پیلانێكی ئاشكرا
2019-08-07 13:57:04
+ سهلام عەبدوڵڵا
تا (16)ی ئۆكتۆبەری 2017 هەرگیز نە حكومەتی عێراق و نە عەرەب نە توركمان لە كەركووك، نەك داوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگایان نەدەكرد، بەڵكو بە ئاشكرا دژایەتیشیان دەكرد، كەچی دوای (16)ی ئۆكتۆبەر كە زۆرینەی خەڵكی رەسەنی كەركووك دەرپەڕێندرا، بە خێرایی پڕۆسەی تەعریب و نیشتەجێ بوونی نایاسایی جارێكی تر دەستیپێكردەوە كە لە ماوەیەكی كورتدا خەریكە تەواوی دیموگرافیای كەركووك لە بەرژەوەندی خۆیان دەگۆڕن، بۆیە وا بە پەلە پرۆزێ داوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەتایبەتی لە كەركووكدا دەكەن، ئەمەش دوای ئەوەی كە بە هەزاران عەرەبی هاوردەیان هێنایەوە كە قەرەبووش -لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە -كرابوون و بە خواست و رەزامەندی خۆیان كەركووكیان بەجێهێشت و بۆ شارو گوندەكانی خۆیان گەڕابوونەوە، بەڵام هەر دوای ئەو كارەساتەی بەسەر كەركووكدا هێنرا، ئەوا بە بڕیاری راكان جبوری و خودی حكوومەتی عێراقی، هەموو ئەوانە مۆڵەت بە گەڕانەوەیان دراو داوا لە خەڵكە رەسەنەكە دوای چەندین ساڵ نەهامەتی گەڕابوونەوە سەر زێدی باو باپیرانیان كە موڵك و ماڵی خۆیان چۆڵ بكەن.
جا نەك تەنیا ئەمە، بەڵكو كۆمەڵێ هەوڵی دوژمنكارانە درا بۆ ناچاركردنی جوتیاران و دانیشتوانی گوندە كوردەكانی نزیك كەركووك، ئەویش بە سووتاندنی دەغڵ و دانیان كە بژێوی ساڵانەی خۆیانیان پێ پەیدا دەكرد، ئەوانیش ناچار كران كە گوندەكانیان بەجێبهێڵن.
پڕۆسەی تەعریب زۆر بە خێرایی بەردەوامەو رۆژانە عەرەبی هاوردە و خەڵكانی تر دەهێنرێتە كەركووك و هەر بە وتەی كۆمپانیای خۆراكی كەركووك لە ماوەی ئەم (7) مانگەدا چل هەزار كەسی تازە ناوی لە كەركووك تۆمار كراوەو كە مافی دەنگدانی پێدەدرێت.
بۆیە حزبە كوردییەكان و دانیشتوانی رەسەنی كەركووك بەهیچ جۆرێك نابێ قبوڵی ئەو هەڵبژاردنە بكەن تا بارودۆخی كەركووك بە تەواوی ئاسایی دەكرێتەوەو هەموو ئەو بڕیارە چەوتانەی رژێمی دیكتاتۆری پێشوو لەپێناو بە عەرەب كردنی كەركووك و دەورووبەریدا دابووی پووچەڵ دەكرێتەوەو سەرژمێری 1957 دەكرێتە سەرچاوەی دۆزینەوەی دانیشتوانی رەسەنی كەركووك.
دەنا بەم شێوەیەی ئێستا كە رۆژ لە دوای رۆژ كورد كەمدەكرێتەوەو عەرەب زیاد دەكرێت ئەوا هەر لە ئێستاوە ئەنجامەكان ئاشكرایە كە لە بەرژەوەندی عەرەب و حكوومەتی عێراق دەبێ، هەرچەند حكوومەتی عێراق دەڵێ با جارێ هەڵبژاردن بكرێ و پاشان بە تۆماریی دەنگدەراندا بچنەوە كە بڕیارێكی چەوت و بێ مانایە، لێرەدا دەڵێین گەر توركمانەكان وا دەزانن بەم هەڵبژاردنە نائاساییە سوودمەند دەبن زۆر هەڵەن، چونكە لە كۆتاییشدا ئەوانیش زەرەرمەند دەبن، چونكە حكوومەتی عێراقی هیچ حیسابێكیان بۆ ناكات و كەركووك بە شارێكی عەرەب لە قەڵەم دەدات، هەموو بیرمانە هەڵوێستی تاریق عەزیز لە توركیا لە كۆتایی ساڵی هەشتادا كە چۆن لە ئەنقەرە لە وەڵامی رۆژنامەنووسانی توركدا گوتی: ((لە عێراقدا توركمان نییە)).. و لە زەمانی بەعسیشدا دەبوو توركمان نەتەوەكەیان بە عەرەب بگۆڕن گەر دەیانەوێت لە كەركووك بمێنن.