چەند پێشنیازێکی خۆڕایی بۆ کابینەی نۆ
2019-08-01 12:26:05
+ فرمان عەبدولڕەحمان
مێژو تۆماری کردوە کە لە هەشتاکانی سەدەی رابردودا تەنها لە شاری سلێمانیدا دەیان کارگەی گەورەو بچوک و مامناوەندی هەبون، ژمارەی ئەو خێزانانەی بژێوی ژیانیان لەسەر کارکردن بو لە کارگەکاندا، نزیک بو لە ٤٠ لە سەدی دانیشتوانی شارەکە. ئەوێ رۆژێ نیوەی شەکری عێراق لە کارگەی شەکرەکەی سلێمانی و بە چەوەندەری شەکری چێنراو لە شارەزور، بەرهەم دەهێنرا. جگەرەو بەرهەمەکانی شیرەمەنی و جلوبەرگ و بەرهەمە خۆراکیەکانی دیکەش هەر لە ناوخۆی شاردا بەرهەم دەهێنران. ئێستاش ناوی هەندێ گەڕەکی سلێمانی هەر بە ناوی ئەو کارگانەوە ناودەبرێن “شەکرەکە، ئەلبیسەکە، ئەلبانەکە، سایلۆکە، سەهۆڵەکە، کارگەی جگەرەکە، کارگەی چیمەنتۆکە”. سودی ئەو کارگانە تەنها دابینکردنی هەلی کار نەبو بۆ خەڵکی، بەڵکو رێگرییەکی باش بو لە چونە دەرەوەی سەرمایە بۆ وڵاتانی دەرەوە.
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە کاتێک دەروازەی سنورەکان بە بێ پلان و بەرنامەڕێژیی واڵاکران بۆ هاوەردەکردنی شمەک و کەلوپەل لە وڵاتانی دەرەوە، نەک ئەو کەمە کارگانەشی توشی داڕوخانکرد کە بەرهەمی ناوخۆییان دابیندەکرد، هاوکات نەزیفێکی گەورەشی کردە ئەو سەرمایە داراییەی کە وەکو بەشە بودجەی هەرێم لە بەغداوە دەهات، بەپێی ئەو ژمارانەی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پلان و بەدواداچون لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان بونیان هەیە، لە ١٣ ساڵی رابردودا ١٣٧ ملیار دۆلار لە كوردستان بۆ كڕینی كاڵاو شمەک و پێداویستی چوەتەدەرەوە.
با سەرنج لەم ئامارانە بدەین*:
• ساڵانە بە بەهای ٢ ملیار دۆلار جلوبەرگ و قوماش هاوردە دەکرێت.
• ساڵانە بە بەهای ٢٥٠ ملیۆن دۆلار دارو تەختە هاوردە دەکرێت.
• ساڵانە بە بەهای نزیكەی ٦٠٠ ملیۆن دۆلار شوشەوات و جوانكاریی نێو ماڵ هاوردە دەكرێت .
• ساڵانە بە بەهای ١٢٧ ملیۆن دۆلار چوكلێت و بسکیت هاوردە دەکرێت.
• هەمو وەرزێکی هاوین بە بەهای ١ ملیۆن دۆلار ئایسکریم و شەربەت هاوردە دەکرێن.
• ساڵانە بە بەهای یەک ملیار دۆلار جگەرە لە ٤٢ وڵاتەوە هاوردە دەکرێت.
• ساڵانە بە بەهای ١٧ ملیۆن دۆلار زۆپا دەهێنرێتە كوردستان.
• ساڵانە بە بەهای ١ ملیارو ٤٠٠ هەزار دۆلار مۆبایل دەهێنرێتە كوردستان.
• ساڵانە نزیكەی ٢ ملیار دۆلار بۆ كڕینی ئۆتۆمبێل دەچێتە دەرەوە.
• ساڵانە ٥٠ هەزار تۆن گوڵەبەرۆژە هاوردەی کوردستان دەکرێت.
• ساڵانە ١٠ ملیۆن نەمام و گوڵی سروشتی هاوردە دەكرێن.
• ساڵانە ٦ ملیۆن تایەی ئۆتۆمبێل دەهێنرێتە هەرێمی كوردستان.
• ساڵانە بەهای زیاتر لە ٢٣٠ ملیۆن دۆلار برنج هاوردە دەكرێت.
• لە ٨ ساڵی رابردودا بە بەهای ٢٠ ملیۆن دۆڵار باڵندە و ئاژەڵی جوانی هاوردە كراوە.
• ساڵانە ١٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی گەنمەشامی دەچێتە دەرەوە
ئەمانە مشتێک بون لە قەبارەی ئەو دیاردە ترسناکەی بە ناوی بازرگانیەوە لە هەرێمدا بەڕێوە دەچێت، کێشەی ئەم نەزیفە بەردەوامەی چونە دەرەوەی سەرمایە ئەوە نیە کە لە ماوەی رابردودا ئابوری هەرێمی توشی داڕوخانێکی گەورە کرد، بەڵکو مەترسیە جدیەکەی ئەوەیە کە داڕوخانی گەورە توشی پیشەسازی ناوخۆیی دەکات، ئەوەش لە سادەترین کاردانەوەیدا مانای داڕمانی ئابوری نیشتیمانی و نەمانی هەلی کار دەگەیەنێت.
راگرتنی نەزیفی چونە دەرەوەی سەرمایە
با هەندێ لەو ئامارانەی پێشو شەن و کەو بکەین، وەک ئاماژەمان پێدا ساڵانە بە بەهای یەک ملیار دۆلار جگەرە هاوردەی هەرێم دەکرێت، لایەن نەرێنیەکەی ئەم هاوکێشەیە تەنها ئەوە نیە کە پارەیەکی زۆر بەهۆیەوە دەڕواتە دەرەوەی کوردستان، کاریگەریە ئابوریە خراپەکانی ئەم حاڵەتەش هێندە دیارو بەدیهین پێویست ناکات لە روی زانستی ئابوریەوە شرۆڤەو شیکاریی بۆ بکەین. دیارە ئەو خاڵەش ئاشکرایە کە بازرگانی جگەرە لە بزنسێکی قازانجدارە، بەڵام لەم دۆخەی ئێستایدا، ئەم کەرتە تەنها گروپێکی بچوک لە بازرگانان کە دابەش بون بەسەر چەند بەرپرسێکی حیزبیدا سودمەندو دەوڵەمەندبون. بیهێنە پێشچاوی خۆت ئەگەر لە کوردستان زیاتر لە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی جگەرە هەبونایە، لە بری ئەوەی جگەرە لە ٤٢ وڵاتەوە هاوەردە بکرێ، لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنراو هەزاران هەلی کاریشی فەراهەم دەکرد، سەرباری ئەوەش بونی ئەو کارگانە دەبونە بزوێنەری جوتیاران و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان، بەوپێیەی جوتیاران سەرقاڵی بەرهەمهێنانی توتن دەبون و کارگەکانیش دەبونە وێستگەی ساغکردنەوەی بەرهەمی جوتیاران، ئەمە ئەگەر بزانین لە حەفتاو هەشتاکانی سەدەی رابردودا ئەم دیمەنە بە تەواوی ئەو وردەکاریە خەیاڵیانەی باسی لێوە دەکەین بونی هەبوەو بەشێک بون لە واقیعی ئابوری کوردستان.
هەڵبەت ئەم هاوکێشەیە بۆ زۆرێکی دیکە لەو کەلوپەلانەی تریش راستن کە هاوەردەکردنیان نەزیفی خستۆتە نێو سەرمایەی ناوخۆیی کوردستانەوەو بەوەش هەم پیشەسازی نێوخۆیی توشی ئیفلیجی بوەو هەمیش رێژەی بێکاریی زیادکردوە. هەربۆیە بەشێک لە ئەرکە هەنوکەیی و زۆر جدیەکانی کابینەی نۆ راگرتنی نەزیفی چونە دەرەوەی سەرمایەیە، ئەویش زۆر بە سادەیی بە پاڵپشتیکردن و گەشەپێدانی پیشەسازیە بچوک و مامناوەندییەکان دەستپێدەکات
گەشەپێدانی پیشەسازیە بچوک و مامناوەندییەکان
ئەڵمانیا یەکێکە لە وڵاتە پیشەسازیە پێشەنگەکان لەسەر ئاستی دونیا، گوزارەی “made in Germany” بوەتە براندو شوناسێکی پیشەسازی گرنگو متمانەپێکراو، بەشداریی پیشەسازی لە هاوکێشەی ئابوری ئەڵمانیا ئەو وڵاتەی کردۆتە یەکێک لە ئابوریە هەرە بەهێزەکانی جیهان، کە نەک تەنها بۆ خودی ئەڵمانەکان بەڵکو پایەکانی ئابوری کیشوەری ئەوروپاشی راگرتوە. هەڵبەت نەخوێندەوارییەکی گەورەیە پێمانوابێت پشکی پیشەسازییبونی ئابوری ئەڵمانیا تەنها بەر کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەکو مارسیدس و سیمینس و بی ئێم دەبلیو و پیشەسازییە قورسەکان دەکەوێت، بەڵکو سیحری بەهێزیی ئابوری ئەڵمانیا لە پیشەسازیە بچوک و مامناوەندییەکاندایە، ئەو پیشەسازیانەی کە دەچنە خانەی پێداویستیە رۆژانەییەکانی بەکاربەر، لە گرنگترینیان پیشەسازیە خۆراکیەکان و جلوبەرگ و پاکەرەوەو بابەتی جوانکاریی و پێداویستیەکانی دیکەی ناوماڵ و پیشەسازی ریسایکلین. بەشێکی گەورەی بازاڕی کاریش لەو وڵاتە هەمیشە پیشەسازییە بچوک و مامناوەندییەکان فەراهەمی دەکەن.
ئێستا با بگەڕێینەوە بۆ کوردستان، ئایا رەوایە ساڵانە بە ملیۆنان دۆلار سەرمایە بۆ نمونە تەنها بۆ هاوردەکردنی دۆشاوی تەماتەو بەرهەمەکانی ماکەرۆنی، دەچنە دەرەوە، لە کاتێکدا ئەو دو کاڵایە هێندە سادەو ئاسان بەرهەم دەهێنرێن هاونیشتمانییەکی سادەش لە ماڵەوە خۆی دەتوانێت بەرهەمی بهێنێت. کابینەی نۆ دەتوانێت بە پێی چەند رێوشوێنێکی یاسایی و زانستی و ئابوری، هەڵمەتێکی گەورە بۆ دامەزراندن و پاڵپشتیکردن و گەشەپێدانی چەندین پیشەسازی بچوک و مامناوەندی دەستپێبکات، بە تایبەتی ئەو پیشەسازیانەی کە جگە لە دروستکردنی هەلی کار، برەو بازاڕیش بۆ بەرهەمە کشتوکاڵیەکان فەراهەم بکات، بۆ نمونە ئەگەر لە کوردستان ١٠ کارگەی دۆشاوی تەماتە هەبێت بە کوالیتەکی باش پێداویستی ناوخۆ پڕ بکاتەوە، بازاڕەکانی کوردستان پێویستیان بە بەرهەمی دەرەکی نامێنێت، هاوکات جوتیاران دەتوانن بەشێکی زۆر لە زەوی و بەیتە پلاستیکیەکانیان بکەنە بەرهەمی تەماتە، ئەوەش قازانجێکی دیکەیەوە دەبێتە هۆی پاڵپشتیکردنی جوتیارو کەرتی کشتوکاڵ. ئەم هاوکێشەیە بۆ زۆرێک لە شمەک و کاڵاکانی دیکەش هەر راستە، بۆ نمونە ئەو کاغەزو کارتۆنەی وەکو زبڵ و خاشاک دەسوتێنرێ دەتوانرێ بەهۆی پیشەسازی ریسایکلینەوە جارێکی دیکە بکرێتەوە بە کلێنس و کاغەزو کارتۆن و پێویست نەکات بازرگانان ساڵانە بە بەهای ملیۆنان دۆلار کلێنس لە دەرەوە بهێنن و نەزیف بخەنە سەرمایەی نێوخۆیی کوردستانەوە.
لە دونیای مۆدێرن و سیستماتیکدا هەر کابینەیەکی نوێی حکومەت پێکدەهێنرێ، یەکەم گوتارو کارنامەی کابینەکە ئاشکراکردنی ژمارەی ئەو هەلی کارانەیە کە بۆ گەنجەکانی فەراهەم دەکات، شانازی هەر کابینەیەکیش زۆریی قەبارەی ئەو هەلی کارانەیە کە بۆ ئابوری وڵاتی دەڕەخسێنێت، ئەو پرۆسەیەش تەنها یەک رێگەی هەیە کە بریتیە لە دامەزراندن و پاڵپشتیکردن و گەشەپێدانی پیشەسازییە بچوک و مامناوەندییەکانە، کە بەهۆیەوە دەتوانرێت بەشێکی باش لە “نەزیفی چونە دەرەوەی سەرمایە” لە کوردستان رابگیرێت.
* ئامارەکان زانیاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پلان و بەدواداچونە لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان كە پشتی بە داتای وڵاتانی هەناردەكار بەستوە بەشێکی زۆریان لە رێگەی رۆژنامەنوس رەوا عەبدوڵڵاوە بڵاوکراونەتەوە.