Draw Media

كۆنگرەی تەوافوق یان فاتیحا بۆ گیانی یەكێتی

كۆنگرەی تەوافوق یان فاتیحا بۆ گیانی یەكێتی

2019-07-31 11:50:43


+ ژوان ئەحمەد سەعید    

لەوەتەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەیە، هیچ حزبێك بە رادەی یەكێتی كێشەی لەگەڵ كۆنگرە نەبوە، بە جۆرێك كە تەمەڵترین حزبە لە بەستنی كۆنگرە‌و ئەگەر تەمەنی كۆمەڵەی رەنجدەرانیش بە مێژووی یەكێتی حساب بكرێت، ئەوا یەكێتی بە 50 ساڵ تەنیا 3 كۆنگرەی ساز كردوە، تێبینی كۆنگرەكانیش با لەولاوە بوەستێت.
ئێستا كە هیچ پاساو‌و لەمپەرێكی بابەتی بۆ كۆنگرە نەماوە جگە لە كێشە‌و لەمپەرە شەخسی‌و خودیەكانی سەركردایەتی، هەروەها كە داوای سەرەكی كادرانیش تەنیا‌و تەنیا كۆنگرەیە، دەبینین‌و دەبیستین لەسەر ئاستی باڵا باس لە كۆنگرەی تەوافوق دەكرێت، تەوافوق بە مانای قایل بون بە كۆنگرە بە مەرجی پێشوەختی پۆست‌و دەرچون.

ترس لە كۆنگرە!!
زۆرن ئەو لەمپەرانەی لەبەردەمی كۆنگرەی چوارەم هەیە، بەڵام گەورەترینیان لەمپەری ترسە لە كۆنگرە، ترس لە دەرنەچونەوە یان دەرنەچونی دەستەو تەكەتول بە گشتی.
ئەوانەی لە كۆنگرە دەترسن چەند جۆرێكن:
بەشێكیان ئەوانەن كە تا ئێستا كەم چونەتە بەر بێژنگی هەڵبژاردن‌و دیموكراسیەتێكی راستەقینە لە كۆنگرەدا‌و هەمیشە بە دەستەگەری یان تەكەتول‌و لیستی پێشوەخت دەرچون.
بەشێك لەوانە، ئەو كەسانەن كە بە تەسكیە یاخود بە پشتیوانی لە كۆنگرەدا بەبێ هەڵبژاردن پۆستی باڵایان پێ دراوە.
بەشێكیش ئەوانەن كە هێشتا كۆنگرەیان نەبینیوەو وەك تەعین لە مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی دانراون.
بەشێكیش ئەوانەن كە ئەگەر لە مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی دا نەمێنن ئەوا بازرگانی‌و كارەكانیان لە بوارە جیاجیاكان لەدەست دەدەن‌و رۆڵیان نامێنێ‌و كارەكانیان كز دەبێت.
ئەوەی سەیرە، كەسانێك ناویان لەناو پشتیوانانی تەوافوقدا دەهێنرێت، كە دەبوایە ئەوان پێشڕەوی كۆنگرەی بێ تەوافوق بكەن، چونكە هەم خۆیان كەسانی نوێ‌و هەم خاوەن پشتیوانی‌و كایگەرین‌و نابێ ترسیان لە سەركەوتن هەبێت

تەوافوق چارەسەرە یان خۆكوژی؟؟
كۆنگرەی تەوافوق بۆ یەكێتی نەك چارەسەر نیە، بەڵكو خۆكوژی سیاسی یە، چونكە هەر ئەو كۆنگرەی تەوافوقەیە كە كوڕ‌و كچی بەرپرسانی یەكێتی لەجیاتی كادرە سەرەكی‌و چالاكەكان دەباتە هەرەمی سەرەوەو سەرەنجام كادرانیش بێئومێد دەبن لەم حزبە‌و لێی دەكشێنەوە.
یەكێتی لە دۆخێكی مەترسیداردایە، ئێستا هەموو هێزی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی‌و ئۆرگانەكانی یەكێتی بۆ پاراستنی قەوارەی ئێستا‌و دەنگدەر‌و كادرەكانی ئێستایە، بەبێ ئەوەی بیر لە گۆڕانكاریە جەوهەریەكانی ژیانی سەردەم بكەنەوە، بۆیە دەبینین، لەبری ئەوەی بەدوای ئەندام‌و دەنگدەری نوێدا بگەڕێن، تەنیا سەرقاڵی ئەوانەیە كە چەند دەستێكیان كردوە‌و ئەم حزب‌و ئەو حزب دەكەن بۆ پۆست‌و ئیمتیازات‌و ئەوان وەك دیوەخان دەبەنە سەرەوەی هەرەمەكە.

زیانێكی گەورەتری تەوافوق ئەوەیە، كە ئەم تەوافوقە بۆ ئەوەیە لە كۆنگرە قسە لەسەر هەڵە‌و كەمتەرخەمی‌و گەندەڵی‌و لادانە سیاسیەكانی ئەم دەهەیە نەكرێت كە بەرپرسانی یەكێتی سەرقاڵن پێوەی، بەوەش هەڵە‌و كەموكوڕیەكان سەرلەنوێ دیزە بەدەرخۆنە دەكرێن‌و سڕ دەكرێن تا دەورانێكی تر یەكێتی پێوەی بتلێتەوەو هێندەی تر یەكێتی بچوك ببێتەوە. كێشەكانی یەكێتی‌و بچوك بونەوەی یەكێتیش زیانی گەورەتر لە كوردستان‌و بە تایبەت دەڤەری سەوز دەدات وەك زۆریش داویەتی، سەرەنجامیش هەم حزبەكەو هەم سەركردایەتی یەكێتی یش توشی ئاستەنگی گەورە دەكات‌و دور نیە زۆنەكەی بە تەواوی لەدەست بچێت‌و لە خودی سلێمانیدا یەكێتی پاشەكشە بكات بۆ دوای ئیسلامیەكانیش.

چارەسەر
تاكە چارەسەر كۆنگرەیەكی ئازاد‌و گۆڕانكاری‌و دور لە گزی‌و تەكەتول‌و لیست لیستێنەیە، كۆنگرەیەك كە لە پاڵ كەسانی كارا‌و خاوەن پێشینە‌و ئەزمون ( ئەوانەی لە بازرگانی‌و گەندەڵیەوە نەگلاون) تێكەڵ بە نەوەیەكی نوێی سیاسی بكات تا یەكێتی بباتەوە ئەو ئاستەی شایستەی خەباتیەتی.
كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی پێویستە وەك كۆنگرەی دامەزراندن لێی بڕوانرێت، چونكە پێویستە كۆنگرەیەك بێت كە دوای 28 ساڵ لە كۆتایی خەباتی شاخ، یەكێتی بپەڕێنێتەوە بۆ حزبێك كە روئیا‌و دونیابینی‌و ستراتیژی هەبێت بۆ حوكمڕانی‌و خزمەت كردنی خەڵك، بیكاتە حزبێك كە تەنیا كاری بەیاننامەو دەستواژە‌و ڕستە شۆڕشگێڕیەكان بەكارنەبات بۆ جولندنی سۆز، بەڵكو حزبێك بێت بە بارتەقای قوربانی‌و خەباتەكەی، خزمەتی خەڵك بكات‌و بەوەش بۆڕی ڕكابەرانی بدات نەك بە خەوتن لەسەر چەكە گوڵی سەركەوتن.
بەڵام ئەگەر بڕیار بێت یەكێتی كۆنگرەی تەوافوق بكات، یان هەر بڕیارتان داوە كۆنگرە بە شەرتی چەقۆی دەرچونەوە بكەن، ئەوا لە ئێستاوە فاتیحە بۆ گیانی یەكێتی بخوێنن‌و سەرقاڵی بازرگانی ببن‌و دوو فلسی تر پەیا بكەن تا لە رۆژی رەشی هەلاتن فریاتان بكەوێ، چونكە دڵنیام خەڵك چیتر یەكێتی بەم بەرگەی ئێستاوە ناوێت‌و رۆژ لە دوای رۆژ دور ئەكەونەوە لە یەكێتی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand