی دابێت، بیانووی توركیاش لە دامەزراندنی ئەو ناوچەیە دوو خاڵ بوو یەكەمیان پاراستنی بوو لە هەڕەشەكانی یەپەگە و دووەمیشیان گیڕانەوەی ئاوارە سووریەكان.
 بەڵام خاڵی یەكەم كە لە رێكەوتنامەكە هاتووە ئەوە نیە كە توركیا دەیوویست بگرە رێكەوتنامەكە دەڵێت: 
 ( وەرگرتنی پێوەرو رێوشوێنی پێویست بۆ لەبەرچاوگرتنی مەترسیەكانی توركیا)
 هەموو لایەك بە تایبەت ئەمەریكیەكان دەزانن كە توركیا زۆر موبالەغە بە پرسی مەترسیەكانی دەكات لە لایەن رۆژئاوایی كوردستان، بەڵام بۆ ئەوەی ئەم كارتە لەدەست توركیا دەربهێنرێت لەسەر پێشنیاری هێزەكانی سوریای دیموكرات بۆ ئەمریكیەكان بە پێی زانیاریەكان ئەو خاڵە بەم شێوەیە لە رێكەوتنامەكە هاتووە :
(ناوچەی ئارام بە قوڵایی 5 كیلۆمەتر دەبێت و ئەو ناوچەیە شارەكان ناگرێتەوە و هەروەها هەسەدە بە درێژایی مەودای چەكە قورسەكان ئەو چەكانە لەسەر سنوور دووردەخاتەوە)
 ئەوەی سەردانی رۆژئاوایی كوردستانی كرد بێت دەزانێت ئەو چەكانە لەو شوێنانە بوونیان نیە، ئەو ناوچەیە لەژێر چاودێری هێزی هاوبەش دەبێت نەك هێزەكانی توركیا وەك ئەوەی توركیا داوایی دەكرد.
خاڵی دووەم دامەزراندنی ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەش دەبێت لە نێوانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان و توركیا كە ئەمەشیان خەونی داگیركاری توركیا لەو قۆناغە لەباردەبات.
خاڵی سێیەم بریتیە لە كردنەوەی دەروازەیەك بۆ گەڕانەوەی ئاوارە سوریەكان كە تا ئێستا لە توركیا ئاوارەن، بەم كارەش توركیا كارتی ئاوارەكان دەدۆڕێنێت كە هەمیشە لەبەرامبەر ئەورپا هەڕەشەی پێدەكات .
خاڵەكانی ئەو ڕێكەوتنامەیە ئەگەر وەك خۆی جێبەجێبكرێت سەركەوتە بۆ رۆژئاوایی كوردستان چونكە لە لایەك شكست بە ئامانجی داگیركاری توركیا دەهێنێت وە توركیاش دەستی بە تەواوەتی ئاشكرا دەبێت بەوەی ڕاست نیە كە دەڵێت ئەو ناوچەیە هەڕەشەیە بۆ سەر ئەوان.
دواجار دەڵێین ئەگەر ئەمەریكا لە ئێستادابەشێكی داخوازیەكانی توركیایی قەبوول كردبێت، بەڵام لەسەر پرسی پشتكردنە هێزەكانی هەسەدە نەك ئەوەی نەكرد كە توركیا دەیەوێت، بگرە لە رۆژانی دانوستانی لەگەل توركیا كاروانی هاوكاری بۆ رۆژئاوا بەڕێكرد و لە نێو قامشلۆ نمایشی پێدەكرد و دەنگۆی ئەوەش هەیە پنتاگۆن داوای لە كۆنگرس كردبێت میزانیەی هاوكاری هەسەدە بۆ 360 ملیۆن دۆلار زیادبكات و هێزەكانی هەسدەش كە ئەو هاوكاریە دەیانگرێتەوە لە 100 هەزار كەس بكرێن بە 110 هەزار كەس.
ئەمانە هەموو پەیامن دەبێت توركیا و خەڵكی تریش تێبگات رۆژئاوا كە لە ئێستادا 10 هەزار دیلی داعشی لەبەر دەستە  ئاسان نیە گورگان خواردی بكرێت وەك ئەوەی توركیا دەیەوێت.


 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand