Draw Media

ئیتر قسه‌ مه‌كه‌، تكایه‌!

ئیتر قسه‌ مه‌كه‌، تكایه‌!

2019-07-30 06:20:04


+ سه‌ردار عه‌بدوڵا   


ماوه‌یه‌كه‌ كۆمه‌ڵه‌ هاوڕێیه‌كی خۆشه‌ویست كه‌وتونه‌ته‌ نوسین و بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ندێك بابه‌ت كه‌ باس له‌ كێشه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌كات. هه‌ڵبه‌ته‌ قسه‌كردن، ره‌خنه‌گرتن، وتنی راستییه‌كان، مافی هه‌ر كه‌سێكه‌.. به‌ڵام ده‌بێ له‌پێشدا ئه‌وه‌ ساغ بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئایا بۆ قسه‌ ده‌كه‌ین، به‌ چ مه‌به‌ستێك قسه‌ ده‌كه‌ین؟ لێره‌شه‌وه‌ ئه‌م بۆچونه‌ موته‌وازیعانه‌م‌ ته‌نها ڕوو له‌ یه‌ك هاوڕێی ئازیز ناكه‌ن، كه‌ دڵنیام چه‌ندی خۆشده‌وێم، دڵنیاشه‌ كه‌ چه‌ندم خۆشده‌وێ، به‌ڵكو بۆ هه‌مو هاوڕێ ئازیزه‌كانمه‌ كه‌ كاری سیاسییان كردوه‌ و ده‌كه‌ن، به‌شێك بون له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، له‌ پۆست و پایه‌ی به‌رز و كاریگه‌ردا بون.
وه‌ك وتمان با له‌پێشدا ئه‌وه‌ ساغ بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌ چ مه‌به‌ستێك قسه‌ ده‌كه‌ین. ئایا چۆن ده‌توانین مه‌به‌ستمان له‌ پشت وتنی قسه‌یه‌كه‌وه‌ دیاریی بكه‌ین؟ هه‌ڵبه‌ته‌ ده‌بێ بزانین قسه‌یه‌ك كه‌ی ده‌یكه‌ین؟ له‌كوێی ده‌كه‌ین؟ به‌ چ وه‌سیله‌یه‌ك ده‌یگه‌یه‌نین؟ لێره‌وه‌ لایه‌نێكی دیكه‌ی یه‌كجار گرنگی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌خه‌مه‌ڕو، كه‌ باڵاتره‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی ناسینی مه‌به‌ست و غه‌ره‌زی پشت قسه‌یه‌ك، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆر جار باشترین پێشنیار و پرۆژه‌ سه‌ر ناگرن ، چونكه‌ له‌ كاتی خۆیدا و له‌شوێنی گونجاوی خۆیدا و به‌و وه‌سیله‌یه‌ ناگه‌ینرێن كه‌ ببێته‌ مایه‌ی وه‌رگرتنیان، به‌ڵكو ئامانجێكی پێچه‌وانه‌ش ده‌پێكێ.
له‌و سۆنگه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌، داوا له‌ هه‌مو ئه‌و هاوڕێ ئازیزانه‌ ده‌كه‌م كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ به‌رده‌وامن له‌م نوسینانه‌، دیقه‌ت بفه‌رمون له‌و پرسیارانه‌ی سه‌ره‌وه‌: ئایا بۆ له‌م كاته‌دا ئه‌م قسانه‌ ده‌كه‌ن؟ له‌ چ شوێنێكی ده‌كه‌ن؟ بۆ له‌ میدیا و فه‌یسبوك ده‌یكه‌ن؟ له‌ دواییشدا ده‌تانه‌وێ به‌م كاره‌ چ مه‌به‌ستێك بپێكن؟
هه‌ڵبه‌ته‌ گومان له‌كه‌س ناكه‌م، مافیش به‌خۆم ناده‌م كه‌ بوختان بۆ كه‌س بكه‌م، بڕواشم به‌و فه‌رموده‌یه‌ی حه‌زره‌تی مه‌سیح هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێ : "دوژمنه‌كاینشت خۆشبوێ". ئه‌مه‌ چ جای ئه‌وه‌ی ئێوه‌ هاوڕێ و برای خۆشه‌ویستمن. هاوكاتیش ئه‌وه‌ی رێگریی ڕه‌هام لێده‌كات ئه‌مجۆره‌ كارانه‌ بكه‌م، تێگه‌یشتن و بڕوای بێ پێچوپه‌نا و مه‌بده‌ئیانه‌ی خۆمه‌ بۆ سیاسه‌ت كه‌ به‌مجۆره‌ی پێناسه‌ ده‌كه‌م و ده‌یان جاریش رامگه‌یاندوه‌ كه‌ "سیاسه‌ت له‌سه‌ر هه‌ردو پایه‌ی ئه‌خلاق و عه‌قڵ وه‌ستاوه‌، هه‌مو سیاسییه‌كیش ده‌بێ هه‌ڵگری هه‌ر سێ خه‌سڵه‌ته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی بێت، كه‌ بریتین له‌: راستگۆیی، ئازایه‌تی، خۆشه‌ویستی".
ئه‌م دۆخه‌ی ئێستای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، خۆی هۆ نیه‌، به‌ڵكو ده‌ره‌نجامه‌. ده‌ره‌نجامی كه‌ڵه‌كه‌بونی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ و به‌تایبه‌تیش نه‌فه‌سی شه‌عبه‌وییه‌ له‌ گوتار و ره‌فتاردا. لێره‌دا به‌ پێویستی ده‌زانم ئه‌و وته‌یه‌شم وه‌بیرتان بێنمه‌وه‌، كه‌ ده‌مگوت "شه‌عبه‌ویه‌ت له‌ گه‌نده‌ڵی ترسناكتره‌". كه‌ ئه‌و گوتار و ره‌فتاره‌ شه‌عبه‌وییه‌ سه‌رده‌مانێك شه‌قڵی سه‌ره‌كی زۆر له‌ هاوڕێیان بو، به‌شێك له‌ ئێوه‌ی به‌ڕێزیش، نه‌ك هه‌ر موماره‌سه‌تان ده‌كرد، بگره‌ وه‌ك سیمبولی ئه‌و قۆناغه‌ هه‌مو شتێكیان قۆرخ كردبو. به‌شێك بون له‌ په‌لاماردان و تاوانباركردنی عه‌قلانییه‌ت و به‌مجۆره‌ش بون به‌هۆی داڕشتن و پیاده‌كردنی ده‌یان سیاسه‌ت و بڕیاری هه‌ڵه‌، كه‌ به‌داخه‌وه‌ به‌شێكیان هه‌ڵه‌ی ستراتیژی بون.
ئه‌و كاته‌ی پێویست بو قسه‌ بكه‌ن، و ته‌نها له‌ ناو ئۆرگانه‌كانی بزوتنه‌وه‌كه‌دا، یان به‌ دۆستانه‌ و شێوازی حیزبییانه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێكانتاندا قسه‌ بكه‌ن، نه‌ك هه‌ر نه‌تانكرد، به‌ڵكو به‌شێكتان ئه‌و دۆخه‌ی ده‌قۆسته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌و رێگه‌یه‌وه‌ خۆی به‌رێته‌ پێشه‌وه‌. هه‌ندێكتان بون به‌ به‌شێك له‌ پرۆسه‌ی ترسناكی سه‌ركوتكردن و بێده‌نگكردنی ئه‌و ده‌نگانه‌ی ده‌گمه‌نانه‌ی، موماره‌سه‌ی پرۆسه‌ی ره‌خنه‌یه‌كی عه‌قلانی كه‌ به‌شێوازی ئوسوڵی و ئه‌خلاقی حیزبی دور له‌ هه‌ڵڵای شه‌عبه‌ویانه‌ی سه‌ر میدیا و فه‌یسبوكیان ده‌كرد.
