Draw Media

ئه‌گه‌ر توركیا هێرش بكات، كورد پێویسته‌ شه‌ڕه‌كه‌ فراوان بكات!.

ئه‌گه‌ر توركیا هێرش بكات، كورد پێویسته‌ شه‌ڕه‌كه‌ فراوان بكات!.

2019-08-06 20:42:12


د.كامەران مەنتك
 


هاوكێشه‌كانی ناوچه‌كه‌ ئێجگار ئاڵۆز بووه‌و سیسته‌می جیهانی به‌ كرده‌یی وا گۆڕانكاری به‌سه‌ر دادێت، ئه‌وه‌ی جێگای داخه‌ خه‌ریكه‌ هاوسه‌نگیه‌كان به‌ پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی كورد له‌ هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان یه‌كلایی ده‌بێته‌وه‌. ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌تیه‌ سێلایه‌نیه‌ی له‌ نێوان روسیاو توركیاو ئێران به‌ شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ و چین به‌ شێوه‌یه‌كی نا راسته‌وخۆ دروست بووه‌، پێده‌چێت تێكشكاندنی هه‌ژموونی ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌ له‌ تێكشكاندنی كورد و ئه‌زموونی كوردی له‌ هه‌موو كوردستان بدۆزنه‌وه‌!. به‌ داخه‌وه‌ ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌وروپیه‌كانیش، به‌ تایبه‌تی ئه‌ڵمانیا، ئه‌ویش به‌ هه‌ڵوێسته‌كانی به‌رامبه‌ر كوردو مه‌سه‌له‌ ئالۆزه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ده‌یه‌وێت تۆڵه‌ی هه‌ردوو جه‌نگی یه‌كه‌م و دووه‌می جیهانی له‌ ئه‌مریكا بكاته‌وه‌، له‌ كاتی ئێستادا به‌ شێوه‌یه‌كی نا راسته‌وخۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ستراتیژیه‌كانی خۆی له‌ به‌ره‌ی ئۆراسیا ده‌دۆزیته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵی شاردنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ ده‌دات!. 

ده‌وڵه‌ته‌ هه‌رێمیه‌كان، مه‌به‌ستم ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌یه‌، كه‌ كوردستانیان به‌سه‌ر دابه‌شكراوه‌، توركیا وه‌ك به‌شێك له‌ هاوپه‌یمانی ناتۆ پێشڕه‌واه‌یه‌تیان ده‌كات بۆ لێدان و سڕینه‌وه‌ی كورد، هه‌وڵده‌درێت ئه‌مجاره‌یان له‌سه‌ر بنه‌مای گۆڕینی دیمۆگرافیای كوردستان، كوردستان دابه‌ش بكرێته‌وه‌ و دیواری مرۆیی له‌ نه‌ته‌وه‌یی جیاواز له‌سه‌ر سنووره‌ ده‌ستكرده‌كانی دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی دروست بكرێت!.

كه‌واته‌ مه‌ترسی ئه‌م قۆناغه‌ به‌ ته‌نیا مه‌ترسی نیه‌ له‌سه‌ر خاك، به‌ڵكو مه‌ترسیه‌ له‌سه‌ر بنه‌ما ئه‌تنیكیه‌كان و مرۆڤبوونی كورد. توركیا له‌سه‌ر دوو ئاست ئه‌م شه‌ڕه‌ ده‌كات، ئاستێكی راسته‌وخۆ، كه‌ سوپا چه‌كداركراوه‌كه‌ی به‌ چه‌كی ناتۆو به‌ پله‌ی یه‌كه‌م ئه‌لمانیاو ئه‌مریكا، به‌م دواییه‌ روسیا، له‌سه‌ر سنووره‌كانی رۆژئاوای كوردستان كۆكردۆته‌وه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی داگیركردنی ده‌كات. 

له‌ باشوریش ‌ به‌درێژایی سنووره‌كان رۆژئاواو باشوری كوردستان، ناوچه‌یه‌كی زۆری داگیركردوه‌و ئیراده‌ی خه‌ڵكی باشووری هه‌وسار كردووه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی نیوكه‌وانه‌ییه‌كی هه‌واڵگری و سه‌ربازی له‌ ده‌وروبه‌ری شه‌نگال – به‌عشیقه‌ - خه‌بات (كه‌له‌كی یاسین ئاغای) – تا مه‌خمور و له‌ وێشه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی ده‌ڤه‌ری سه‌وزئاماده‌كردووه‌. له‌ لایه‌كی تر كار له‌سه‌ر خۆشكردنی شه‌ڕی ئاگرێكی تری كوردی – كوردی ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌كه‌ بكاته‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی ناوخۆیی كوردو ره‌هه‌نده‌ سیاسی و جیۆپۆله‌تیكیه‌كانی بشارێته‌وه‌. ئه‌مه‌ی له‌م قۆناغه‌دا رووده‌دات مه‌ترسی زۆر جدین، ئه‌گه‌ر ڕیگای پێینه‌گیرێت و ده‌وڵه‌تانی رۆژئاواو به‌ تایبه‌تی ئه‌مریكا رێگا به‌و كاره‌ساته‌ نه‌گرن، پێویسته‌ كورد هه‌وڵبدات چوارچێوه‌ی شه‌ڕه‌كه‌ فراوان بكات و چیتر ناوماڵی خۆی نه‌كاته‌ گۆره‌پانی شه‌ڕ. پێم وایه‌ ناكرێت له‌ ترسی دایسانی جه‌نگێكی تری جیهانی رێگا بدرێت كوردستان بكرێته‌ قوربانی!. ئه‌گه‌ر بڕیار بێت ئه‌و جه‌نگه‌ هه‌ر رووبدات با فراوان بێت و هه‌موو ئه‌وانه‌ش بسوتینێت، كه‌ ده‌یانه‌وێت كوردستان بسووتێنن.

له‌ دۆخێكی ئاڵۆزی هاوسه‌نگی هیزی وه‌كو ئێستای ناوچه‌كه‌، ئه‌گه‌ر له‌كورد بدرێت، ره‌نگه‌ زۆر گران نه‌بێت بۆ كورد، كه‌ هه‌وڵ بدات چوارچێوه‌ی شه‌ڕه‌كه‌ فراوان بكات!. باهه‌موو ناوچه‌كه‌ به‌ ده‌ردی كورد بچێت. ده‌بێت له‌و باره‌یه‌وه‌ بڕیاری بوێرانه‌ بدرێت. كه‌ شه‌ڕ كه‌وته‌ سه‌رخاكی ئێمه‌ با بكه‌وێته‌ سه‌ر خاكی ئه‌و وڵاتانه‌ش، كه‌ ده‌یانه‌وێت شه‌ڕه‌كه‌ بگوازنه‌وه‌ ناو ماڵی كورد.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand