بزوتنەوەی گۆڕان لەبەردەم دوڕیانێکی چارەنوسسازدایە
2019-08-06 09:05:36
+ د. شۆڕش حاجی
ئەڵقەی یەکەم: بەشداریکردن لە حکومەت
سەرهەڵدانی بزوتنەوەی گۆڕان وەک جوڵانەوەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی لە ساڵی ٢٠٠٩ بەرجەستەبونی هزری گۆڕانخوازی بو، کە چەندین ساڵ بو بە شێوازی جۆراوجۆر لەلایەن تاکو گروپی جیاجیاوە لە باشوری کوردستان هەوڵی بۆ دەدرا. گۆڕان بە ئامانجی گۆڕانکاری ریشەیی لە سیستمی حوکمڕانیو، چاکسازیو بنبڕکردنی گەندەڵیو، باشکردنی بژێوی هاوڵاتیانو، سەروەری یاساو، دادی کۆمەڵایەتیو، گێڕانەوەی کەرکوکو ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستانو، بەنیشتیمانیکردنی هێزی پێشمەرگەو هێزەکانی ناوخۆو پاراستنی شکۆی تاکی کورد دامەزرا. دامەزرێنەرانی گۆڕان لە سەرەتاوە نەخشەی بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەیان داڕشت.
کاک نەوشیروانو دامەزرێنەرانی گۆڕان لە پێش ٢٥/٧/٢٠٠٩ هەڵسەنگاندنێکی وردی بارودۆخی ئەوسای کوردستانیان کردو ئەو ئامانجانەیان دەسنیشانکرد کە لەسەرەوە ئاماژەیان پێدرا. تێکۆشەری دێرینو خاوەن ئەزمونیان لەگەڵ گەنجو لاو کردە هێزی مرۆیی جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە قورسەو، شێوازێکی جیاوازی کاری حیزبیو پەیکەری رێکخراوەییان هەڵبژاردو، خەباتی مەدەنی کرا بە شاڕێی گۆڕانکاری.
خەباتی پەرلەمانیو ململانێی ناو پەرلەمان لە مینبەری ئۆپۆزیسیۆنەوە داهێنانێکی کەموێنەی بزوتنەوەی گۆڕان بو لە کایەی سیاسیدا. دواتریش بەشداریکردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەت هەوڵێکی تری بزوتنەوەی گۆڕان بو بۆ گەیشتن بە هەندێک لە ئامانجەکانی بۆ خزمەتی هاونیشتیمانیانی کوردستان. بەڵام لەمڕۆدا پەیامی گۆڕان لەبەردەم دوڕیانێکی چارەنوسسازدایە.
هەندێ چاودێری سیاسیو گۆڕانخواز پێیان وایە لە ئێستادا بزوتنەوەی گۆڕان نە دەستپێشخەریو گوتاری سیاسی ماوەو، نە بیری لای هەڵسەنگاندنو بەخۆداچونەوەو نەخشەدانانو خۆرێکخستنەوەیەو، نە بەرنامەیەکی تۆکمەی هەیە بۆ ئاشتکردنەوەی هەڵسوڕاوە دڵسۆزە نیگەرانەکانی. بەڵکو تەنیا خەمو کاری سەرکردایەتی گۆڕانو هەڵسوڕاوان بریتیە لەوەی کێ چ پۆستێک لە حکومەتی هەرێم وەربگرێ. وەک ئەوەی گۆڕان بە هەمو ئامانجەکانی گەیشتبێو تێکرای پەیامەکانی بەدیهاتبێو تەنیا شتێک کە مابێ ئەوەیە چۆن گۆڕانخوازان بەری رەنجو ماندوبونی چەند ساڵەیان بە وەرگرتنی پۆستی حکومی بچننەوە. ئەو چاودێرانە پێیان وایە هەندێ لە دەسەڵاتدارانی گۆڕان، هاوشێوەی حیزبەکانی تر، لە هەوڵی ئەوەدان وەلای بەشێک لە هەڵسوڕاوان بە پێدانی پۆستێکی حکومی بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن. هەر بۆیە بەشێکیان کار لەسەر ئەوە دەکەن پۆستەکان لەسەر ئەساسی مەنسوبیەتو مەحسوبیەت دابنێن، نەک لەسەر بنچینەی شارەزاییو پسپۆڕیو دڵسۆزی بۆ پەیامی گۆڕان. ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر گۆڕان بەڵێنی دابو خۆنەویستو پشودرێژ بێ لە هەوڵەکانی بۆ هێنانەکایەی ئاسودەییو خۆشگوزەرانی بۆ هەمو هاوڵاتیانی کوردستان.
بێگومان مافێکی سروشتی هەمو مرۆڤێکە خۆیو خێزانەکەی ژیانێکی خۆشو گوزەرانێکی باشو دواڕۆژێکی دابینکراوی هەبێ. هەروەها ئەرکی هەمو هێزێکی سیاسییە ژیانێکی پڕ لە کەرامەت بۆ ئەندامو کەسە دڵسۆزو ماندوەکانی دابین بکات. بەڵام مەرج نیە حیزب تەنیا لە رێی پێدانی پۆستی حکومییەوە پاداشتی خەڵکە ماندوو خۆنەویستەکانی بداتەوە، بەڵکو زۆر رێکاری گونجاوی تر هەن بۆ ئەو مەبەستە. هەروەها دەبێ هەموان ئەو راستییە بزانن کە خەباتی گۆڕان بۆ هێنانە کایەی حوکمڕانییەکە کە لە سایەیدا خۆشگوزەرانی بۆ هەمو هاونیشتیمانیانی کوردستان دەستەبەر بکرێو چیتر هیچ کەسێک لە پێناوی ژیانو گوزەراندا ملکەچی هیچ کەسو تاقمو حیزبێک نەبێت. لە هەمو ئەوانەش گرنگتر ئەوەیە بزوتنەوەی گۆڕان لە ئێستادا لە سەرەتای کاروانی خەباتی چاکسازیو گۆڕانخوازیدایەو ئەرکی ئەندامو هەڵسوڕاوو سەرکردایەتییەکەی بریتیە لە نەخشەدانانو کارکردن بۆ سەرخستنی پەیامو بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان. ئەمەش لە رێی هەڵسەنگاندنی کاری رابردوو تاووتوێکردنی هەلومەرجی ئێستاو خۆرێکخستنەوەو خۆئامادەکردن بۆ ئاییندە بە تواناو دیدێکی سەردەمیانەوە، کە لەگەڵ هەلومەرجی ئەمڕۆدا بگونجێ.
بەشداریکردنی گۆڕان ئەمجارە لە حکومەت بۆ بەدیهێنانی هەندێ لەو بەڵێنانەی چاکسازییە کە بە هاوڵاتیانی داوە. هەر بۆیە بزوتنەوەی گۆڕانو ئەو بەرپرسانەی گۆڕان لە حکومەت لەبەردەم سەنگی مەحەکدا دەبنو لە لایەن هاوڵاتیانو گۆڕانخوازانو فراکسیۆنی گۆڕانەوە لە پەرلەمانی کوردستان چاودێرییەکی ورد دەکرێن. ئەدای گۆڕان لەم قۆناغە هەستیارەداو ئەنجامی ئەم تاقیکردنەوە قورسە بۆ گۆڕان بابەتێکی چارەنوسسازە.
لە ساڵی ٢٠١٤ و لە سەروبەندی بەشداریکردنی ئەوسای بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەتی هەرێم، سەرلەبەیانییەک وەک هەمو رۆژێکی تر لە گردی زەرگەتە چومە ژوری کۆبونەوەکانی ئێستای بیناکەی خوارەوە. کاک نەوشیروان هەمو رۆژێک بەیانیان زو پێش زۆربەی هەڵسوڕاوان لەو ژورە دادەنیشتو بەدەم جگەرەکێشانەوە چاوەڕێی گەیشتنی هەڵسوڕاوو بەرپرسەکانی گۆڕانی دەکرد. ئەو رۆژە کاک نەوشیروان زۆر بێتاقەت هاتە بەرچاوم. پرسیارم لێکرد کە بۆچی ئەوەندە بێتاقەتە. سەرەتا نەیویست وەڵامم بداتەوە، بەڵام لێم دوبارە کردەوە کە پێم بڵێ. ئینجا وتی: تۆ دەزانی هەر کەسێک کە لە گردەکەو لە ماڵەوە دێت بۆ لام سی ڤییەکی بەدەستەوەیەو داوای پۆستی حکومەت دەکات. زۆر خەم لەم حاڵەتە دەخۆم…… ئەگەر ئەو هەمو خەڵکە بچنە حکومەتو پۆست وەرگرن ئەی کێ لەم حیزبە بمێنێتەوەو کار بکا؟ کێ گۆڕان ببا بەڕێوە؟ …. ئەو برادەرانە وا دەزانن کاری ئێمە تەواو بوە " وە تەوەللا، بو بە مەلا "….. نازانن کە کاری لەمەودوامان زۆر قورستر دەبێ لە هی پێشو.