ئه‌گه‌ر ئه‌و كاته‌ دور له‌ گوتاری شه‌عبه‌وی فه‌یسبوك و به‌ شێوازه‌ حیزبی و ئه‌خلاقییه‌كه‌ی قسه‌تان بكردایه‌، دڵنیا بن كه‌ ئێستا بزوتنه‌وه‌كه‌ به‌م حاڵه‌ نه‌ده‌گیشت و به‌شێكی جه‌ماوه‌ره‌ ئازا و ڕاستگۆ و خۆنه‌ویسته‌كه‌ی زویر نه‌ده‌بو.. به‌ڵام ئه‌و كاته‌ نه‌ك هه‌ر قسه‌تان نه‌كرد، بگره‌ هه‌ندێكتان به‌شی سه‌ره‌كی پرۆسه‌ی به‌ مێگه‌لكردنی گوتار و سیاسه‌تی شه‌عبه‌وی بون، لێره‌شه‌وه‌ ئێوه‌ پشكی سه‌ره‌كیتان به‌رده‌كه‌وێ ئه‌گه‌ر لێپرسینه‌وه‌یه‌كی بابه‌تی و ئه‌خلاقی مومكین بێت.. ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا بزوتنه‌وه‌كه‌ و كوردستان و تێكچونی كاره‌ساتاویی بنه‌ما و سروشتی سیاسه‌تیش له‌م نیشتمانه‌دا، ئێوه‌ ڕۆڵی گه‌وره‌تان تێدا هه‌بوه‌.
له‌ دواییشدا به‌ پێویستی ده‌زانم، دوا قسه‌م ئاراسته‌ی خه‌ڵكی كوردستان و به‌تایبه‌تیش جه‌ماوه‌ر و ده‌نگده‌رانی ئازا و دڵسۆز و خۆنه‌ویستی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بكه‌م:
ئازیزان، سه‌رده‌مانێك هه‌ندێك له‌م به‌ڕێزانه‌ به‌شێكی سه‌ره‌كی پرۆسه‌ی چه‌واشه‌كردنتان بون، ئێوه‌ش له‌به‌ر پاكیی و په‌رۆشیی و گه‌وره‌ییتان، بڕواتان پێكردن، هه‌ربۆیه‌ ئێستا كه‌ دۆخه‌كه‌ به‌مه‌ گه‌یشتوه‌، جۆرێك له‌ شۆكتان توش بوه‌، كه‌ ئه‌مه‌ كارێكی باشه‌ ئه‌گه‌ر:
١- ببێته‌ مایه‌ی په‌ندوه‌رگرتن.
٢- نه‌بێته‌ مایه‌ی دوباره‌ شوێنكه‌وتنی هه‌ڵایه‌كی تازه‌ی شه‌عبه‌ویانه‌ كه‌ ده‌یه‌وێ مێگه‌ل ئاسا، وات لێبكات نه‌وێری ته‌نانه‌ت بیر له‌ گوتاره‌كه‌شیان بكه‌یته‌وه‌، ئه‌گینا لیسته‌ ئاماده‌كه‌یان له‌ جنێو و بوختان و ته‌شهیر، وه‌ك جبه‌خانه‌یه‌كی ترسناك له‌سه‌ر پێیه‌ كه‌ وێرانت بكات.
ناچارم بێژم، كه‌ به‌شێك له‌م به‌ڕێزانه‌ی ئێستا قسه‌ ده‌كه‌ن له‌ قۆناغی تردا هه‌ڵوێستی خۆنه‌ویستییان به‌ ئێوه‌ فرۆشت و گوتیان: ئێمه‌ له‌ فڵان پۆست و پرۆسه‌ی وه‌ده‌ستهێنانی پۆست ده‌كشێینه‌وه‌. به‌داخه‌وه‌ كه‌ ڕاستییه‌ تاڵه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كاتی خۆی (موقایه‌زه‌) یه‌كیان خرایه‌ پێش، كه‌ ئه‌گه‌ر ئێستا بكشێیته‌وه‌، دواتر فڵانه‌ پۆستت ده‌دینێ، ئه‌مانه‌ش یه‌ك و دوان نین، بگره‌ زۆرن.
له‌مه‌ش خراپتر، هه‌ندێك له‌م ئازیزانه‌ ده‌یانه‌وێ دیسانه‌وه‌ چه‌واشه‌تان بكه‌نه‌وه‌، به‌وه‌ی كه پرۆسه‌یه‌كی جیاكاریی دور له‌ راستیی موماره‌سه‌ ده‌كه‌ن، به‌ هه‌وڵدانی پاككردنه‌وه‌ و به‌ فریشته‌ ناساندنی هه‌ندێك ناو و كه‌سی پێشتر له‌ بزوتنه‌وه‌كه‌تاندا بون.. تكایه‌ ئازیزان، رێگه‌یان مه‌ده‌نێ جارێكی تر چه‌واشه‌تان بكه‌نه‌وه‌.. لێره‌دا ئه‌و پێوه‌ره‌شم دوباره‌ وه‌بیر ئه‌و هاوڕێ ئازیزه‌ قسه‌كه‌رانه‌ دێنمه‌وه‌ كه‌ "نائه‌خلاقیترین كاری سیاسییه‌ك ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵك چه‌واشه‌ بكات، چونكه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌‌ متمانه‌ی به‌نرخی خۆی پێ به‌خشیوه‌".
ئازیزان، ئه‌و خه‌ڵكه‌ له‌به‌ر گێلیی نیه‌ متمانه‌ی پێ به‌خشیون و بڕوای پێكردون، به‌ڵكو له‌به‌ر گه‌وره‌یی و راستگۆیی و میهره‌بانییه‌تی.. چۆن دڵتان هات چه‌واشه‌یان بكه‌ن.. داخۆ ئاخر چۆن دڵتان دێ ئێستاش له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی هه‌وڵی چه‌واشه‌كردنه‌وه‌ی بده‌نه‌وه‌؟ 
ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر پرسیاره‌كانم سه‌باره‌ت به‌ مه‌به‌ستی قسه‌‌كردن و ده‌ڵێم:
ئازیزان، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستتان چاككردنی كێشه‌ و گرفت و رێگرتن له‌م دۆخه‌ بوایه‌، ئه‌و كاته‌ قسه‌تان ده‌كرد كه‌ پێویست بیكه‌ن، به‌ شێوازی ئوسوڵی حیزبی و له‌ ناو ئۆرگانه‌كاندا قسه‌تان ده‌كرد، روبه‌ڕو و دۆستانه‌ قسه‌تان ده‌كرد، نه‌ك له‌سه‌ر فه‌یسبوك.. به‌ڵام كه‌ ئێستا پاش گه‌یشتنی بزوتنه‌وه‌كه‌تان به‌م دۆخه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن، دور له‌ ئوسوڵی حیزبی قسه‌ ده‌كه‌ن، له‌سه‌ر میدیا و فه‌یسبوك قسه‌ ده‌كه‌ن، هه‌ڵبه‌ته‌ ده‌كرێ هه‌ر مه‌به‌ستێكی دیكه‌تان هه‌بێ جگه‌ له‌ چاكسازیی.. ئه‌م قسه‌كردنه‌ی ئێستاتان، هێنده‌ی ئه‌و بێده‌نگیی و ته‌نانه‌ت بێده‌نگكردنه‌ی‌ جارانتان، خراپ و ترسناكه‌.
لێره‌وه‌ به‌وپه‌ڕی په‌رۆشییم بۆ نیشتمان و هاونیشتمانانی سه‌ربه‌رزی وڵاته‌كه‌مان، زۆر دۆستانه‌ به‌ یه‌ك به‌ یه‌كتان ده‌ڵێم:
هاوڕێی ئازیزم،
ئیتر قسه‌ مه‌كه‌، تكایه‌!

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand