هەفتانەی هەڵمەتی هەڵبژاردن
2018-04-18 10:10:51
لاوك سەڵاح
١. لە کوردستان ٣ ملیۆن و ١٤٤ هەزار و ٧٣٠ کەس مافی دەنگدانیان هەیە و ٢٥ لایەن خۆیان تۆمارکردووە، ١٩ یان پارتی سیاسیین و ٤ یان هاوپەیمانن و ٢ کەس وەک سەربەخۆ خۆیان هەڵبژاردووە. ژمارەی کاندیدەکان ٥٠٣ کەس دەبن، ٣٥٧ لە رەگەزی پیاون و ١٤٦ ئافرەتن. کوردستان ٤٦ کورسی لە پەرلەمانی داهاتوودا هەیە: ١٦ بۆ پارێزگای هەولێر کە یەکێکیان کۆتایە بۆ مەسیحییەکان، ١٨ بۆ پارێزگای سلێمانی، ١٢ بۆ پاریزگای دهۆک کە کورسیەکی بۆ مەسیحیەکانە.
٢. کورسیەکانی پارێزگای سلێمانی وەک نموونە وەربگرە: چەند لە کورسیەکان بۆ سەرۆک لیستەکانە؟ چەندی بۆ ئافرەتە؟ وچەند کورسی بۆ ئەوانەی دیکە دەمێنێتەوە تا پێشبرکێ بکەن؟ کێ زۆرینە دێنێت، ئەگەر بێت! رەنگە بۆ هەندێ لایەن ئەم هەڵبژاردنە گرنگ نەبێت، کە من پێم وایە هەڵەیەکی کوشندەیە، لانی کەم، ئەم هەڵبژاردنە رێخۆش دەکات بۆ هەڵبژاردنی کوردستان وچاکردنەوەی ئەو هەڵانەی لەم هەڵبژاردنەدا روودەدەن. شادەماری ژیانی کوردستان، بەداخەوە، ئەو بودجەیە کە لە بەغداوە دێت. هەر کاتێک سەرچاوەیەکی تریان دابین کرد قسەیەکی ترمان دەبێت.
٣. من پێموایە، بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگ بۆ ئەم هەڵبژاردنە پشت دەبەستێت بە هەندێ هۆکاری سەرەکی: کێ نوێنەرایەتی کێ دەکات وتوانای چییە؟ وکێ چی پێیە بۆ ئەوەی دروشمی سیاسی بکاتە کردەیەکی رۆژانەی عەمەلی ئاسایی، واتە ئەوەی لە رۆژانی حەماسەتی هەڵبژاردندا هاواری بۆ دەکات دەتوانێت دواتر پاش هەڵکێشانی هەناسەیەکی قووڵ دروشمەکان بکاتە پرۆژە و جێبەجێیان دەکات نەوەک لە نیوەی رێگا پارەکەی نامێنێت و بۆ شوێنێکی دیکە دەبرێت. بەداخەوە هەموو قسەکانی خۆیان وەک کۆپی و پەیست "copy and paste" ،بەبێ رۆح، دەڵێنەوە، هەلێکی باشە بۆ ئەوەی، ئەوەی جیاوازە لەناوعەیامەکەدا دەرکەوێت.
٤. ئەوەی خەرمانێکی بیانکردووە، ئەوەی تیمەکانی لە بە ئەزموون و بێ ئەزموون تێکەڵ دەکات، ئەوەی هێشتا شیرازەی هەیە، بەمەنتق بێت، دەبێت ئەو زۆرینە بێت. ئەوەی هەڵەی ستراتیژی کردووە، ئەوەی شەکەت وهیلاکە حەقە خۆی بە بێدەنگی وازبێنێت و خەریکی بیانکردنەوەی خۆی بێت بۆ ساڵانی داهاتوو.
ئەمەش خەونێکی دیکە....