Draw Media

نەشینیان بۆ بگێڕن نە یادی ئەو تاوانە بكەنەوە!

نەشینیان بۆ بگێڕن نە یادی ئەو تاوانە بكەنەوە!

2019-08-04 09:08:17


+ د. کامەران مەنتک
 

ئێوە، كە بە هەزاران چەكدارتان بە ناوی پێشمەرگە كشاندەوەو بەرامبەر چەند سەد كەسێكی چەكدارانی داعش چۆكتان داداو راتان كرد، هەزاران ژن و منداڵتان دایە دەست داعش بۆ ئەوەی بیانكاتە سەبایاو لە بازاڕەكانیدا بیانفرۆشێت. ئێوە، كە لەگەڵ داگیركەرانی كوردستاندا دەستتان تێكەڵ كردو هەزاران گەنج و ژن و منداڵی برایانی ئێزدیتان بە جینۆساید كردن دا. 

ئێوە، كە بەدرێژایی مێژووی خۆتان لەیەك شەڕی چارەنووس ئامیز نەتانتوانیوە بەرگری لە گەلەكەتان بكەن. ئێوە، كە لە چركەساتەكانی بڕیاردانی مێژوویدا تەسلیم بوونەتەوە چەكتان داناوە. 

ئێوه،‌ كە شەرمتان بە خۆتان نەبوو ئەو چەكە گەورەو مام ناوەند‌و سوكەتان بە دوای خۆتان راكێشاو گۆڕەپانی شەڕتان بە بێ تەقە بۆ چەند منداڵێكی تراكسوت لەبەرو نەعل لەپێی داعش چۆل كرد. 

ئێوه،‌ كە شەرمتان بە خۆنەبوو، فەرمانی كشانەوەو راكردنتان دا. ئێوه،‌ كە بەقسە زل و قارەمان و پاڵەوان و شەڕ كەن بوون، ئێوە، كە بە جل و بەرگی سەربازی لە ئاهەنگەكان و لەنێو ژن منداڵاندا خۆتان نمایش دەكرد. ئێوە، كە لە پە‌نای مەتەرێزی بەرگریدا لە دوورەوە بە دووربین سەیرتان دەكرد و وینەتان دەگرت و لە میدیاكاندا بڵاوتان دەكردەوە. ئێوە، كە جۆرەها چەكتان بە خۆوە دەكردو لەبەرچاوی كامیراكان بە لەنجەولار دەهاتن و دەچوون، بە كردەوه نەتانتوانی تەنیا یەك كاتژمێر بەرامبەر هەرزەكارەكانی داعش خۆتان رابگرن و راتان كرد. ئێوە، كە بە كردەوە لە راكردن و بەجێهێشتنی خەڵكی بێ چەك و هەژاردا نمونەتان نیە!. 

ئێوه، كە لە خۆهەڵواسین خۆ هەڵدانە ناو ترۆمبێلە گەورەو زەبەلاحەكانتاندا بۆ راكردن شەرمتان بە خۆ نەبو و نیە. ئێوە، كە تا ئیستا نەتانتوانیوە لێكۆڵینەوە لەگەڵ یەك بەرپرسی بەرپرس لەم شەرمازیە بكەن. كەواتە ئیوە خۆتان بەرپرس و شەرمەزاری یەكەمن. كەواتە تاوانی رەشەكوژی برا ئیزدیەكان لە ئەستۆی ئیوە دایە!. 

كەواتە ئێوه، ‌ لە هەموو دوژمنەكانی كوردستان مەترسیدارتر بووینە بۆ سەر كورد!. ئای چەند شەرمەزارن ئێوە بەرامبەر برا ئێزیدیەكان. ئای چەند شەرمەزارن ئیوە، بەرامبەر جینۆساید كردنی بارزانیەكان. ئای چەند شەرمەزارن ئێوه،‌ بەرامبەر هەڵەبجە. چەند شەرمەزارن بەرامبەر ئەنفال، بەرامبەر ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی‌ فەرمانەكانی ئێوەیان جێبەجێنەكردو بەرگریان لە ئێزدیە لێقەوماوەكان كرد، بەرگریان لە مرۆڤ بوونی خۆیان كرد!. ئێوە تەنیا جارێك، تەنیا بۆیەك جار لەمێژووی پڕشەمەزاری خۆتان، تەنیا یەك جار شەرم لە خۆتان بكەن و لە یادی ئەو شەرمەزاریەتان لە پێشەوەی رێزی هۆڵەكان دامەنیشن و بە ئازاری خەڵكە كۆست كەوتووەكە پێمەكەنن. 

تەنیا جارێك شەرمتان بە خۆتان بێت شانازی بەوە مەكەن، كە لە پەرلەمان ئەو قەتل و عامە بە جینۆساید بناسینن، كە خۆتان بەرپرسی یەكەم بوون لێی!. خۆزگە تەنیا جارێك شەرمتان دەكردو كورسیەكانی پێشەوەی ئەو یادەتان بۆ خەڵكە كۆست كەوتووەكە بەجێدەهێشت و لەو یادەدا چاو و رووتان نەدەبوو بێنە ناو خەڵك. ئای لە ئێوە، نازانم چ جۆرێكن لە بوونەوەر ئێوە؟!.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand