Draw Media

رێکخستن ئامرازی کاریگەری دەربازبوونە

رێکخستن ئامرازی کاریگەری دەربازبوونە

2019-08-05 19:58:06


د. محەمەد كیانی + رەمزی مەجید فەردە 

قسەی زۆر دەکرێ لەسەر چی پێویستە بکرێت. زۆر کەس دەڵێن خەلکی کورد لە حیزب بێزار بووە. ئێمە دەبێ هۆکارەکانی پشت ئەو قسە بڵاوە بزانین چیە، ئینجا دەتوانین ڕایەکی تۆکمە و ڕاست دەرببڕین کە خەمی هەمو ئەو کەسانەیە بەدوای چارەسەریەکی یەکجارەکی بۆ کێشە سیاسیە جەنجاڵەکانی باشوردا دەگەڕێن. 

ئایا بەڕاستی خەڵکی کورد لە بنیاتنانی حیزب بێزار بووە؟ بە ورد بوونە لە سەرجەم ژیانی سیاسی کورد لە شەستەکانەوە تاکو ئێستا دەبینین چەندین قەوارەی سیاسی سەریانهەڵدا، هەر یەکیان لە قەوارەیەکی پێش خۆی لە دایك بووە کە بەڕەچەڵەك دەگەڕێتەوە سەر پارتی یان زادەی خودی پارتی بووە. کەسانی سەرکردایەتی ئەم رێکخراوە نوێیانە دەکەن پێشنەی کاری سیاسیان لەناو یەکێك لەو قەوارانەدا هەبووە. لە پاش دورستبوون لەسەر بەڕنامەیەك و چەندین دورشمی نوێوە و گەشەکردن لەسەر ئەو بنەمایانە، پاش باڵادەستبون، بەداخەوە ئەو قەواورە نوێیەش وەك ئەوانی تری ڵێدێتەوە و بە هەمان ئەدای ئەوانەی پێش خۆی هەڵسوکەوت دەکات. ئەمیش دەبێتە شاگرد و پشکدار لە سەرجەم ناڕەواییەکانی حوکمداری ناشەرعی و گەندەڵ. لە ئەنجامدا، دەبینین هەمان عەقلی پارتیە لەناو ئەو قەوارە نوێیەش لەکارە و دەسەپێندرێ بەڵام بە دەموچاو و ناوێکی جیاوازەوە. ئەمەش دەبێتە ئیزافەیەك بۆ قەوارەکانی پێش خۆی و هیچ لە ژیان و چەرمەسەریەکانی جەماوەر ناگۆڕێت، خەڵکەکەی لە دەوری کۆبونەتەوە و جەماوەری فراوانی گەل هیوابڕراو دەکات. 

لەو سونگەوە، ئەوەی جەماوەر لێی ماندوبوە و لێی بێزارە ئەو دوبارە بونەوە و خۆبەرهەمهێنانەوەی عەقلیەتی پارتیە لە فۆڕمێکی تر، بەڵام بە هەمان عەقلیەتی دواکەوتو و بەرژەوەندخواز و هەژمونگەرایی بنەماڵەیی پارتی و بەکارهێنانی مەسەلەی رەوای کورد و داواکاریە رەواکانی جەماوەر بۆ بەدیهێنانی ویستی شەخسی و بنەماڵەییە بچوك و ناڕەوای کۆمەڵێکی تر. ئەمەش زیانی گەورە بە مەسەلەی نەتەوەیی و ژیان و بژێو و کەرامەت و ئیسانیەتی تاک و کۆمەڵ دەگەیەنێ. بە کورتی ئەوەی خەڵك لێی بێزارە ئەو عەقلیەتە دواکەوتوە بەژەوەندخوازە چاوچنۆك و بەدکارەیە لەگەڕە لە پەنجایەکانی سەدەی رابدوەوە لە ناو پارتی دایك و تا ئێستاش گواستنەوەی بۆ نەوەکانی دووای ئەو. هەمان عەقلیەتە پەیوەندی نێوان سەرکردەی حیزب و جەماوەر بە هەمان شێوازە کۆنە دواکەوتووەکە رێکدەخات و پیادەی ئەو سیاسەتەی پێدەکەن لە کوردستان کە دەبێ گەل و نیشتیمان بەکاربهێنرێت بۆ دابینکردن و ڕەپێشکردنی حەز و بەرژەوەندی بازنەیەکی داخراوی کەمی سەر ترۆپەی حیزب و دەستوپەیوەندەکانیان. بۆ نمونە، جەلالی لە مەلایی لەدایك بوو. ڕاستە سەرکردەکانی لە هەڵسوکەوتی مەلا مستەفا ناڕازی بوون، بەڵام سەرەنجام تەجاوزی کردارەکانی پارتیان نەکرد لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیان. یەکێتیش کە ئەنجامی نەشونماکردنی جەلالیەتەکەبوو، لە کۆتاییدا کە بەرژەوەندیەکی مادی زۆر سەریهەڵدا، کرا بە دەستگایەکی بنەماڵەیی گەندەڵ، زۆربەی ئەندامانی مەکتەب سیاسیەکەی پێکهێنا لە کەسانی بەرژەوەندخوازی گەندەڵ و دوور لە وابەستەبوون بە بیروباوەڕ و پرنسیپە سەرەتاییەکانی یەکێتیەوە. باشترین پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنیان گوێڕایەلی وئیتاعەی تەواو بوو بۆ مام جەلال. بەم جۆرە یەکێتی بوەوە کۆپیەکی دوبارەی پارتی و جیاوازیان نەما لە پراکتیزی سیاسی و چەسپاندنی دکتاتۆریەتی تاکە کەس و تێوەگلانی بەربڵاو لە گەندەڵی و خیانەتکردن و ڕوتاندنەوەی جەماوەر و سەرکوتکردنی و بێکەرامەتی کردن بە خەڵکی سەربەرزی ئەو یەکێتیەیان داڵدەدا و بەرەو باڵادەستییان برد. 

لە دوای ئەویش گۆڕان لە زگی ئاوسی یەکێتی هاتەدەر بە حیساب بۆ چاککردنەوەی هەڵەکانی یەکێتی، لەپاش ئامادەبوونی جاری یەکەمی گۆڕان لە پەڕلەمان، توشی هەمان دەردەکەی یەکێتی بووەوە و بووە دەستگایەکی دەست بازنەیەکی تەسکی سەرکردایەتیە بێ روئیای سیاسی و گەندەڵ و ناکارامەوە و فاشیلەکەی کە بێبەهرەیە لە چۆنیەتی سەروسەوداکردن لەگەڵ واقیع و لایەنە دەسەڵاتدارەکان. دواییش گۆڕان تەسلیمی حیزبی دایك بوو، وە بووە بەشێك لە چەسپاندنی دەسەڵاتداری بنەماڵەی بارزانی و ئەو سیستەمە گەندەڵ و چەوسێنەر و دژە مرۆڤەی سەرکردایەتی دەکەن، بەتایبەت دوای مەرگی کاك نەوشیروان. گۆڕانیش هەمان نەخۆشی بەرەو بە بنەماڵەبوون لێدا، پشتی کردە جەماوەر و لەوانیش خراپتر پەیتا پەیتا کەسانی دڵسۆزی ناو ریزەکانی خۆیان بەدەرنا. 

نەوەی نوێشمان بینی کە خراپترین نمونەی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە سیاسیە بوو لە ئەنجامی لادان و شکستی گۆڕان سەریهەڵدا. لە ماوەی یەك ساڵ، رووە پۆپیولیستە هەڵخەلەتێنکارەکەی سەروکی بزووتنەوەکە دەرکەوت. 

لە راستیدا، ئەو دووبارە بوونەوانە خۆبەرهەمهێنانەوەی هەمان عەقلیەتی هەژمونگەرایی بنەماڵەیی و بەرژەوەندخواز و عەمالەتی پاریتیە لە کەس و گروپانێكی خۆ بە بێبەش دەزان لە بازنەی داخراوی سەرکردایەتی و حاشیەکانی حیزبە یەك لەدوای یەکەکانی وەچەی پارتین. ئەم کەس و گروپانەش هەمان درم لێیان دەدات و پارتی بەرهەمدە‌هێنێتەوە لە فۆڕم ناوێکی تر. ئەم پڕۆسە نەشازە دوبارە و چەند بارە دەبێتەوە بێ ئەوەی یەک تۆسقاڵ کۆڕانکاری لە شیوازی کار و بیرکردنەوە و روئیای سیاسی عەقلیەتە ئۆریجناڵەکە روویدا. 

جەماوەر لەم عەقلە چەقبەستووە بەرد ئاسایە نەگۆڕ و بێ بەزەیی و بێ هەستە بێزارە، ترسی خولانەوەی بەردەوام بە دەوری ئەو بازنە داخراوەی عەقلی نەزۆکی کورد توشی بێزاری کردووە. 

دووەم هۆکاری نیشاندانی بێزاری جەماوەر لە بنیاتنانی حیزبی نوێ پڕوپاگەندەی حیزبە دەسەڵاتدارە هەژمونگەرا گەندەڵەکانە بە ئامانجی گەوجاندنی جەماوەر لە ترسی ئەوەی نەوەك هێزێکی سیاسی نوێ سەرهەڵبدات تەجاوزی عەقل و پراکتیزی ئەوان بکات و ببێتە ئەلتێرناتیڤێکی بەهێز بویان و جەماوەر لە دەوری کۆ ببێتەوە و ئاراستەی سەرهەڵدانێکی سەرتاسەری بکات بە پەڕاویزخستن و وەلانانی ئەو هێزە گەندەڵانە کۆتایی بێت. کرۆکی پرسەکە ئەوەیە، ئەو حیزبانە مەرگی خۆیان لەوە دەبینن عەقلێکی سیاسی تازەی جیاواز لە کاربێت لە قالبی حیزبێکی ساسی بەهێزی جیاواز لەوان لە بیرکردنەوە و رێکخستن و جیهانیبینی و بۆچون بۆ حوکمداری و کۆمەڵگە و رێکخستنەوەی ژیانی سیاسی بە پێچەوانەی عەقل و پراکتیز و بەرژەوەندی ئەوان . 

زۆر ترس هەیە لە دووبارە بوونەوەی ئەزمونی گۆڕان و هاوپەیمانیەکەی بەرهەم ساڵح و نەوەی نوێیەکەی شاسوار. ئەوەی ترسەکەش قولتردەکاتەوە ئەوەیە ئەم دیاردانە لە ماوەیەکی کورت سەریانهەڵدا و مایەپوچ دەرچوون. هەموشیان بانگەشەی گۆڕانکاری و نوێبونەوە و عەدالەتی کۆمەڵایەتی چەسپاندنی دەوڵەتی هاوڵاتیبون و یاسا ڕابەرایەتی گەنجانیان دەکرد و کاتێکی زۆری نەخایاند ئەو چەمکانەیان بێبەها و بێمانا کرد. ئێستاش زۆرێك لەوانەی لەناو گۆڕانی ئێستا بێبەش بوونە و لە ڕابردوی کارکردنیان لەناو گۆڕان بە چەند قسە و کردارێک کارابونە، ئێستا خۆیان بە میراتگری گۆڕان نیشان دەدەن و دەبێ ئاڵای خەباتیان بدرێتە دەست و جەماوەری ناڕازی بە تابیع و مریدی خۆیان دەزانن و واش نیشاندەدەن جەماوەر مڵکی تایبەتی خۆیانە. ئەم دیاردە ناتەندورست و کوشندەیە لەناو هەندێ بەناو گەنجی نارازی تەنراو بە هەمان عەقڵی سیاسی باوی کورد ئەمڕۆ لە گەڕدایە و لەدوای خۆ بە کاریزماکردنن کە سەرەنجام وەک هەمو دیاردەکانی پێشتر نمایشکارێکی هۆقەباز دەردەچن، جەماوەر دەستخەڕۆ دەکەن و توشی شکست و نائومێدی و بێچارەییەکی تری دەکەنەوە.  رێکخستن لە چوارچیوەی کەسی کاریزما و هیواهەڵچنین لەسەر کەسان و گروپێکی داخراوی لەم جۆرانەی سەریان لە خۆیان و لە جەماوەریش شیواندووە بێگومان زیان بەخشە و نەبوونی باشترە. 

شتێکی بەڵگە ئەویستە، سیاسەت بۆشایی قبوڵ ناکات، جا ئەگەر بە بوونێکی دورست و باش و هیوابەخش پڕ نەکرێتەوە، بێگومان بونێکی نادورست و دوور لە مەرامی چاکەی کشتی و هەڵپەرستخواز خۆی پێدادەکات بۆ ئەوەی پڕی بکاتەوە و ئەنجامەکەی بێهیوای و بێچارەیی جەماوەر و بێزاربوون دەبێت، وەك بینیمان چۆن نەوەی نوێ لە دوای گۆڕان وەک قەوارەیەکی پەڕپوت هاتەپێش.

ئەو شتەی جەماوەری بێزار کردووە خودی بنیاتنانی حیزبی سیاسیی بەهیز نییە بە ئامانجی کۆتاییپێهێنانی ئەو شەوەزەنگەی دەسەڵاتداری هەرێم و کۆتایی هێنان بەم دەسەڵاتدارییە دژ بە کۆمەڵگە و جەماوەر و نەتەوە و نیشتمانە، ئەوەی جێگای بێزاری جەماوەرە دوبارە بوونەوەی ئەو خەڕەکەی سیاسەتی کوردییە کە ناتوانێ گۆڕانگاریەکی جیدی بەرهەم بێهنێت و رەورەوەی گەشەی کۆمەڵایەتی بخاتە سەر سکەی سورشتی خۆی. ئەگەر نیەتی گۆڕانکاری لە واقیعی کوشندەی ئێستای باو هەبێت، دەبێ ئامادەیی بکرێت بۆ سیاسەتکردن بە بیر و بۆچونی تەواو جیاواز لە شێوەی بیر و پراکتیزی ئەمانەی هەن و رێکبخرێت لە چوارچێوەی حیزبێکی بەهێزی خاوەن دیسیپلین و شێوازی خەباتی سیاسی و جەماوری نزیک لە کۆمەڵگە و پێویستیەکانی و وابەستەی بیر و باوەڕێکی توکمە بێت نەك کەس و کاریزمای دورستکراو و مەرام شاراوە. دەبێ بیرۆکەکانی ئەو عەقلە لە دەستپێکەوە لە کاربێت و بە فیعلی مۆرکی دیاربێت بەسەر کاری رۆژانەی ناوجەماوەرەوە. ئەم حیزبە بەهێزە دیسیپلیندار و خاوە پرنسیپە دەبێتە چەقێکی بەهێز بۆ بەرەیەکی فراوانی کارای ئەڵتێرناتیڤ بۆ ئەم دەسەڵاتداریە نا عادیل و رەفتارفاشییە.

ئەوەی لێرەدا پێویستە جەختی لەسەر بکرێتەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە ناهەموارەی بەرهەمی عەقلی هەژمونگەرای بە بنەماڵە کردنی سیاسەت و بەکۆیلەکردنی سەرجەم کۆمەڵگە و تاڵاکردنی سامانی نەتەوە و بەکارهێنان گەل و نیشتیمان لە پێناوی تەقدیسکردنی بنەماڵە، پێویستی بە حیزبێکی بەهێز و خاوەن پرنسیپی چەسپاو هەیە، بە عەقلیەتێکی سیاسی تەواو دابڕاو و پێچەوانەی ئەوەی ئێستا باوە ڕێبەرایەتی بکرێت، لە شێوازی کار و رێکخستن و چۆنیەتی تێکەڵبوون لەگەڵ جەماوەر بەتەواوەتی جیاواز بێت لەوانەی هەن، توانای پێشەنگایەتی بەرەیەکی فراوانی هەبێت، هەنگاوێکی گەورە دەبێت بەرەو سەرکەوتنی بەڕنامەی گەل و نیشتیمان بەسەر مافای دەسەڵاتداری ئێستا.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand